$زەنگە ترسناکەکان$
#سیروان ڕەحیم#
#23-02-2020#
کەرامەتی مرۆڤ پارێزراوە لە ڕێبەزی و دەستدرێژیکردنەسەر. ڕێزگرتن و پاراستنی ئەو کەرامەتە ئەرکی هەموو هێزەکانی دەوڵەتە.
یەکەم مادە لە دەستووری کۆماری فیدراڵی ئەڵەمانیا
گەیشتن بەو ئەنجامە و دەستەبەرکردنی ئەم سیستەمی بەڕێوەبردن و شێوازی پێکەوەژیانە، بەرهەمی ڕۆژگارێکی درێژ، بەرەنجامی ئەزموونی تاڵ و شیرین، هەروەها بەرهەمی چەندین بیرمەندی ڕۆشنکار و خەڵکێکی هۆشیارە.
سەرباری هەموو ئەو وێستگە گرنگانەی مرۆڤ بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و پێکەوەژیان پێیانگەیشتووە، بەڵام هێشتا چەندین بۆشایی و کەلەبەری گەورە و ترسناک هەن. کەلەبەری وەها ژەهریان لێ دێتە ژوورەوە بۆ نێو جڤات، جڤاتێک کە ئەو ژەهرەی ناوێت و ئامادە نییە وەریبگرێت.
وەکو ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا خاتوو مێرکڵ پاش ڕووداوەکەی هاناو وتی: ڕەگەزپەرستی ژهرە. ڕقهەڵگرتن ژەهرە.
ئێستا ئەڵەمانیا ڕووبەڕووە لەگەڵ ئەو ژەهرە کوشندەیە.
ڕووداوەکانی هالە، درێسدن، کەمنیتز، هاناو، نموونەی ئەو ڕووبەڕووبوونەوە ترسناکەن کە ئەڵەمانیا دەبێت بەرگری لێبکات و پرسیاری گرنگیش ئێستا لە ئەڵەمانیا، لە ناوەندی بەڕێوەبردن و لە کن یارانی پێکەوەژیان ئەمەیە:
چۆن شەڕی ڕەگەزپەرستی و تیرۆری ڕاستڕەوان بکەین؟
کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو و دەستبۆنەبراوە. ئەڵەمانیا بەو ڕستەیە، بەو مادەیەی دەستوور، بەو پاراستنی کەرامەتە شەڕی تیرۆر و ڕەگەزپەرستی دەکات. ئەڵەمانیا پڕچەکە و پشتئەستوورە بە هێزێک کە نابەزێت. هێزی ئاوەز، مرۆڤویستی و پێکەوەهەڵکردن.
کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو و دەستبۆنەبراوە. ئەمە ڕستەی نێو پەڕتووکێکی ئایینی نییە، جا هەر ئایینێک بێت، بار و بارگاوی بکرێت بە دەیان شیرکردنەوە و تەفسیر. ئەم ڕستەیە هەڵگری یەک واتا، هاوکات یەک ئامانجە، ئەویش مرۆڤە، مرۆڤ ئیتر هەر ناسنامەیەکەی هەبێت، یان هەر ڕەنگ و دنیابینینی و یاخود هەر ئایینێکی هەبێت یان هەر نەیشیبێت. پاراستنی مرۆڤ، دڵنیایی و تەناهی مرۆڤ، ئیتر بەرەو کوێ هەنگاو بنێت، مرۆڤ ئازادە:
هەنگاوەکانی بەرەو دێر دەچن، بەرەو مزگەوت بەڕێوە بێت، یاخود بەرەو سیناگۆک، ئازادە، گاپەرست بێت یان هاوڕەگەزباز.
لە چوارچێوەی ئەو بەندەی دەستووری ئەڵەمانیادا هەر هەموو ئەو مرۆڤانە بە یەکسانی پارێزراون. هەموو ئەو ڕێگایانە ڕێگەی ڕاست و درووستن، بە مەرجێک نەبن بە هۆکاری هێرشکردن بۆ سەر ئازادی و دنیابینی ئەوانی دیکە. ئازادی تەواو تاکوو سنووری کەرامەتی ئەوی دیکە دەستەبەرە. ئەم پێگەیشتنە، ئەم دەستکەوتە سەبارەت وەکهەڤی و پێکەوەهەڵکردن، بەرهەمی ساڵانێکی درێژ، بیرکردنەوەی قووڵ، سیستەمی پەروەردە و پێگەیاندنە. نە بە سانایی درووستبووە و نە بە سانایی هەرەس دەهێنێت.
لە شارێکی یەک ملیۆنیی وەکوو کۆڵن (ئەڵەمانیا) ژمارەی مزگەوت لە ژمارەی کڵێسەکانی شارێکی 17 ملیۆن کەسیی وەکوو ئێستانبوڵ زۆرزۆرترن. لە ئەڵەمانیا ئایین، کولتوور و زمانی جیاواز وەکوو توخمی فرەیی و بەهێزی دەبینرێن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەڵەمانیا پابەندە بە دەستوور، نرخی ئینسانی و بنەماکانی خۆیەوە. دەستبەرداریان نابێت. بۆیە شەڕکردن یان بەرگری و خۆپاراستن، خەڵک و وەڵات پاراستن لە هێرشی توندڕەوان، لە ڕەگەزپەرستان و لەو ژەهرانەی لە ئاستە باڵاکانی وەڵاتدا ئاماژەیان پێدەکرێت، ئەرکی سەرەکی و بەردەوامە. ئەڵەمانیا پابەندە بەنرخە جوانەکانی خۆیەوە. لێرەدا ئەڵەمانیا و دەنگە گرنگەکانی وەڵاتەکە، ئەوانەی لە دژی ڕەگەزپەرستی، پەلاماردان و بێگانەنەویستین، یارمەتیی پەنابەرانیان پێویستە، هەڵبەتە داوایەکی وەهایان نەکردووە، بەڵام پەنابەران بە ڕێزی خۆیان لە کولتوور، لە زمان و ئەو نرخە دیمۆکراتیانەی وەڵاتەکە، دەبێت بە کاری گەورەی پێکەوەیی لەپێناوی جوانترکردنی ئەوەی کە هەیە.
ئەڵەمانیا هی هەمووانە، وەڵاتی هەموو ئەو مرۆڤانەیە ڕێز لە خۆیان، لە دەوروبەر، نرخەکانی میهرەبانی و پێکەوەهەڵکردن دەگرن.
ئەڵەمانیا وەڵاتێکی بەهێز و پتەوە. لە ڕووی پێکهاتە، هزراندن، دنیابینی دیمۆکراتیانە و مرۆڤدۆستییەوە، زەنگە ترسناکەکانی هالە، درێسدن، کەمنیتز، هاناو نایترسێنن، وەکوو ئەڵەمانەکان خۆیان دەڵێن: ئەو دەرفەتە نادەین بە کەسانی ڕەگەزپەرست و توندڕەو بمانترسێنن. ناترسێن، ناشڵەژێن و ناکەون. ئەوەی ئێستا هەیە و دەیکەن، گرتنەبەری ڕێکاری گرنگ و پێویستە، کە دەبێت و پێویستە بیکەن، نەک ترس و شڵەژان.
نەخێر ئەو زەنگە ترسناکانە نابێت ئەم سەرزەمینە جوانەی پێکەوەژیان وێران بکەن. ئەگەر وەڵاتانی وەکوو ئەڵەمانیا و ئەوانی دیکەی ئەوروپا بەم جوانی و نرخانەوە ئامادە نەبان، دەبوو ڕووبەری ئەو دۆزەخە چەند فراوانتر و ترسناکتر با کە ئیمڕۆ لە زۆر شوێنی ئەم ئەستێرەیە مرۆڤی گیرۆدەی توندڕەوی، ڕەگەزپەرستی، پەلاماردان، هەژاری و نادادپەروەری کردووە؟
وەڵاتێک، سیستەمێکی بەڕێوەبردن سەرمایەی خۆی لەسەر پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ هەڵچنیبێت، ناکەوێت. [1]