$گۆشتاوی PKK$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#18-11-2014#
لە میدیای کوردی و تورکیدا دەنگۆی بڕیاردان لەسەر چەکدانانی PKK هەروا گەرمتر دەبێت. پەروین بوڵدان، کە بەهاری ڕابردوو پەیامی ئۆجەلانی لە شاری #ئامەد# بە زمانی کوردی خوێندەوە و چاوەڕوان دەکرا بڕیاری چەکدانانی PKKی تێدابێت، دیسان هاتووەتەوە ناو ناوان و دەڵێت ڕەنگە بەهاری داهاتوو ئۆجەلان بڕیارەکە بدات. ڕەنگە هەبن وا تێبگەن ئەو بڕیارە عاقڵانە نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو بڕیارە بدرێ و نەدرێ شتێکی وا لە ئاییندەی PKK ناگۆڕێت.
هەفتەی ڕابردوو لە باکووری کوردستان بووم. لەسەر شەقامێکی شارۆچکەی جزیرێ مێردمنداڵێک پڕ بە گەرووی گۆرانییەکی بۆ پێداهەڵدانی گەریلا بۆ خوێندم. دەر و دیواری جزیرێ و سلۆپی هەمووی یەک وشەی لێ نووسرابوو، ئەویش ئاپۆ بوو. ئەفسەرێکی میتی تورکی لەسەر سنوور باسی یەکێتیی کوردانی بۆ دەکردم و شانازیی بەوەوە دەکرد کە لەگەڵ ئۆجەلان خەڵکی یەک ناوچەن، هەروەها بە سەرۆک ناوی دەهێنا. لەوێ کەسم نەبینی بیشارێتەوە کە هەواداری PKKیە و بەپێچەوانەوە گەنجان لەسەر شەقام ئۆتۆمبێلی پۆلیس یان سوپایان، گوللە یان بەردباران دەکرد.
سەرۆکی شارەوانی جزیرێ کچێکی گەنج بوو کە وەک باسیدەکەن باوکی گەریلا بووە و چەندین ساڵ پێش ئێستا شەهیدبووە. واتە لە باکووری کوردستان بەکردەوە لە زۆر شوێن دەسەڵات لەدەست PKKدایە و چەکەکانیشی لەناو شارەکاندان.
لە ڕەوشێکی وادا ئەگەر بڕیار لەسەر چەکدانانی گەریلاکانی PKK بدرێت چی دەگۆڕێت؟ پێش هەموو شتێک پرسیار ئەوەیە کە کێ گەریلایە؟ بێگومان #شەڕڤان#انی #یەپەگە# و #یەپەژە# لە ڕۆژاوای کوردستان تێکەڵی گەریلا ناکرێن. گەریلا ئەوانەن کە یان لە باکووری کوردستان چەکیان بەدەستەوەیە یان لە #قەندیل#. ئەگەر هات و ئەو دوو گرووپە چەکیان دانا، بەو مانایە نایەت کە ئیدی PKK، بەو پێکهاتە تێکچڕژاو و ئاڵۆزەی، چیدیکە چەکداری نییە.
ڕەوشی PKK وەکوو چوار ساڵ پێش ئێستا نییە و تەنیا پەنای سەرکردایەتیی PKK قەندیل نییە. ئێستا لە ڕۆژاوای کوردستان فڕۆکەی ئەمریکایی و هاوپەیمانانی پشتیووانی لە شەڕڤانان دەکەن. سێ کانتۆن هەن کە ڕەوشێکی دیفاکتۆیان هەیە و هەمووان ناچارن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. هەروەها واشنتن نایشارێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی PKK لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانییدایە، بەڵام PYD هەمان مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت. ئێستا ئەمریکا لە کەیسی PKKدا گۆشتەکە ناخوات، بەڵام ئیشتیهای لە گۆشتاوەکە هەیە.
زۆر کەس دەڵێن مانەوەی گەریلا گەرەنتییە بۆ ئەوەی حکومەتی تورکیا ڕێگە بدات کورد لە پەڕڵەمانی تورکیادا نوێنەری هەبێت و سەرۆک شارەوانیی سەر بە PKK هەبن. ئەمە جاران ڕاست بوو، بەڵام ئێستا چیدیکە مانای نەماوە. چونکە وەک گوتم تا شەڕڤان بمێنن، گەریلا بەکردەوە چەکی دانەناوە. هەروەها دەنگی هەوادارانی PKKیش لە باکوور بێمنەت و زوڵاڵە.
گریمان PKK چەکی دانا و بەدوایدا پارتە سێبەرەکەی لە باکوور داخرا. ئەمە بەمانای کۆتاییهاتنی PKK نییە و دەوڵەتیش هەنگاوی وا ناعاقڵانە ناهاوێت. چونکە دەزانێت لە یاساکانی تورکیادا بەشی ئەوە کەلێن هەیە کە پارتێکی نوێ بە ناو و سەرکردایەتییەکی نوێوە درووستبێتەوە. PKKیش ئەمە دەزانێت و لەئێستاوە حیزبێکی ناو گریسی بۆ ئەوکات ئامادەکردووە. [1]