توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، خاوکردنەوەی قژ بەو بەرهەمانەی پێکهاتەی کیمیاییان تێدایە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر توانای وەچەخستنەوە لە خانماندا درووستدەکات.
توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلۆرادۆ لە ئەمریکا بە هاوبەشیی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندرووستیی ئەمریکا دەریدەخات، قژخاوکەرەوە کیمیاییەکان مەترسیی تووشبوون بە نەزۆکی لە خانماندا زیاد دەکەن، بەهۆی بوونی مادەی کیمیایی ژەهراویی لەنێو بەرهەمەکاندا.
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی 11 هەزار خانم بەکارهات و دەرکەوت، ئەو خانمانەی ڕەشپێستن یاخود گەنمین زۆرتر کاریگەریی مادە کیمییایەکانی نێو قژخاوکەرەوەکانیان لەسەرە.
د. لاورین وایس، پسپۆڕی پەتازانی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''مادەکانی وەکوو فینۆڵ، تاڵەیت و پارابینەکان لە بەرهەمەکانی جوانکاری بەکاردەهێندرێن کە زۆر بەکارهێنانیان زیان بە تەندرووستیی دەگەیێنێت، بە جۆرێک مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و هەستیاری زیاد دەکەن.''
لە کۆتاییدا لاورین وایس ڕێنوێنیی خانمان دەکات، بە بڕێکی کەم قژخاوکەرەوە کیمیاییەکان بەکاربهێنن. لەبارەی خانمانی دووگیانیش دەڵێت: ''نابێت لە ماوەی دووگیانیدا کیراتین و سەرجەم مادە کیمیاییەکان بۆ خاوکردنەوەی قژ بەکاربهێندرێت، چونکە لەوانەیە کەمێک لە مادە کیمیاییەکان بگەنە کۆرپەلە و زیانی پێ بگەیێنن.''
قژ خاوکەرەوە کیمیاییەکان لە شێوەی کرێم یاخود گیراوە بەردەستن و ڕۆڵیان هەیە لە خاوکردنەوەی قژ، چونکە پڕۆتینی پێکهاتەی قژە لوولەکان تێکدەشکێنێت و وایان لێدەکات بۆ هەمیشە بە خاوی بمێننەوە.
بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندرووستیی ئەمریکا، زۆر بەکارهێنانی قژخاوکەرەوە کیمیاییەکان 30٪ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و 60٪ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاد دەکات. [1]