ناونیشان: ئێراق لەسەر پشتی کەڵەکێکی لەرزۆک!
نووسەر: #عادل باخەوان#
ڕۆژی دەرچوون: #27-07-2023#
پێش خوێندنەوەی ئەم وتارە، پێناسەیەکی کەڵەک گرنگە. لە زمانی کوردیدا، کەڵەک چەند مانایەکی هەیە و بە چەندین شێوە پێناسە کراوە. ئێمە یەکێک لەو پێناسانە وەردەگرین کە کەڵەک بەم شێوەیە دەناسێنن: چەند دارێکە دەبەسترێن بە چەند کوندەیەکی گەورەی فوو دراوە و لەناو ئاودا بۆ پێ پەڕینەوە و ھاتووچۆکردنی بەکاردەهێندرێت. خاڵی لاوازی ئەم کەڵەکە ئەوەیە کە هێندە لەرزۆکە، لە هەر چرکەیەکدا دەکرێت بڕووخێت بەسەر یەکدا و سەرنشینەکانی لە ڕووبارەکەدا نقووم ببن، ڕێک وەکوو ئەو دۆخەی کە ئێستا و ئێرەی ئێراقی تێدایە. کەڵەکەکەی ئێراق لە هەر ساتەوەختێکدا دەکرێت بەسەر یەکدا بڕووخێت و تەواوی سەرنشینەکانی نقووم ببن.
=KTML_Bold=سەرەتا=KTML_End=
بە درێژایی هەفتەی ڕابردوو، ئێراق هاتەوە نێو پەراوێزەکانی دەرکەوتنی میدیاکانی جیهان و پەراوێزەکانی گفتوگۆی ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی. دەڵێم پەراوێزەکان، چونکە ماوەیەکی کەم نییە کە چیدی ئێراق چەقی بایەخی میدیایی و ناوەندەکانی بڕیار نییە و تەنیا لە پەراوێزەکاندا و بە شێوەی وەرزی و لە کاتی قەیرانەکاندا ڕووبەری دەرکەوتنی پێدەدرێت. ئەوەی ئێستا چەقی بایەخپێدانە، بێگومان سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سعودیەی محەمەد بن سەلمان و ئێرانی ئایەتوڵاکانە.
داگیرکردنی ئێراق لەلایەن گەورەترین زلهێزی جیهانییەوە لە 2003دا، جەنگی ناوخۆ نێوان شیعە و سوننە لە 2006ەوە تاوەکوو 2010 و پاشان درووستکردنی خیلافەتەکەی داعش لە 2014دا، کۆمەڵێک حیکایەتی گەورەی ئێراقی بوون بۆ سەرقاڵکردنی جیهان و داگیرکردنی ناوەندە میدیایی و دیپلۆماتی و سەربازییە گەورەکان. پاش هەرەسهێنانی خیلافەتی داعش، چیدی ئێراق شتێکی نییە بۆ ڕاکێشانی سەرنجەکان و خۆبەناوەندکردن.
بەڵام هەفتەی ڕابردوو، کۆمەڵێک ڕووداو پێکەوە وایانکرد کە جارێکی دیکە، لەنێو پەراوێزەکاندا و بە شێوەیەکی ڕێژەیی، ڕووناکی بخرێتەسەر. ئەو ڕووداوانەش بریتیبوون لەمانە: سووتانی قورئان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێراق لە سوید، سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە ئێراق لەلایەن سەدریەکانەوە و گرێدانەوەی ئەم چالاکییانە بە هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزەوە، ململانێی نێوان کاردینال ساکۆ و سەرۆککۆمار و تێکەڵبوونی بە پەیوەندییە ئالۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرهەڵدانەوەی گومان لای ئەو وڵاتانەی سیستمی جیهانی و هەرێمایەتی کە بەرنامەی وەبەرهێنانی گەورەیان لە ئێراقدا هەیە و لەم وتارە کوورتەدا بەخێرایی باسیان دەکەین.
=KTML_Bold=سووتاندنی باڵیۆزخانەی لەبەرانبەر سووتاندنی قورئاندا=KTML_End=
دیپلۆماتێکی ئێراقی تووڕەم لە پاریس بینی، بە سەردان هاتبوو، پێی خۆشبوو یەکدی ببینین. یەکێک لە قسەکانی سەرنجی ڕاکێشام و وتی: نازانم بۆ ئێمەی ئێراقی پێمانوایە کە خوای گەورە بە تەنیا قورئانی بۆ ئێمە ناردووە و گەلانی دنیای لێ بێبەش کردووە! من لە تووڕەیی ئەم دیپلۆماتە تێدەگەم، بەڵام لە هەمان کاتدا لەوەش تێدەگەم کە هۆکارە بابەتییەکانی پشت خۆپێشاندان و پاشان سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید پەیوەندیی بە سووتاندنی قورئان لە سوید و بەرگریکردن لە قورئان و ئایینی خودا نییە، بەڵکوو پەیوەندییان بە ئیدارەکردنی ململانێی نێوان بزووتنەوەی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە.
ئەوەی مانا بە سووتاندنی قورئان لە سوید دەدات، ئەو دۆخە ئێراقییەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی سازیدەدات بۆ ئەوەی هەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی و جەماوەریی خۆی بەسەر تەوژمی سەدریدا بسەپێنێت و تەواو لاواز و پەڕوباڵی بکات. سەدریش تەواو وشیارە بەم ستراتیژیەتەی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەدوای ڕووداوێکدا دەگەڕا کە بەکاریبهێنێت بۆ ئەوەی چەند نامەیەکی ڕوون بۆ دوژمنەکانی بنێرێت و پێیان بڵێت: گەر بمەوێت لە شەو و ڕۆژێکدا کۆی یاریەکەتان لێ تێکدەدەم و مێزەکە بەسەرتاندا قڵپ دەکەمەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە حەنانە و بەغداەوە بە من دەگات، سەدر نایەوێت هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە مانگی دوانزەدا بکرێت و هەموو تواناکانی دەخاتەکار بۆ ئەوەی ئەو کارتە لەژێر دەستی حکومەتەکەی ئیتار دەربهێنێت، چونکە وشیارە بەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێکێشە، خۆی لە خۆیدا مانای سەرکەوتنە بۆ ئیتار! هەڵبژاردن واتە بوونی ئارامی و سەقامگیری و سەدریش نایەوێت ئەم گوڵە بە دیاری بە ئیتار ببەخشێت! ئەمەش هەموو لایەک ناچار دەکات بەوەی کە خۆیان بۆ گەڕانەوەیەکی تووند و شۆڕشگێڕانەی سەدر ئامادە بکەن.
لێرەوە، ئەم سەرلەنوێ بەریەککەوتنە نوێیەی نێوان برا شیعەکان (لە ناسریە دوو کادری باڵای سەرایای سەلام لە هەفتەی ڕابردوودا تیرۆر کران و سەدان لایەنگری سەدریش خرانە زیندانەوە) ، ئەوەش وایکرد کە زۆربەی میدیا بەنێوبانگە جیهانییەکان، لە چەند پەراوێزێکدا باسی ئێراق بکەن و سەرلەنوێ ڕووناکی بخەنەوە سەر تێزی کەڵەک.
=KTML_Bold=بەریەککەوتنی کاردیناڵ و سەرۆک=KTML_End=
بۆ زۆربەیی هەرە زۆری کریستیانەکانی ئێراق، پیرۆزیی کاردیناڵ ساکۆ هیچی کەمتر نییە لە پیرۆزیی ئایەتوڵڵا سیستانی و دەستبردن بۆ کاردیناڵ ساکۆ دەستبردنە بۆ تەواوی پیرۆزی و سیمبولیزم و مێژووی هەزار ساڵەیان. کاتێک سەرۆککۆماری ئێراق لەژێر کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆردا بڕیارێکی کۆماریی تایبەت بە دەسەڵاتەکانی کاردیناڵ ساکۆ، کە لە 2013دا سەرۆک مام جەلال واژۆی کردبوو، هەڵدەوەشێنێتەوە، ئیدی بەریەککەوتنێکی ڕەمزیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو ئەکتەردا درووستدەبێت.
کارایی و هێزی کەسایەتیی کاردیناڵ ساکۆ لای کۆی کریستیانەکانی جیهان بەگشتی و لە ڤاتیکان و لای خودی پاپا بەتایبەتی، وایکرد کە ئەم ڕووداوە ڕەهەندێکی جیهانی وەربگرێت و زۆربەی هەرە زۆری ناوەندە میدیای و دیپلۆماسییەکان باسی بکەن و تەنانەت بەشێکی گرنگیشیان، هەڵوێست وەربگرن.
کاتێکیش کاردیناڵ بڕیار دەدات کە بەغدا بەجێبهێڵێت و ڕووبکاتە هەولێر و بیکاتە پایتەختی خۆی و لە هەولێرەوە ململانێی خۆی لەگەڵ بەغدای سەرۆککۆماردا بکات، ئیدی بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە چەند ئاستێکی ناڕاستەوخۆدا، ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراقیش تێکەڵ بەم ڕووداوە دەبن و هەر ئەکتەرەو بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان سەرمایەگوزاریی پێوە دەکات.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
پێش تەقینەوەی ئەم ڕووداوانە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دۆخی مەستبوون بە ئێراقێکی ئارام و سەقامگیری سەر ڕێگەی گەشەی ئابووری بوو؛ بەڵام ئەم ڕووداوانەی هەفتەی ڕابردوو، بە جۆرێک لە جۆرەکان گورزێکی لێدان و بەئاگای هێنانەوە لەو وەهمەی کە بۆ خۆیان درووستکردبوو: وەهمی هاوڕێیەتیکردنی ئاساییش و سەقامگیرییەک کە ئێراق خۆی ئەندازیاریەتی!
دەکرێت ئێمە دان بەوەدا بنێین کە هێزەکانی ئیتار تەواو سەرکەوتوو بوون لە بیناکردنی ئەم وەهمە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها دەکرێت دان بەوەدا بنێین کە کاڵبوونەوەی بایەخی ئێراق لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وایکرد کە ئەم وەهمە بەخێرایی جێگەی خۆی بگرێت. هەروەها وایکرد کە جیهان بێدەنگ بێت لەبەرانبەر هەموو ئەو گوشارانەی کە برادەرانی ئیتار دەیخەنە سەر کورد و سوننە و لە هەندێک دۆخیشدا داوا لە کورد و سوننە بکەن کە واقیعی نوێ، واتە هەژموونی ئیتار، قبووڵ بکەن و خۆیان لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە بپارێزن.
بەڵام نزیکەی هەفتەیەکە، ئەم بەڵگەنەویستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گومانی لەسەر درووستبووە و گەر دابەزینی دراماتیکیی دیناریش لەبەرانبەر دۆلاردا و ژمارەی ئەو بانکانەشی بخەینە سەر کە خرانە سەر لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین: لە مەودای مامناوەندیدا، گریمانەی گەڕانەوە بۆ تێزی بینینی ئێراق وەکوو کەڵەکێکی لەرزۆک کە دەکرێت لە هەر چرکەساتێکدا بەسەر یەکدا بڕووخێت، تەواو بەهێزە و لە دۆخێکی ئاواشدا هەلومەرجێکی نوێ درووستدەبێت کە ئەکتەرەکان ناچار دەکات، بە شیعە و کورد و سوننەوە، خۆیان و پێگەکانیان لەنێو سیستمی پەیوەندیی هێز و هەژمووندا پێناسە بکەنەوە. [1]