ناونیشانی بابەت: پەروەردە و گیانی وەرگرتنی ڕەخنە
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
(من ڕەخنەی توندم لە کەسی زیرەکەوە پێباشترە لە پشتیووانی کوێرانەی خەڵک-یۆهانس کێپلەر)
هیچ گومان نییە لەسەر ئەوەی پەروەردەی ڕەخنەگرانە، دیدێکی سەردەمیانەی پێویستە بۆ پەروەردە و ئاییندەی گشت کۆمەڵگەیەک، ئەو دیدەی کە مانای جەوهەری ڕاهێنان و تێبینیکردن و سەرنجدان و خوێندنەوەی وردە بۆ هەموو کایە جۆر بە جۆرەکانی ژیان.
دیدی ڕەخنە و ڕەخنە لێگرتن وابەستەی کایەکانی ژیان دەکرێت لە ڕێگەی پڕۆسەی پەروەردەوە، ئەوەش بەسانایی بەدینایەت پێویستی بە پلان و دانانی ئامانج و ستراتیژی دوورمەودا هەیە.
پەروەردەی ڕەخنەگرانە (ڕەخنەیی) ئامانجی پێکهێنانی عەقڵە بە شێوەیەک کە بتوانێت بڕیار لەسەر بیرۆکە و تێڕوانین و بڕیاردانەکانی دەربکات بۆ دیاریکردنی ڕادەی یەکگرتوویییان لە ڕووی دەروونییەوە پێش ئەوەی وەریبگرێت، عەقڵی ڕەخنەیی دیاردەو ڕووداوەکان وەک خۆیان قبووڵ ناکات و پەلە ناکات لە باوەڕپێهێنانیان، بەڵکوو دەیانخاتە بەردەم تەرازووی دەروون و بەراورد و هەڵسەنگاندنەوە، تاقیاندەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ڕاستن یان هەڵەن.
پەروەردەی ڕەخنەگرانە، هەنگاوی گرنگدان و بایەخ پێدانە بە گیانی وەرگرتنی جیاوازی و بەراووردکردن تا دەگات بە ئامانج، بۆیە دەکرێ ئەم تێزە ناوبنێین (جیاوازی ڕەخنە و ڕق) ئەمەش بەومانایە دێت کە هیچ کاتێک ڕەخنە ناچێتە ناو چوارچێوەی ڕق و کینەوە، بەڵکوو دەبێتە بەشێکی گرنگ لە گەیشتن بە دۆزینەوەی ڕێی ڕاست و درووستی ژیان، لەمبارەوە (مستەفا مەحمود) دەڵێت: (جیاوازی هەیە لەنێوان ڕەخنە و ڕق، لەنێوان ئامۆژگاری و ڕوشکێنی لەنێوان ڕێنمایی و سەرپەرشتیکردن، ژیانی خەڵک بە ناوی تۆ نەنووسراوە تا پێیان بڵێی چۆن بژین).
ئێمە پەروەردەی کلتوورێکی داخراو و داگیرکراوین، لەناو هەناوی هەرتاکێکماندا، لەجێی ڕەخنە دڕکی ڕق و کینە ڕواوە، تاکە هۆکارێکیش کە بتوانین لێی دەربچین هاندان و بەپیرەوە چوونە، ڕووە و پەروەردەی ڕەخنەگرانە، ئەویش کارکردن و ماندووبوونی گەرەکە تا ڕێچکەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بمانگەیەنێت بە ڕێگە ڕاست و فراوانەکەی ژیان، لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەگەین بە پەروەردەی ڕەخنەگرانە.
لەناو کۆمەڵگەی کوردی و ڕۆژهەڵاتی تا ئێستاش بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە نەبووەتە نەریت، تا بتوانرێت بخرێتە ناو پڕۆسەی پەروەردەوە، لەناو ژانرە ئەدەبیەکانیشدا ڕەخنە هەمیشە بەچاوێکی
دژ و دوژمن لێی ڕوانراوە و کەم نووسەر هەیە ئەو گیانە بە ئاسایی وەربگرێت، بۆیە (مامۆستا هەژار) لەوەرگێڕانی (شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی) ئاماژە بەوەدەدات و دەڵێت من مەمنوونی ئەوانەم کەشڕەکانم بۆپینەدەکەن نەک هەوڵبدەن عەیب و عارم وەدەرخەن.
دیارە خۆی باش کۆمەڵگەکەی دەناسێت و دەزانێت چۆن لەسەنگەردان بۆشکاندنی یەکتری.
ئاڕاستەی بەدیهاتنی ئەم بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە، بە کەسانی باش و بیرفراوان دەکرێت (سەلمان عۆدە) دەڵێت: (دانیشتن لەگەڵ کەسانی ژیر کاریگەریی ڕەخنەی خراپ لەسەرت کەمدەکاتەوە، واتلێدەکات بەچاوی ئاسایی لە ڕەخنە بڕوانی).
لەناو پەروەردەدا بەڕەچاوکردنی جیاوازییەکان و کارکردن لەسەر بنەماکانی لێهاتوویی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئامانج گەلێک بەدیدێنێت، کە هەموو لایەنەکان و بەشەکانی ناوپڕۆسەکە بگرێتەوە لەپیداگۆجی (فەلسەفەی پەروەردە) و شێوازی گەیاندن یان وانەوتنەوەی مامۆستایان (دیداکتیک).
ئەوەی جێی شکوسەرنج و تێبینی من و زۆر کەسانیترە، لە ئێستادا مامۆستاکان بەگشتی بەگیانی بیری ڕەخنەگرانە ڕانەهێنراونو هیچ پلانێکی باش لەوجۆرە نەبووەتە بەرنامەی کاریان، کەئەمەش ئەوەندەی لەسەر وەزارەتی پەروەردەیە کەمتر ڕەخنەکە ئەوان یان مامۆستاکان دەگرێتەوە.
ئەوەی ئاماژەم بۆکردووە، تەنیا تیشکێکە و خستۆمەتە سەر ئەو کایە گرنگەی ژیان کە بۆ هەموولایەن و کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە گرنگ و پێویستە، جا ئەگەر بمانەوێ هەموو کۆمەڵگە بگرێتەوە، پێویستە لەناو پەروەردەدا ڕەنگدانەوەی باشی هەبێت، ئەوەش بەدەست خستنە سەر هەموو کەلێن و کەموو کوڕییەکانی ناو پڕۆسەکە، لە دیاریکردنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ و سەردامییانە، ئینجا پرۆگرامی گونجاو و ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان، دڵنیام ئەوەش کاتی زۆری دەوێ بەڵام دەستپێکردن زۆرباشترە لە چاوەڕوانی و دانیشتن بەدیار دۆخێکی خراپکراوی ناڕوون. [1]