#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
هەشتەم شەو
یەک دڵۆپ عەشقی ڕۆزانا، گۆمێک بۆ من دروست
ئەکا و منیش بۆ خۆم بەلەمێکی چارۆگەداری خەیاڵی ئەخەمە
ناو بۆ ئەوەی هەتا ئەوپەڕی تخووبەکانی قەسیدە و
پەخشان بمبا!
برژانگەکانی ڕۆزانا، ئەبنە پەلکەگیای دەفتەرم و
منیش هەرچی پەپوولەی ناو شیعرەکانە لەو مێرگەدا
یەکە یەکە بەریان ئەدەم!
یەک نینۆکی ئەکەم بە شانۆی ئەم عەشقە و
لەسەر تەختەی بچکۆلانەی ئەو شانۆیە
شانۆنامەی ڕۆمیو جولیت بە گچکەیی نیشان ئەدەم!
یەک تاڵە قژی ڕۆزانا ئەکەم بە پردی سەر ئاوی
خۆشەویستیی و دوا دەقیشم بە ڕێبواری!
هەتاکو نیگا نەگۆڕین
تەماشاکانیش ناگۆڕدرێن.
تا گەواڵەی ناو ئەم سەرە
وەکو خۆی بێ
بارانی تازە نابینین!
ئێمە هەردووکمان، من و ڕۆزانا، لەسەر
ڕەوەزی خۆشەویستیی ڕائەوەستین و بەو بەرزەوە
سەرلەنوێ پرشنگەکان لە هێڵەکی سەر ئەدەینەوە.
لە یەکەمین هەنگاوی سەر شەقامی گومانەوە دەست
پێئەکەینەوەو شارایەک پرسیار لەگەڵ خۆماندا
ئەگێڕین.
سەرلەنوێ وشە و دەستەواژە و ناو و ئاوەڵناوە و
زاراوەکان بە هەللاجیەکەی خۆمان شی ئەکەینەوە.
ئەم مێژووە ڕووت ڕووت ئەکەینەوە، لە نووکەوە
بە قسەکانیدا ئەچینەوە. ئێمە سەرلەنوێ لە شاخ
ئەپرسینەوە: کێ ئەڵێ تۆ قارەمانی؟! بە بەفر
ئەڵێین: کێ ئەڵێ تۆ پاکی؟! بە سروودەکان
ئەڵێین: کێ ئەڵێ ئێوە پیرۆزن؟!
ئەزانین هەردووکمان ئەزانین
ئەم عەشقی ناو زەریای نەهاتە
شەپۆلی یاخییە و سەری خۆی داوەتە
دەست )با(یەک کە مردن لە وژە و گڤەیدا
گەرداوی بە پێوە وەستاوە و
قەدەری بەندەری تەماویش
خوایەکی زۆر تووڕە و بێباکە!
ئەزانین هەردووکمان ئەزانین
ئەم عەشقە، باڵندەی شیعرێکی
کۆچەرو بێکەسە و بە تەنها دوو پرشنگ باڵێتی و
پەڕەی گوڵ چاوێتی و
هێلانە و ماڵیشی گەواڵە هەورێکی
گەڕۆکی غەمناکە!
ئەزانین هەردووکمان ئەزانین
وەک تۆوی دەم باهۆز سەفەرمان سەفەری
ناو خەونی پەرت پەرتە و هەر ڕۆژەی
لە باوەشی وەرزێکی نادیاردا جەستەمان
کڵوکۆی عەشقێکی سوتماکە!
دڵم ئیستا لە نیسانی گۆڕاندایە و
هەموو ڕەنگەکان پێکەوە وان لە چاودا و
بینینەکانم شکۆفەی تازەترین
گۆرانییان دەرکردووە!
لە دەفتەردا
دەستەواژەم بوون بە جۆگە و
چی خەیاڵی کورتەباڵا و بچوکیشمە
لەم مێرگەدا
ئەوا ئیستا هەموو کەوتوونەتە باڵا!
ڕۆزانا... ڕۆزانا
کەمانچەیەک ویستی لەگەڵ لەنجەولاریا بڕواو
جوانیەکەی ئەو پەردەپۆش کات
بەڵام پێ و پلی ژێکانی لە یەک ئاڵاو
لە حەسرەتدا بە دەمدا کەوت!
ئەگەر خۆشەویستیی نەبوو
با نەونەمام یاخود خونچەو کانیی گەنج و
قەڵبەزەی هەرزەکاریش بی
با لەشیشت ژووری گوڵ و ئینجانە بێ
وەختێ زانیت شەوی تەنیایی و بێزاریت
بەسەردا دێ و تاریک ئەبی!
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=