دوای پەلامارە بێ پاساوە موشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید #پێشڕەو دزەیی#، کە بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و ژینای کچی تەمەن یازدە مانگ، هەروەها بریندار بوونی هاوسەر و کوڕەکانی و شەهید و بریندار بوونی چەند هاووڵاتییەکی سڤیل، ڕۆژی شەممە #27-01-2024#، لە سەڵاحەدیین سەرۆک #مەسعود بارزانی# پێشوازی لە خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی کرد.
لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە خانەوادەی شەهید پێشڕەو ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو تاوانە ستەمێکی گەورە بوو بەرانبەر خانەوادەی شەهید پێشڕەو دزەیی و خەڵکی کوردستان کرا.
هەر لەو دیدارەدا کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی کوردستان بەڕێز موحسین دزەیی سوپاسی پشتگیری و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی کرد کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەو کارەساتەی بە خەمی خۆی زانیوە و هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە مەڕاسیمی بە خاکسپاردنی شەهیدانی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە کرد. هەر لەو دیدارەدا بەڕێز عەبدوڵڵا مەجید دزەیی بەناوی خۆی و خانەوادە و هەر سێ برای شەهید پێشڕەو پێزانینی بۆ هاوسۆزیی سەرۆک نیشان دا و بەڵێنی ئەوەشی دا کە هەموویان لەسەر ڕێچکەی شەهید پێشڕەو دزەیی بۆ ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبن. [1]