هێمن عەساف
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ی کرد و ڕایگەیاند، چەندینجار بە بەرپرسانی یەکێتی و سلێمانیی گوتووە، سنوورێک بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ پەکەکە دابنێن.
ئەمشەو، 04-02-2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتیی کەناڵی (A HABER) کرد. لە وەڵامی پرسیارەکاندا هەڵسەنگاندنی لەبارەی دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد. لە چوارچێوەی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دەوڵەتی تورکیاشدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکەشی کرد.
هاکان فیدان ڕایگەیاند یەکێتی لە سلێمانی هاوئاهەنگی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە و ئەم ڕاستییە لەمێژە لە ڕۆژەڤماندایە، بەتایبەتیی لە ڕووی هەواڵگریشەوە زۆر لە نزیکەوە چاودێریمان کردووە. تەنانەت لەو سەردەمەی سەرۆکی میت بووم، ئەو بابەتە یەکێک بوو لەو بابەتانەی زۆر کارم لەبارەیەوە کردووە.
باسی لەوەشکرد بەرلەوەی ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن، زۆر هەوڵیانداوە ''بە هێمنی و بێدەنگی چ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، یان لە ڕێگەی میتۆدە کارپێکراوەکانی هەواڵگرییەوە، چارەیان بکەن'' بۆ ئەمەش چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی لە سلێمانی دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە.
هاکان فیدان وتی لە هەر دیدارێکماندا بە ڕاشکاوی پێمان گوتوون دەمانەوێت سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە دابنێن. ئەمانە ژێرخانی ئەم ناوچەیە بەکاردەهێنن، ئێوەش ناسنامەیان پێدەدەن، لە نەخۆشخانەکانتاندا چارەسەریان دەکەن، مافی نیشتەجێبوونیان پێدەدەن و ڕێگەیان بۆ خۆش دەکەن چالاکی و کردەوەکانیان بکەن. چاوەڕێی ئەوەتان لێناکەین ڕاستەوخۆ لەگەڵیان بجەنگن، لە هاوکێشەی هێزەکانتان تێدەگەین، دەتوانین هەموو شتێک لەم ڕووەوە بکەین، بەڵام ئەوەی داوای دەکەین هاوئاهەنگییان لەگەڵ مەکەن، چونکە ئێوە دەخاتە بەرەی دوژمنەوە و دەبێت وازبهێنن'.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی یەکێتیی ماوەیەک بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانمان هەندێک هەنگاویان نا و بەهەمان شێوە لایەنی بەرانبەریشیان ڕازیکرد. دواتر بینیمان ئەمانە [یەکێتی] نیازیان نییە دەستبەرداری پەیوەندییەکانیان بن. پاشان دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، ئەم بابەتەمان کردە سیاسەتی فەرمی و بۆ ڕای گشتیی ئاشکرامان کرد. قۆناخ بە قۆناخ دەستمانکرد بە سزادانیان. ئێستاش لە ڕێگەی سنووردارکردنی چالاکییە ئاسمانییەکان سزایان دەدەین. ئاسمانی تورکیامان بەسەریاندا داخستووە و هیچ فڕۆکەیەک لە ئاسمانی ئێمەوە بۆ ئەوێ ناچێت. گرنگ نییە لە کوێوە فڕۆکەیان بۆ دەچێت و چۆن کاری پێدەکەن، بەڵام ئەوەی دیارە، فڕۆکەخانەی سلێمانی 60٪ی تواناکان و جموجووڵە ئاسمانییەکانی پەکیکەوتووە و سنووردار بووە و هەموو چالاکییەکان ئاڕاستەی هەولێر کراون. لەنێوان سلێمانی و هەولێرەش ڕکابەرییەکی زۆر جدی هەیە.
هاکان فیدان جەختی لەوە کردەوە، لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەولێر بۆ ئێمە نزیکترە و لەپێشینەن. چەند جارێک بە سلێمانیمان گوتووە، دەکرێت دەستبەرداری سزاکانمان بین؛ ئەگەر ئێوە سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ تیرۆر دابنێن. بەڵام ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بن، ئێمەش ناچار دەبین هەنگاوی زۆر زیاتر بنێین. ئەمە خواست و بژاردەی ئێمە نییە، بەڵکوو لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ئەمە پابەندیی و ناچاری ئێمەیە، کە ئەم هەنگاوانە بنێین. هەروەها ئەرکی سەرشانمانە بەرانبەر نیشتمان و هاووڵاتییانمان. بۆ تاهەتایەش لە پشتیووانیکردنی ئەو کەسانە (بەرپرسانی یەکێتی) بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستەوەستان نابین. [1]