ناونیشانی بابەت: قەیسەری محەی دگل 01
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
کڵاو لار گورجی که و ڕەفتار ، نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر ؟
لە تیری ئاهی ناکامیم حەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
بە دوتا ئەشکی حەسرەت خوێن ئەبارێنێ بەسەردەشتا
تەماشای لالەزاری ڕاگوزەر ناکەی ئەرۆی ئۆغر
عەبدوڵڵا گۆران
لە پۆلی دووەمی قوتابخانەی بێ کەسی سەرەتایی بووم ، لە گەڕەکی چوار باخ ی لەشاری سلێمانی.
نیوەڕۆیەکیان ڕووم کردە ناو بازاڕ، لە دەرگای یەکەمی قەیسەری محەی دگل –ەوە ، بە هەنگاوە بچوکەکانم ، گەیشتمە گۆشەی دەرگای دووەمی ، سەر ڕاستە بازاڕەکە .
لە بەردەم پێشانگای سەر دیواری گۆشەی تەنیشت دەرگاکاکە وەستام .
دیمەنی ڕەنگاو ڕەنگی تابلۆی کڵاو و جامانە و مشکییەکان ، بە جۆرێک نوقمی تێڕامانی کردم ، لە گەڵ وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی دەفتەری وێنەی ناو جانتاکەم ، چەند پرسیارێکی سادەی منداڵانەی لا دروست کردم.
وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی جوانی سەر ڕووی کڵاوەکان ، وەک وێنەی ڕەنگاو ڕەنگی ، پەڕەی گوڵەکانی باخی گشتی شار ، ڕۆحی داگیر کردم .
هەموو ڕەنگەکانم خۆش دەویست. هەر ڕەنگێک وێنەیەکی ئەفسانەی منداڵانەی ، لە چاوەکانم و ناخم دا دروست دەکرد.
دوای چەند ساڵێک ، ڕۆژێک به و گوزەرەدا تێپەڕیم ، ڕووم کردە قەیسەری محەی دگل .
بە تێڕامانەوە ...روانیمە هەمان پێشانگا، جارێکی تر دیمەنەکانی یادەوەری منداڵی ناخی داگیر کردمەوە :
بازنەی ڕەنگاو ڕ ەنگی کڵاوەکان ، لە گەڵ دیمەنی لاکێشەیی جامانه و مشکی یەکان.
چەند تابلۆیەکی شێوەکاری ، لا بەرجەستە کردم ، تێکەڵ بە پرسیاره بێ وەڵامە ، سادەکەی ئەوسای منداڵی و پرسیارە کانی ئێستام دەبوونەوە .
بۆ ئەوسا هەموو ڕەنگەکان جوان و شیرین بوون؟ ، بۆ ئێستا هەموو ڕەنگەکان ، بەجۆرێک لە ناخمان دا هەڵبزرکاون؟ ، مایەی تێڕامانی پرسیارو گومانن؟!
ئەوسا ، هەموو ڕەنگەکان ، (سەوز ، زەرد ، شین ، سوور ، نیلی ، رەساسی ، قاوەیی ، پەمەیی ، سپی ، رەش ، ئاڵ ) ، جوان بوون ، هەر ڕەنگێک ، تایبەتمەندی ئێستاتیکای خۆی هەبوو .
هەر هەمووی ڕۆحی ڕۆمانسیەتی سروشتی جوانی وخۆشەویستی و ئەوین بوون .
ئەوسا هەموو ڕەنگەکان ، ئەم قەیسەریە و ئەم نیشتمانە ، یەکتریان. خۆش دەویست و لە ئامیزی یەکتری دا بوون .
تێکەڵ بە سیحری جوانی سروشت و هەژانی ناخی مرۆڤ و بەهای ژیان دەبوون .
ئەوسا هەموو بەهای ڕەنگەکان ، تەواو کەری یەکتریی بوون ، شکۆی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوون .
دوای ڕاپەرین حیزبە کوردیییەکان ، هەموو ڕەنگەکانی سروشت و خاک و بەهاکانی مرۆڤ و ژیانیان پڕ کرد ، لە ڕق ، کینە ، بوغز ، توندوتیژی ، سیناریۆی کوشتن وبڕین.
هیچ بەهایەکیان ، بە ڕەنگی سروشت و ژیانەوە ، لەم نیشتمانەدا نەهێشت. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=