دختۆر قادر حەمباڵ
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
بەپێى سەرچاوەکان یەکەم مەکتەب لەهەولێرێ کرابیتەوە، مەکتەبى ئەربیل ئولا بووە. کە سەردەمانەک ناوى گۆڕا لۆ (ئیبن خەلەکان) و ئێستاش بوویتە مۆزەخانەى پەروەردە. دامەزراندنیشى دەگەڕێتەوە لۆ سارى 1930. لۆیە زۆرجار فکر لەوەى دەکەمەوە، باشە ئەو هەولێرە پێش ئەو سارە خۆ هیچ دختۆر و موهەندیس و محامى لێ نەبووە، ئەدى کوو خەرکى ژیانیان بەسەر بردیە؟!.
لەهەندەک موزەکەراتى کەسایەتییە بەناوبانگەکانم خیندیتەوە کەوا زۆربەیان لۆ خیندنى زانکۆ چووینە بەغداێێ و لەوێ خیندنیان تەواوکردیە. لەگەر ئەوەى مەکتەبەکانى بەغداش زۆر کۆن نینە، ئەوانیش زۆربەیان لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا دامەزراینە، مەبەستم مەکتەبى ڕەسمى دەوڵەتە بەشێوازە عەسڕییەکەى.
پێش کردنەوەى مەکتەب لە هەولێرێ، خەرکى مندارەکانیان دەناردە حوجرەى مەلایانى مزگەفتەکان لۆ فێربوونى خیندەوارى، ئەوجا هەبوو دەبووە فەقێ و دواییش تەرفیعى دەکرد لۆ مەلایەتى، ئەوانیش بەمەرتەبە بوون وەکى مەلاى شەش عیلم، مەلاى دوازدە عیلم، مەلاى شازدە علیم و هەژدە عیلم.. مەبەستیش لەعیلمەکانیان شارەزایى بوو لە کتێبە ئایینییەکان و ئەحکامى شەریعەت.
هەتا سارانى پەنجا و شێستەکانیش دختۆر لە هەولێر زۆر کەمبوو، یان هەر نەبووە. لەکتێبەکى دکتۆر سەبرى ئەلقبانى خیندیتمەوە باس لەحادیسەیەکى دەکا کە بەسەرى هاتییە لەسارى 1936 لە هەولێرێ، کاتەکى بەچاوبەستراوى عەمەلیاتى لۆ ژنەکى هەولێرێ کردیە و ژیانى لە مردن ڕزگار کردیە لە کاتى منداربوونى، چونکى ئەو سەردەمە نەیانهێشتییە دختۆر تەماشاى ژنەکانیان بکاتن. دکتۆر سەبرى خاوەنى موجەلەى زۆر بەناوبانگى (طبیبک) بوو، لە هەولێر دختۆرى کردیە و ماوەى چەند سارەک خزمەتى ئەهلى شارى کردیە.
زۆربەى دختۆرەکانى ئەو سەردەمە، دختۆرى عەسکەرى بوونە، سبەینان لە حامیەى هەولێر دەوامیان کردیە و ئێوارانیش لەعیادەکانیان لەناو بازاڕى هەولێر نەخۆشیان چارەسەرکردیە، تەنانەت خاوەن سەیدەلیەى (سەڵاحەدین)یش موقەدەمى عەسکەرى بوو. ئەوانەش زۆربەیان عارەب بوونە.
جا پێش ئەو سارانە هێشتا دختۆرى هەوڵیر عیادەیان لەناو شار نەبوو، لۆیە خەرکى لۆ چارەسەرى نەخۆشى هانایان لۆ دەرمانى کوردەوارى بردیە. ئەو وەختى خەرکى بەعام سیحەتیان باشبوو، چونکى هەموو خواردنەکانیان سرووشتى بووه و ئاو و هەوا پاک بووە وەکى ئێستا وێران نەبوو بە پییسبوونى ژیینگە و سەرچاوەکانى ژیان، لۆیە زۆرکەم خەرکى نەخۆش دەکەتن، بەڵام لەگەر ئەوەشدا هەندەک کەسى شارەزا هەبوون کە ئیشیان چارەسەرى نەخۆشى بوو.
هەموومان دەزانین هەتا سارانى شێستەکانیش (ئیبۆ بەربەر) ئیشى حەفت دختۆرانى دەکرد، هەر لەسوننەت کردنى مندارانەوە هەتا چارەسەرى برینداران و نەخۆشەکان، لەولاشەوە هەندەک موزمەید هەبوون دەرزیان لەخەرکى دەدا، تەنانەت حەلاقەکانى شاریش جارجار تیمارى بریندارانیان دەکرد بە تەنتەریۆت و مەوادى ترەوە.
بەڵام لە هەموو دختۆرە بەناوبانگە میللییەکان مام قادر حەمبارى #تەیراوە# یەکەم بوو. ئەو پیاوە لەمەجالى خۆیدا عەبقەرییەکى بێ هاوتا بوو بەتایبەت لە چارەسەرکردنى شکان و ئێسک و جومگە و ناوک کەوتن. نازانم موبالەغەیە یان ڕاستییە کە دەیانگۆت دختۆر سەدرەدینى پسپۆڕى ئێسقان زۆر جار نەخۆشەکانى خۆى دەناردە لاى مام قادر حەمبار لۆ چارەسەرکردنیان. ئێستاش نەمزانى ئەو مام قادرە ئەدەواتى چى لەبەر دەست بوو لۆ چارەسەرى نەخۆشەکان، بەڵام هەر نەخۆشەک بچووبایە لاى بەبێ چارەسەرى تەواو نەدەهاتە دەرێ، دەیان و سەدان کەسى لە عەمەلیات ڕزگار کردیە. هەزار ڕەحمەت لەگۆڕى ئەو پیاوە مەزنەى هەولێر کە خزمەتەکى زۆرى ئەهلى شارەکەى خۆى کردیە.
لەگەڕەکى مە لە #خانەقا# دادە حەمدیەمان هەبوو کە ژنەکى باریکەلەى بەتەمەن بوو، پەنجەکانى دەستى زۆر درێژ بوو، هەر کاتەکى گەروومان دەکەت دەیانبردینە لاى دادە حەمدیە و پەنجە درێژەکەى لەناو قوڕگمان دەناو گەروومانى دەهێنایەوە، ئێستاش نەمزانى گەروو کوو دەکەت و کووش دەهاتەوە!.
لەو زەمەنەدا زۆر کەس برینى پێستەکانیان بەگریزى مەکینەى سەیارەش چارەسەر دەکرد، یان شتى پیسیان لەسەر برینەکان دادەنا و ئیعتیقاد وابوو کە پییسى بەپییسى دەڕوا.
ئێستا زۆر کەس هەنە لەو هەولێرە لۆ ددان کێشانەکى دەچنە وڵاتانى ئەوروپا، یان لۆ چارەسەرى نەخۆشییەک دەچنە ئەمریکا، ئەوەش لەکاتەکى لەسەردەمى مەدا هەموو خەرکى هەولێر لەلاى خەلیل دیشچى و قادر حەمبار و ئیبۆ بەربەردا چارەسەرى نەخۆشییەکانیان بەپەنجا فلس دەکرد، ئێستاش لۆ عەمەلیاتەکى کەپوو و سپیکردنەوەى پێستەکانیان بە سەفتە دۆلار سەرف دەکەن..
ئاخر زەمانە.. بڕوا بکەن ئاخر زەمانە..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!