حوجبن حەلاق
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەسەردەمى منداریمان و پێشتریش، خەرکى وەکى ئێستا نەبوون هەموو وەسائیلەکى ژیانیان لەبەردەستدا بى. ئەو زەمان کۆمەڵگەش ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوو ئاگاى لە هەموو دونیا هەبى، زۆرینەى کۆمەڵگە نەخیندەوار بوون، خەرکیش بەعام خەریکى کار و کەسابەت بوون. بەهۆى دواکەوتوویى موجتەمەعیش هەندەک خورافات باو بوون کە خەرکى بەتەواوەتى باوەڕیان پێى هەبوو، هەرچەندە ئەو خورافاتانەش هیچ ئەسڵ و ئەساسەکیان نەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەى لەکۆنەوە گواسترابوونەوە لۆ نەوەکان، ئیدى ببوە ڕاستییەکى حاشاهەڵنەگر.
حەزدەکەم هەندەک لەو خورافاتانەتان لۆ باس بکەم، لۆ ئەوەى بزانن جیلى ئێمە لەچ وەزعەکیدا گەورە بووین، لەلایەکى تریشەوە دەکرێ ئەو بەسەرهاتانە وەکى کولتوورەکى کۆن باسیان بکەین و بیانخەینەوە بیرى جیلە ئاڵتونییەکەمان.
-شەوە: کاتى خۆى هەر ژنەک مندارەکى تازەى ببایە لۆ چەند ڕۆژەکى شەوانە هەموو عائیلەکە خەفەریاتیان بەدیار مندارەکەوە دەگرت، باوەڕیان وابوو کەوا جنۆکەیەک هەیە پێى دەوترێ (شەوە) و خۆى دەکاتە پشیلە و شەوان دێ مندارە تازە لەدایکبووەکان بە مەلۆتکەوە دەباتن. ئەگەر جنۆکەکەش نەیتانى مندارەکە ببا، ئەوە دەستى لێدەوەشێنى، بەوەشیان دەگۆت (شەوە لێى دایە) هەرچەندە بەدرێژایى تەمەنى خۆم ڕۆژەک لەرۆژان قەت نەمزانیە مندار لەهیچ عائیلەیەکى #هەولێر#ى دزرابى، قەتیش پشیلەیەکمان نەدیت لەدەورى ئەو مارانەدا بسووڕینەوە کە منداریان دەبى، بەڵام ئەوە ئیعتیقادى خەرکەکە بوو، خەویان لەخۆیان حەرام دەکرد بەدیار مندارەوە لە ترسى بردنى لەلایەن جنۆکەوە!.
-بۆنبڕین: لەو سەردەمە ئیعتیقاد وابوو کەوا مندارە تازە لەدایکبووەکان بۆن لێیان دەدا، ئەوجا عادەتەن هەندەک کەس هەبوون منداریان دەبردە لاى بۆنبڕ لۆ ئەوەى بۆنەکەیان ببڕن، ئەگەر نا مندارەکە دەمرى.. ئێستاش نەمزانى نەوعى ئەو بۆنە چییە کە لەمندارى دەداو، نەوعى بۆنبڕەکەشم هەر نەزانى لەچ درووست دەکرا.. وابزانم ئێستاش ئەو خورافاتە لەناو هەندەک لەخێزانەکاندا باوى مایە!.
-شەڕە مەقەس: عائیلەکان زۆرجار منداریان دەترساند بەوەى ئەگەر شەوان دەست لۆ مەقەسى ببەن، داک و بابەکانیان تووشى شەڕ دەبن. ئێستاش نەمزانى ئەو عادەتە لەچییەوە سەرچاوەى گرتییە، چونکى هیچ ئەسڵ و ئەساسێکى نەبوو، مەقەس بەکارهینان هیچ عیلاقەیەکى بە داک و بابانمان نەبوو، ناشزانم حیکمەت لە ترساندنى منداران چى بوو!
-تاواندنەوەى مس: زۆرجار مندار کەتووشى ئازارەکى زگى دەبوو لەداخى ئازارەکانى هەموودەم دەگریا، لەبەر ئەوەى مندارەکان زمانیان نەبووە بەقسە بێن سەبەبى گریانەکانیان بزانرێ، ئیعتیقاد وابوو کە ئەو مندارە لەشتەکى ترسایە. لۆیە دەچوون پارچەیەک مسیان دەهێنا و لەسەر سۆبە یان پرێمز دەیانتاواندەوە و، مقلیەکیان لەسەر سەرى مندارەکە ڕادەگرت و مسە تاواوەکەیان بەسەردا ڕوودەکردەوە. ئەوجا شکڵى هەر حەیوانەکى بگرتبایە دەیانگۆت مندارەکە لەو حەیوانە ترسایە. زۆرجار بە سودفە شکڵى پشیلەیەک درووست دەبوو دەیانگۆت ئەو مندارە لەپشیلەى ترسایە، ئەوجا دەچوون پشیلەیەکیان دەگرت و دەیانهینایە بەردەم مندارەکە لۆ ئەوەى ترسەکەى لە قەلبى دەربینن!.
-حوجبن حەلاق: حیکایەتى ئەو دەعبایەم لە کتێبى (تەورات)ى جوولەکەکاندا خیندیتەوە. بەپێى ئەو کتێبە ناوى ئەو دەعبایە (عوج بن عناق) بوو ئەویش پادشایەکى زاڵمى سەردەمى حەزرەتى موسا پێغەمبەر بوو، کە لەشەڕەکیدا حەزرەتى موسا ئەو دەعبایە و سوپاکەشى تەفروتوونا کرد.. لە حیکاتییەتە فۆلکلۆرییەکانیشدا باسى ئەو حوجبنە دەکەن گوایە درێژییەکەى 23 هەزار مەتر بووە و پانى 333 مەتر بووە، هەر کاتەکى برسى بایە دەستى دەبردە ناو بەحرەکانەوە و حووتەکى لەناو بەحرەکە دەردەهێنا و برندى دەکردە عاسمان و بە ئاگرى ڕۆژ سۆرى دەیبرژاند و دەیخوارد!. هەر کاتەکى تێنیش بایە هەورەکى لەعاسمانى دەگرت و دەیگوشى و ئاوەکەى دەخواردەوە!. باس لەوەش دەکەن ئەو دەعبایە لە تۆفانەکەى حەزرەتى نووحدا ئاوى فەیزانەکە هەتا چۆکى هاتییە! ئەوەش درۆیەکى گەورەیە چونکى لە تۆفانەکەدا هیچ بوونەوەرەک لەسەر عەرزدا نەما تەنها حەزرەتى نووح و ژن و مندارەکانى.
ئەوجا لە هەمووشى خۆشتر لەسەردەمى منداریمان دائیمەن تەئکیدیان لەمە دەکردەوە کە ئێواران زوو بگەڕینەوە مارێ، دەیانگۆت کە دونیا تاریک دادێ زەلامەک پەیدا دەبى ناوى حوجبن حەلاقە کە بەژن و باڵاى دەگاتە عاسمانێ و منداران دەبا، ئەوجا دەیانگۆت هەر وەختەکى ئەو پیاوە درێژە لەبەرامبەرتان پەیدا بوو دەست لۆ دۆخینەکەتان ببەن یەکسەر هەردێ و بزر دەبیتن!.
ئێستاش تێنەگەیشتم پیاوەک بەو هەموو بەژن و باڵابەرزەوە، بەو هەموو هێزەى کە بتانى حووت لەناو بەحر دەربکا و بەئاگرى ڕۆژ سۆرى بکاتەوە لۆ لەکردنەوەى دۆخینى مندارەکى دەتۆقى و غاردەدا! لەویش سەیرتر نەمزانى ئەدى ئەگەر مندارەکە شەڕواڵى لەبەر نەبوو، بە بێجامەوە هاتە دەرێ چى بەسەر دێ! جوابى ئەو پرسیارەم لاى داپیرمە خودا عافووى کات..
باوەڕ بکەن تەنانەت خورافاتەکانى ئەو سەردەمەشمان هەر وەکوو زەمەنەکەمان خۆش و بەتام بوون.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!