قورئان خوێنەکانى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
بەدرێژایى سەدان ساڵەى ڕابردوو، عێراق یەکێک بووە لەمەدرەسە هەرە گەورەکانى مەقامات. هەر چەندە تا ئێستا نازانرێ مێژووى مەقامات بۆ کەى دەگەڕێتەوە، بەڵام عێراق خاوەنى گەنجینەیەکى زۆر دەوڵەمەندە لە بوارى مەقاماتدا. وەکوو دەزانرێ مەقامات عیلمە و پێویستە هەر قورئان خوێنێک یاخود گۆرانیبێژێک شارەزاییەکى تەواوى لەو عیلمەدا هەبێ تا بتوانێ سەرکەوتوو بێ.
جگە لە عێراق زۆربەى قورئان خوێنەکانى میسریش بە مەقامات مەشهوورن، ڕەنگە تەنها عێراق و میسر خاوەن مەدرەسەیەکى تایبەتى بن لە بوارى قورئان خوێنیدا، بۆیە دەبینین زۆربەى قورئان خوێنەکانى سەردەمە زێرینییەکە هەر هەموویان یان عێراقى بوونە یاخود میسرى.
تا چەند ساڵێک پێش ئێستا ژمارەیەک لەو دەنگ خۆشانەى عێراق و میسر ساحەکەیان داگیر کردبوو، ئەستێرەى زۆر درەوشاوە لەنێویان دەرکەوت کە ساڵانێک بەدەنگە خۆشەکانیان قورئانى پیرۆزیان دەچڕى، پێش ئەوەى شەپۆلى سەلەفییەت ناوچەکەمان بگرێتەوە و کولتوورێکى نامۆى خوێندنەوەى قورئان بەسەرماندا فەرز بکەن کە پێى دەرێن (تەریقەتى سەلەفى) بەمەش زۆربەى ئەو دەنگەخۆشانەى پێشترمان لەدەستچوون و، ئێستا بەداخەوە زۆربەى کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و ڕادیۆکانیش چوونەتە سەر ئەو شەپۆلەى سەلەفییەت و زۆر بەدەگمەن گوێمان لە قورئانەخۆشەکانى جاران دەبى. بۆ ئەوەى خاوەن ئەو دەنگە ڕەسەن و نازدارانەى جارانمان لەبیر نەچێتەوە پێم خۆشبوو باسى هەندێکیانتان لۆ بکەم.
ڕەنگە زۆربەتان بزانن کە یەکەم ئێزگە لە ناوچەکەدا هاتە دامەزراندن، ئیزاعەى میسر بوو لە ساڵى 1934 پێش ئەوە هیچ وەسیلەیەک نەبوو لۆ گەیشتن بە گوێگرەکان، ئەو سەردەمە خەڵکى زیاتر لە مزگەوتەکان یاخود لە بۆنە ئایینەکانى وەکوو مانگى ڕەمەزان، هەروەها لەتازییەکاندا گوێیان لەقورئان دەگرت.
لەو سەردەمەدا (شێخ محەمەد ڕەفعەت ) یەکێک بوو لە قورئان خوێنە هەرە ناسراوەکانى میسر کە ملیۆنان هەوادارى هەبوو. لەگەڵ کردنەوەى ئێزگەى میسر پەیوەندییان پێوەکرد و داوایان لێکرد بۆ کردنەوەى ئێزگەکە چەند سوورەتێک لەقورئانى پیرۆز بەدەنگى ئەو تەسجیل بکەن. بەڵام شێخ بەوە ڕازى نەبوو، پێى وابوو ئەمە (بیدعە)یە، وەک هەر شتێکى تازە کە لەسەرەتادا کەس لێى نازانێت یاخود دژایەتى دەکەن تا دواتر بۆیان ڕووندەبێتەوە. بۆیە هەندێ لەکارمەندانى ئێزگەکە دەچوون لە کاتى قورئان خیندنى شێخ ڕەفعەت لە مزگەوت تەسجیلیان بە نهێنى لە پشتى دادەنا و دەنگەکەیان تۆمار دەکرد. بەمەش کارێکى مێژووییان کرد کە توانیان ئەو دەنگە خۆشەى شێخ محەمەد ڕەفعەت بپارێزن کە نازناوى (قیثارة السماء) لێنرابوو.
دواى چەند ساڵێک لەمردنى شێخ ڕەفعەت هەندێک لەئایەتەکانى قورئان لەسەر تەسجیلاتەکان سڕابوونەوە و تێک چوو بوون، بۆیە هانایان بۆ شێخ ئەبوو عەینین شعیشەع برد بۆ ئەوەى ئایەتەکان تەواو بکات، چونکە دەنگى ئەو زۆر نزیک بوو لەشێخ ڕەفعەت. تەبعەن لاى من خۆشترین سوورەت کە بەدەنگى شێخ ڕەفعەت تۆمار کرابى (سوورەتى مەریەم)ە کە ئینسان بەگوێگرتنى باڵ دەگرێ بۆ حەوت تەبەقەى ئاسمانەوە.
دواى ئەم شێخە گەورەیە، کەسانێکى تریش لەساڵانى چلەکان و پەنجایەکانى سەدەى ڕابردوو دەرکەوتن کە هەر یەکیان دەنگێکى ناوازە و تایبەتى خۆى هەبوو، ناوبانگى زۆریان بۆ خۆیان پەیدا کرد لەوانەش:
شێخ نەسرەدین تۆبار و شێخ عەلى مەحمود، دواتریش شێخ مستەفا ئیسماعیل کە نازناوى (قاریء الملوک)ى پێدرابوو، چونکە قورئان خوێنى تایبەتى مەلیک فاروقى میسر بوو. لەسوورەتى (الحاقە)دا ئیبداعەکى وایکرد کە تا ئێستا کەس نەیتوانى بەربەرەکانى بکات.
شێخ عەبدولفەتاح شعشاعی، ئەویش یەکێک بوو لە مامۆستایەکانى قورئان لەسەردەمى خۆیدا و، بە سوورەتى (قاف) دونیاى دەهێنایە لەرزین. بێجگە لەوانەش، شێخ تەها ئەلفشنی و شێخ مەحمود خەلیل ئەلحەسری لەو سەردەمە ناوبانگیان هەبوو..
لە پەنجا و شێستەکان سەردەمى جیلى دووەمى قورئان خوێنەکان دەستپێدەکات بە شێخ عەبدولباست عەبدولسەمەد کە بە نازناوى (اسطورة القراء) ناسرابوو، لە بەغدا لەتازییەى دایکى مەلیک فەیسەڵ سوورەتى (الحشر والتکویر) خوێندەوە کە لووتکەى ئیبداع بوو، هەتاکوو ئەمڕۆش کەس نەیتوانى وەکوو ئەو بیخوێنێتەوه، هەرچەندە سەدان کەس ویستیان تەقلیدى بکەن، بەڵام کەسیان وەکوو ئەو نەبوون. ئەمە بێجگە لەوەى دەیان و سەدان سوورەتى دى هەیە کە هەر یەکە و تابلۆیەکە لەئیبداع.
دواى ئەو شێخ محەمەد سدیق مەنشاوى هاتە مەیدان، ئەویش یەکێک بوو لە گەورە مامۆستایانى قورئان، لەسوورەتى (طه) دا ئیبداعەکى کرد کە دووبارە نابێتەوە..
شێخ (ابوالعینین شعیشع) ناسکترین و خۆشترین دەنگ، زۆرجار لەگەڵ کردنەوەى بەشى تورکمانى لە ئیزاعەى کوردى بەغدا سەعات 3:30ى عەسران تەسجیلاتەکەیان پەخش دەکرد، خۆشترین سوورەتیش بەدەنگى ئەو سوورەتى (النجم) بوو کە قیتعەیەکە لەئیعجازى دەنگ.
دواى ئەویش شێخ محەمەد مەحمود تەبەڵاوی کە ئەویش دەنگێکى ناوازەى هەبوو، بەو دواییانە بووە سەرۆکى نەقابەى قورئانخوێنانى میسر، ئەویش لەسوورەتى (الزخرف) ئیبداعیکى بێ وێنەى کرد.
لەشێست و حەفتایەکان، لەگەڵ کردنەوەى تەلەفزیۆنى #کەرکووک# بۆ ماوەى دە دەقیقە قورئان پەخش دەکرا، لەو سەردەمە ژمارەیەک لە قورئانخوێنەکان هاتنە سەر تەلەفزیۆن لەوانەش: (شیخ محمود علی البنا، شیخ ڕاغب مصطفى علوش، شغخ کامل یوسف البهتینى، شیخ ڕاتب الکلحی.هتد ..)
لەعێراقیەکانیش لەو سەردەمەدا ژمارەیەک قورئانخوێن لەتەلەفزیۆن دەرکەوتن لە پێش هەموویانەوە مامۆستاى مەقامات حاجى مەحمود عەبدولوهاب. ئوستازى مەقامات (الحافظ خلیل اسماعیل، الحافظ مهدی، الحافظ صلاح الدین، سعید حسین القلقالی، علاء الدین القیسی، ولید ابراهیم الفلوجی، طالب السامرائی، عامر الکاظمی) لاى خۆشمان بەم دواییانە، لە قورئانخوێنە دەنگخۆشەکان مەلا تائیف ئەحمەد و مەلا نامیق مستەفا..[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!