عەیبە بۆ تۆ کە نەسڵی کوردانی
حورمەتی خاک و باد نازانی
کاغەزت بێ بە تورکی ئەینووسی
یا زوانی زەبوونی ئێرانی
کەی عەرەب کاغەزی بە تورکی بوو؟
یا عەجەم کەی بە ڕەسمی عمرانی؟
مشتە بۆ دۆم و پینەچی دەرزی
هەم عەلافیش قەپانی کێشانی
تۆ ئەبینی خەیات شەش درەمی
وەک مەقەس دابنێ لەسەر ڕانی؟
یا فەقێ سوزن و کەفەی کۆپان
یا مەلا وردە پیتی سوڵتانی
ئەمە هەرکەس خوا لەسەر ئیشی
بە کەرەم ڕەحمی کرد و خولقانی
قانعا قەت بە خۆت نەبی دڵخۆش
تۆیش یەکێکی لە خزمی کوردانی
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]