قەڵای هۆز و گەل شاخی هەورامان
پرسیارم هەیە دەستم بە دامان
لەلام ڕووناکە شاخێکی سەختی
پشت و کۆمەکی وەخت و بێ وەختی
سەر کڵاوانت کوێستانی پڕ گوڵ
تەماشای گوڵت زاخاو ئەدا دڵ
چنور و شەوبۆ بەڕەزا و کەرەس
ڕێواس و پیچک داوێنی هەرەس
کەوی دەنووک سوور کۆتری هاقوو
قیژەی قژاکە قژقژی پەپوو
کوێستانی بەرزی لە گیتی تاکی
خەتی ماجینۆی کوردی بێباکی
کوێستانی بەرزی بەرزە دەماخی
گشت کەس ئەزانێ کە شاخ و داخی
کتێبی زەردەشت کە ئاوێستایە
وەک باقی کتێب خەڵاتی خوایە
بە زوان هەورامی هاتە سەر بەشەر
یانێ های زەردەشت بووی بە پێغەمبەر
تا دەورەی خۆی بوو وەک باقی دینان
بەڵام نەسخ بوو ئەویش بە قورئان
«ماریفەت و پیر» وتەی شالیارە
کە بە پیرشالیار لە گشت کەس دیارە
شاخی هەورامان هەرچەن ڕەنجەڕۆم
زۆر چاک بزانە کە مەمنوونی تۆم
چونکە پاراستت تۆ ئەو زمانە
تێکەڵت نەکرد لەگەڵ بێگانە
نە ڕۆم نە عەجەم نە تورکی تاتار
نە ڕووس نە ژاپۆن نەدەس ئیستعمار
نەهاتە ناوت سەربەخۆ ژیای
بۆ لاوەکانت تۆ پشت و پەنای
ئێستە نازانم بۆ چی بێ ڕەنگی؟
دوور بێ لە گیانت بۆچی دڵتەنگی؟
***
وتی ئەی قانع لەمن بێکەس تر
لەمن داماوتر لەمن بێ دەس تر
بۆچی لێت پرسیم دەردم گرانە
وا من پێت ئەڵێم زۆر چاک بزانە
تەماشا ئەکەم بەرزە دەماخم
لەناو شاخانا سەرگەورەی شاخم
نە تانک و نە تۆپ ئیشم تیا ناکا
بەسەد تەییارە بەردێ لا نابا
نە جیب نە لۆری نە فۆردێ نە پاس
ڕێگەیان نییە نە خراپ نە خاس
مامۆسام نییە بە لاو بخوێنێ
ئەولادەکانم بۆ تێگەیەنێ
پزیشکم نەدی من لە عومری خۆم
وەسام تیا نەبوو جگ لە جۆڵا و دۆم
جێی کشت و کاڵم تا بڵێی کەمە
بەڵام پرچ و ڕیش تا بڵێی هەمە
لە هاڵ و شەوە و خێوی سەر کانی
جنۆکەی زل زل دێوی شەیتانی
مەکتەبێک نەبوو ئەمانە لابات
زانینی ڕاستی تێدا پەیدا کات
منیش پێشکەوم وەک باقی یاران
بەجێ نەمێنم لەگەڵ هاوسەران
ئەوسا بنازم بڵێم من شاخم
شاخی هەورامان بەرزە دەماخم
باوجوود هەتا دەوران وەها بێ
خەمخۆرێ بۆ من قەت پەیدا نابێ
ئەگەر لەناو من لابەی نەزانین
ئەبم بە بەهەشت سەراسەر زەمین
بێ تەماشام کە لەکاتی بەهار
گوڵی ڕەنگا ڕەنگ لەیەک تا هەزار
قەڵبەزەی تاقم قرمەی بەفراوم
چەپکەی لانزار وەک بووک نەخشاوم
شنەی نەسیمم لەبەری بەیان
ئەدا لە گۆنای نازک نەو هاڵان
ئەمجا ئەزانی کە من بەهەشتم
سەر تا بەخوارم ڕاستە گوڵ گەشتم
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #شاخی هەورامان#
[1]