(11ی سێپتەمبەر) وەرچەرخانێکی مێژوویی!
#کارۆخ خۆشناو#
لە سەرەتای سەدەی (21) و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (#11-09-2021# ) ئەمریکا ڕووبەڕووی گەورەترین و دڕندانەترین و بەناوبانگترین هێرشی تیرۆریستی بوویەوە، لە ڕێگای چوار فڕۆکەی سڤیلی نەفەرهەڵگر، چەند پێگەیەکی ستراتیژی ئەمەریکا کرانە ئامانج، لە ناویاندا هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویورک و بارەگانی پەنتاگۆن لە واشنتن، بەهۆیەوە (2977) کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی (25000) کەس بریندار بوون.
کاردانەوەی ئەمەریکا بۆ ئەم هێرشانە وەرچەرخانێکی مێژووی درووستکرد، بە جۆرێک مێژووی مرۆڤایەتی پێش و دوای هێرشەکانی (11ی سێپتەمبەر) لە هەموو ڕووەکانەوە گۆڕانکاری زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا، لە یەکەم وتاریدا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا (جۆرج W بۆش )جیهانی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا (بەرەی تیرۆر و بەرەی ئەمەریکا).
لە سەرەتای هێرشەکانەوە، ئەمەریکا ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدەی تۆمەتبار کرد، دواتر ئەم ڕێکخراوە بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لەئەستۆی خۆی گرت.
پەرچەکرداری ئەمەریکا بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری هەمەجۆر (سەربازی، ئابووری، ئایدۆلۆژی.....هتد) بەرانبەر بە تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهان، لە دەرەنجامی ئەم هێرشانەدا ئەمەریکا هەردوو ڕژێمی ئەفغانسان و ئێراقی ڕووخاند و کۆمەڵێک بنکە و پێگەی سەربازی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درووستکرد، لە ئێستادا ئەمەریکا زیاتر لە (160) هەزار سەربازی لە (150) وڵاتدا بەسەر (865) بنکەدا دابەشکردووە، کە لە (80) وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەکەن.
ئەم هێرشانە پرسی پاراستنی ئاساییشی کردە پرایۆرتی (ئەولەویەت) و گرنگی ئەم پرسەشی خستە پێش پرسەکانی تری وەک ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە بەهۆی ئەم هێرشانەوە ئازادی تاکەکان سنووردار کران و لە ڕێگای ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە مرۆڤەکان خرانە ژێر چاودێریەوە.
شەڕی تیرۆر تاکوو ئێستاش بەردەوامە، ئەگەرچی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لاواز بووە، بەڵام گرووپی تیروریستی تر لە فۆڕمی تردا درووست بوون، وەک لە چەند ساڵی ڕابردوودا (#داعش#) سەری هەڵدا و بووە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، لەو کاتەدا ئەمریکا بۆ لەناوبردنی ئەم مەترسیە هاوپەیمانییەتێکی لە (70) وڵات پێکهێنا و بە هاوکاری و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و #شەڕڤان#ان، توانرا ئوستوڕەی داعش تێکبشکێنرێت.
دوای نزیکەی دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر، ئەمریکا ستراتیژیەتێکی نوێی گرتووەتەبەر، کە بریتییە لە میکانیزمی پشتبەستن بە هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی ئاساییشی ناوچەکانیان، واتە ئەمریکا چیتر بەشدار نابێت لە شەڕە بێکۆتاکان و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاساییشی خۆیان بپارێزن، لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا بڕیاریداوە هێزەکانی لە ئێراق و ئەفغانستان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، هەروەها گفتوگۆشی دەستپێکردووە لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان.
یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی ئەمریکا بریتییە لە ئاسایکردنەوە پەیوەندی (عەرەب-ئیسرائیل) و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەژێر چەتری (گرێبەستی سەدە) بە مەبەستی درووستکردنی بەرەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەژموونی (چین و ڕووسیا و ئێران) و دەستەبەرکردنی ئاساییش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەگەرچی ئەمریکا قوربانی زۆری داوە لە شەڕی تیرۆردا، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت زیاتر لە (7) هەزار سەربازی کوژرا بن و نزیکەی (7) ترلیۆن دۆلاریشی خەرج کردبێت، بەڵام تاکوو ئێستاش دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هێرشەکانی (11)ی سێپتەمبەر بەردەوامن و هەڕشەی گرووپە تیرۆرستییەکانیش هەر بەردەوامن. [1]