- کردنەوەی بەشی کوردیی ڕادیۆی تاران.
- دەرچوونی ژمارەی یەکی گۆڤاری هونەر لە سلێمانی، لەلایەن خوێندکارانی هونەری نێوماڵەوە.
- دەرچوونی گۆڤاری نیشتمان لە سلێمانی، لەلایەن خانەی مامۆستایانی سەرەتایییەوە.
- دەرچوونی ژمارە یەکی گۆڤاری بەیان لە سلێمانی، کە خاوەنەکەی عەبدولقادر بەرزنجی بوو و سەرۆکی نووسینیشی گۆران بوو.
- گۆتفرید یۆهانیس میوللەر پەڕتووکێکی بە نێوی لە ڕۆژهەڵاتی گڕتێبەربوودا بڵاوکردەوە، میوللەر لەم نوسراوەیدا بە دوور و درێژی باسی ئەوە دەگێڕێتەوە کە چۆن چەند ئەفسەرێکی ئەڵمان لەگەڵ کوردێکی خەڵکی هەولێر کە نێوی ڕەمزی نافیع بووە، بە سەرۆکایەتیی ئەو و بە فڕۆکەیەکی سوپای ئەڵمان چونەتە کوردستان و خەریک بوون بە دزییەوە هۆزە کوردەکان ڕێکبخەن لە دژی ئینگلیزەکان و پاشان هەموویان گیراون.
- کۆتایی بەهاری ئەم ساڵ: بەهۆی فشاری ڕژێمی عەبدولکەریم قاسمەوە، نزیکەی 14 هەزار کەس بووەنە پەناهاندە لە ئێران و 4 هەزاریش بۆ تورکیا، ئەمانە زۆربەیان ئەو هۆز و سەرۆک هۆزانە بوون کە لەگەڵ بارزانییەکاندا ناتەبا بوون لەوانە، داود جافی برازای وەسمان پاشا، عەلی بەگ و هۆزی شەرەفبەیانی، تاڵەبانییەکانی کەرکووک بە سەرۆکایەتیی شێخ نەجمەدین، بنەماڵەی شێخ مەحمودی بەرزنجی، حەمە ڕەشید خان، بابەکر ئاغای پشدەری، عەلیی حەسەن ئاغای مەنگور، شێخ عوسمانی بیارە، شێخ عەبدولکەریمی بەرزنجەیی، فەتاح بەگی هەرکی، مەحمود خەلیفەی برادۆستی، شێخ ڕەشیدی لەولان و شێخ محەمەدی زێباری کە بە 4 هەزار کەسەوە پەنای بۆ تورکەکان برد.
- پڕۆفیسۆری ئێتنۆلۆژیی ئەڵمانی ڤۆلڤگانک ڕۆدۆلف، کە چەند جارێک چووەتە کوردستان دوو وتاری لەسەر کوردستان بڵاوکردەوە.
- بڵاوکردنەوەی وتارێک بە نێوی کارەکانی پ. لێرخ لە بارەی کوردناسییەوە لەلایەن قەناتی کوردۆوە، لە پەڕتووکی لە بارەی مێژووی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسەوە، بە زمانی ڕووسی لە مۆسکۆ.
- هاوینی ئەم ساڵ، گەشەکردنی دابڕانەکانی نێوان پدک. کە کۆمیتەی نێوەندی بووە دوو بەشەوە، بەشێکیان سەربە حشع و ئەوی تریان دەیەویست کە پارتی بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە. ئەوانەی کە دەیانویست پارت بکەنە بەشێکی حشع بریتی بوون لە: هەمزە عەبدوڵڵا، ساڵح حەیدەری، حەمید عوسمان، نەژاد ئەحمەد، خەسرەو تۆفیق و ساڵح ڕوشدی.
- دەزگای ساواکی ئێرانی نزیکەی 250 ئەندامی حدکای دەستگیر کرد، کە لە نێویاندا شاری ئەتایی ئەندامی کۆمیتەی نێوەندیی تێدا بوو، بەو شێوەیە ئەندامانی حدکا پەرتەوازە بوون و هەندێکیان خۆیان شاردەوە و هەندێکیان لە بەندیخانە و هەندێکی تریان لە ئێڕاق و پاشان ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم دەریکردن و ئەوانیش بە پەناهاندەیی چوون بۆ سووریا و لوبنان و ئەوروپا، هەندێک لە گیراوەکان ئەمانە بوون: غەنی بلوریان، سدیقی عەلائی،....
- حدکا، پەیڕەو و پرۆگرامێکی نوێی دەرکرد.
- بەعسییەکان لە جادەی الرەشید تەقەیان لە عەبدولکەریم قاسم کرد، بەڵام تەنها بریندار بوو، سەددام حوسەین یەکێک بوو لەوانەی کە بەشداریی ئەو چالاکییەیان کرد، پاشان ڕایکرد بۆ سووریا.
- تاوەکو ئەم ساڵ تەنها دوو بانک لە باکووری وڵاتدا هەبوو.
- لەدایکبوونی چیرۆکنووسی کورد فرات جەوەری لە گوندێکی چیایێ مازی لە باکوور.
- گیرانی کادرێکی حدکا، بەنێوی ئیسماعیلی قاسملو لە شاری بانە لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە.
- گیرانی 49 خوێندکاری زانکۆیی کورد لە ئەستەمبوڵ، بە تاوانی ئەوەی کە بەزمانی کوردی ئاخاوتنیان کردووە.
- لەدایکبوونی قەیس محەمەد ئەحمەد ناسراو بە ڕێناس، لە شاری هەولێر.
- کۆچی دوایی شێخ قادری بەرزنجی لە سلێمانی.
- کۆچی دوایی محەمەد وەفا.
- عادل جەلال بووە پارێزگاری سلێمانی.
- دامەزرانی تیپی ئاکۆ بۆ تۆپی پێ لە سلێمانی.
- یاریکردنی شانۆنامەی شەوی کۆتایی لەلایەن تیپی لاوانی سلێمانی.
- هۆنینەوەی یەکەمین هۆنراوەی نوێ لەلایەن هۆزانەوان عەلی حەسەنیانی - هاوار لە خۆرهەڵات. هەڵبەستەکە نێوی جەلـلاد بوو.
- بەهاری ئەم ساڵ: تەجمیدکردنی جەلال تاڵەبانی لە پارتیدا.