ئەحمەد ئیلاهی، وەزیری ئابووری کۆماری کوردستان بووە.
لەدایکبووی ساڵی 1287هەتاوی (1909/1908زانینی) لە شاری مەهاباد
کۆچی دوایی: 14-08-1350هەتاوی (05-11-1971) لە شاری تاران
مام ئەحمەدی ئیلاهی، ئەحمەدی حاجی ئەڵای لە ئەندامە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف و نێوی ڕێکخراوەیی لە کۆمەڵە دا ئا.ئا.ڕژدی -24 بووە. ئیلاهی لە گۆواری نێشتمان و لە ڕۆژنامەی کوردستان دا نووسینی هەیە. بە پێی قسەی ویلیام ئیگلتنی کوڕ، قازی محەمەد لە مانگی ئۆکتۆبری 1944 لە ماڵی ئەحمەدی ئیلاهی سوێندی ئەندامەتی ژێکافی خواردووە. ئەحمەدی ئیلاهی ئەندامی کۆمیتەی نێوەندیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و لە حکوومەت دا وەزیری ئابووری بووە. ئەم نووسینەی خوارەوە لە دوایین سێ ژمارەی نێشتمان دا کە بە یەکەوە بڵاو بوونەتەوە چاپ کراوە.
نیشتمان ژماره9، 8، 7، ساڵی ییکەم، بەهاری 1323، لاپەڕەی 12
آ:ڵ، ب؛ ا.ا.رژدی-24
ئاشتی
لە گیتی دا بە هۆی ڕێ و شوینی مرۆکی پایدار نابێت، پێویستە پەنا برێتە بەر قانوونێکی یەزدانی و ئاسمانی
زۆر چاک دەزانن له و ڕۆژەوە کە گیتی دروست کراوە و باوک ئادەم لەسەر گەنم خواردن فڕێدرایە سەر زەوی جەنگ و ئاژاوە و پشێوی لە ناو ئادەمیزاد نەبڕاوەتەوە. یەکەم جار قابیل، هابیلی کوشت و نرخی برا کوشتنی باو کرد، بەم جۆرە تا ئیمڕۆژ دەریایەک زۆر هەڵکەوت (حادثە)مان پیشان دەدا کە هەر یێکەی چەند ساڵێک گیتی شڵەژاندووە و مەردومی خستۆتە داماوی و زەبوونییەوە.لە ئەنجامی هەر جەنگێک دا بۆ ڕێکی و ئاشتێکی هەمیشەیی هێندێک ڕێوشوێن داندراوە، بەڵام هیچ کامەیان نەیان توانیوە تا سەر ئەم ئارەزووە پێک بهێنن تەنانەت عصبەالاممی جەنگی ڕابردووش کە زۆر کەس پێی دڵنیا بوو ئەم جەنگەی ئێستای بۆ بەربەست نەکرا.
ئەمن لە کنم وایە هەر وەکوو قەوانینی بەشەری تا ئیمڕۆ نەیان توانیوە ئاسایشت و خۆشی لە گیتی دا بڵاو بکەنەوە، لەمه و دواش ئه و کەلکەیان لێ وەرناگیرێت، چونکوو دەستوورێکی مرۆک (بەشەر) دای بنێ عەداڵەت و دادی یان تەواو تێدا نابێت یان تێشی دابێ بە تەواوی ئیجرا ناکرێت، حەقی یەکێک دەدرێ بە یەکێکی دیکە، ئینجا گلەیی لە ناوا پەیدا دەبێ و جەنگ و شەڕ و شووڕ لە هەموو گیتی دا هەڵ داییسێت.دوور نەچین ئەم کوردستانەی خۆمان کە سیاسەتی ئیستیعمار خستوویەتە ژێر چەنگاڵی جەور و ستەمی دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، وعێراقی هیچ و پووچ، چاوی وردبینی دونیای موتەمەدین گەوایە کە ماوەیێکی زۆر درێژە هیچ کامێک لەو حکوومەتانە نانی ڕەحەتیان نەخواردووە و دایما لە گۆشەیێکی کوردستاندا ئاگری هەرا وشەروشت گڕی بۆ ئاسمان بەرز بوە و گەلێک زیانی ماڵی و گیانی لەم دەوڵەتە نەگریسانە داوە بۆچی؟ لە بەر ئەوەی کورد هەستی بە مەزلوومی خۆی کردووە دەیەوێت خۆ ڕزگار بکات.
لەم چەند ذێڕانەی سەرەوە چاک دەردەکەوێ کە هەر قانوونێک بەشەر دای بنێ بۆ ئاشتی و سوڵحی گیتی کیفایەت نییەم جا بۆیە دەبێ پەنا ببرێتە بەر دەستوورێکی ئاسمانی و یەزدانی. من لەم بابەتەوە پێم وایە لە نێوان دەستوورەکانی ئاسمانی دا بۆ بڵاوکردنەوەی عەداڵەت و خۆشی لە گیتی دا هیچیان ناگەنە (دەستووری ئیسلام).لە ژمارەکانی دیکە دا لەم مەوزووعە بە درێژی دەدوێم.
تێبینی. ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە کتێبی ساوجبلاغ مکری (مهاباد) وەرگیراوە
سەرچاوەی وێنە: کتێبی ویلیام ئیگلتن [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!