گوندی داودييەی زێدی (شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی) بەدووری (5کم)دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی شاری قەڵادزێ. هەرچەندە مێژووی ئەو ڕووداوە نازانرێت، بەڵام بەپێيی قسەی پياوانی بەتەمەنی گوندەکە نزيکەی(500)ساڵ بەرلەئێستا لەو گوندەدا کوڕو کچێک بەناوی(فەرخ و ئەستی) بەشێوەيەک عاشقی يەکتربوون کە لەئێستادا گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەيان بەبەيت و هۆنراوە شوێنێکی ديارو بەرچاوی هەيە لەناو داستانەکانی ئەدەبياتی فۆلکلۆری کوردەواريدا.
بەپێيی گێڕانەوەکان: پياوێک بەناوی (مامادين) کە خەڵکی گوندی داودييە بووە، دوای مردنی(12)کوڕی لەتەمەنی پيريدا خوا کوڕێکی تری پێ بەخشيووە بەناوی(فەرخ). ئەو منداڵە هەردوای لەدايک بوونی دەستيکردوە بەقسەکردن و پێکەنين! هەربۆيە خەڵکی گوندەکە پێيی سەرسام بوون. لەوکاتەدا(مام خەليفە)ی برا گەورەی مامادين و باوکی(خاتوون ئەستی)لەترسی سوڵتانی ئەوکاتەی ئيمپڕاتۆريەتی عوسمانی بڕياريداوە ئەو منداڵە مەترسيدارە نەگبەتە بخاتە ناو تەويلەی ئێسترو ئەسپەکانييەوە بۆ ئەوەی بەناڵی قاچەکانيان بيکوژن، بەڵام دواتر ئەو کارەی مامی فەرخ بێ ئاکام بووە. پاشان خەڵکی ناوچەکە بۆيان دەردەکەوێت کە ئەو منداڵە مرۆڤێکی ئاسايی نييە، بەڵکو لەداهاتوودا دەبێتە شێخ و کەسێکی ناودار. دوای گەورە بوونی شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی، هەردووکيان بەشێوەيەکی سەرشێتانە عاشقی يەکتر بوون. هەرچەندە خاتوون ئەستی لەبری شوانيکردن بۆ باوکی لە(شوخاڵ)ناوێک مارەکراوە، بەڵام فەرخ و ئەستی گوێيان بەو کارە نەداوە. سەرئەنجام دوای ئاشکرابوونی پەيوەندييەکەيان شێخ فەرخ بەناچاری گوندی داودييەی جێهێشتووەو ڕوويکردۆتە وڵاتی شام بۆلای ماڵی خاڵانی. دوای ماوەيەکيتر کاتێک شێخ فەرخ هەواڵی نەخۆشکەوتنی ئەستی مەعشوقی دەزانێت بڕياريداوە بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەيان. دوای گەڕانەوەی لەخوار گوندی داودييەو لەنزيک کانی(بەيبوون)ی ئێستا، کۆمەڵێک منداڵ دەبينێت و پرسياری دەنگ و باسی ئاواييان لێدەکات. ئەوانيش لەوەڵامدا دەڵێن: (خاتوون ئەستی نەخۆشەو خەريکە دەمرێت!)وەک توانجێکيش دەڵێن: (بڕۆ گۆشت و پڵاو بخۆ). ئەويش لەداخی ئەو هەواڵە ناخۆشەدا دەسکە بەيبوونەکەی ناوپشتێنی فڕێدەداتە سەر زەوی. هەربۆيە لەئێستادا ئەوشوێنە بەکانی بەيبوون ناسراوەو تاوەکو ساڵانی ڕابردووش ئەو گوڵە لەشوێنەکە سەوز بووە. دواتر لەنزيکی گوندەکە شێخ فەرخ (زەنوون)ی شوانی مێگەلەکەی خۆيان دەبينێت، ئەويش لەبەرامبەر نەخۆش کەوتنی خاتوون ئەستيدا زۆر دڵی دەداتەوە. هەربۆيەو لەئەنجامی ئەو دڵدانەوەيەدا دواتر شێخ فەرخ دەڵێت: (کاتێک کە مردم و کەسێک ويستی سەردانی گۆڕەکەم بکات دەبێت پێشتر سەردانی گۆڕی(شێخ شوان)واتا شێخ زەنوون بکات، چونکە خۆشەويسترين کەسی منە). لەکۆتاييدا بەداخەوە مردن ڕێگە نادات شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی بەيەک بگەن، چونکە خاتوون ئەستی بەهۆی نەخۆشييە کوشندەکەيەوە کۆچی دوايی دەکات. جێگای ئاماژەيە ئێستا هەرسێ گۆڕی(شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی و شێخ شوان)لەيەک گۆڕستاندا بەدووری چەند مەترێک دەکەونە خۆرهەڵاتی گوندی داودييە.
عومەر ئيسماعيل مارف
تێبينی: ئەو بابەتە لەژمارە(11)ی گۆڤاری(کەپر)دا بڵاوکراوەتەوە.
Этот пункт был написан в (کوردیی ناوەڕاست) языке, нажмите на значок
, чтобы открыть элемент на языке оригинала!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Эта статья была прочитана раз 15,166
Ваше мнение о предмете!