بە ناوی خوای گەورەی میهرەبان
ماوەیەکە کتێبێک کەوتۆتە ناو هاووڵاتیانەوە بە ناوی (قورئان بە زمانی کوردی) لە نووسینی (د. محەمەد ئیبراهیمی –شەپۆڵ)، کە وەک دیارە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆزەو، پێشتریش وەکو وەرگێڕانی قورئان بڵاوکرابووەوە، واتە پێشتر ئەم نووسینەیان وەکو وەرگێڕان و ڕاڤە لەگەڵ قورئان نووسیبوویەوە، بەڵام ئەمجارەیان دەقی قورئانیان لەگەڵ نەنووسیوە، ناویشیان لێی ناوە (قورئان بە زمانی کوردی)، بۆیە ویستمان هاووڵاتیانمان بەم خاڵانەی خوارەوە لەم نووسینە ئاگادار بکەینەوە.
یەکەم: مامۆستا شەپۆڵ زانایەکی گەورە و بە توانایە، چ لە ڕووی زانست و زانیاری و چ لە ڕووی عەرەبی زانیدا، کەسێکی ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دووەم: ئەوەی مامۆستا شەپۆڵ ئەنجامی داوە ڕاڤەی قورئانە نەک قورئان، بۆیە ناونانی بە (قورئان بە زمانی کوردی) هەڵەیە، چونکە زانایان لە پێناسەی قورئان دەفەرموون: بریتییە: لەو ڕستە و وشانەی بۆ سەر پێغەمبەر موحەمەد درودی خوای لەسەر بێت دابەزیوە، موعجیزەیە و کەس ناتوانێت هاووێنەی کورتترین سورەتی بهێنێتو، خوێندنەوەی بە خواپەرستی دادەندرێت) ئەم پێناسەیە بە هیچ شێوەک لەم نووسینە نایێتە جێ، چونکە ئەم دەقە کوردییە بۆ سەر پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دانەبەزیوە. هەروەها خوێندنەوەشی وەکو ڕاڤەی قورئان خێری تێدایە، بەڵام قەت وەکو خواپەرستی خوێندنەوەی دەقی قورئانی داناندرێت. هەروەها ئیعجازیشی تێدا نییە، چونکە هەموو خاسیەت و تایبەتمەندییەکانی قورئانی لە دەستداوە جگە لە کورتە ماناکەی.
سێیەم: جەماوەری زانایان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی تەرجەمەی قورئانی پیرۆز دروست نییە، بەتایبەتی کە دەقی قورئانەکەی لەگەڵدا نەبێت، بەڵکو ئەوەی ڕێگەی پێدراوە تەفسیر و شیکردنەوە و ڕاڤەیە.
چوارەم: ئەوەندەی تەماشامان کردووە، ماناکەی دروستەو، لەوەدا هەرچەندە ماناکەی کورتە و پێویستی بە درێژەپێدانی زیاتر هەیە، بەڵام وەکو تەفسیرێکی کورت مانای داوە.
پێنجەم: هەوڵبدرێت ئەم کتێبە بڵاونەکرێتەوە تا دەقی قورئانەکەی لەگەڵ دانەندرێت.
شەشەم: ناوی کتێبەکە بگۆڕدرێت لە (قورئان بە زمانی کوردی) چونکە بەم ناونیشانە، خەڵکانێکی زۆر وەکو قورئان تەماشای دەکەن، لە کاتێکدا قورئان نییە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
لێژنەی باڵای فەتوا
23/شەعبان/1434 کۆچی
1/7/2013 میلادی