من، سمایل عەزەمی،
لە ساڵی 1974 لە ناوچەی میرانشان سەر بە شاری (دیواندەرە) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووم.
خوێندنم تا دیپلۆم لە شاری دیواندەرە بووە، پاشان وەک مامۆستای قوتابخانە ڕەوانەی لادێکانی ئەو ناوچەیە بووم و هاوکات خوێندنم لە زانکۆ تا پلەی کارناس لە بواری کۆمەڵناسی لە شاری سنە درێژه پێداوە.
لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە حەزم لە نووسین کردووە و شیعرم هەر لەو تەمەنەوە لە گۆڤار و بڵاوکراوە فارسی و کوردییەکاندا وەکو سروە، جوانان امروز، اطلاعات هفتگی و سیروان و...بەرهەمی فارسی و کوردیم چاپ کراوە.
تا ئێستا دەیان وتار و وتووێژی ئەدەیبی و سێ کۆشیعرم بڵاوکردوەتەوە بە ناوەکانی (فەرهەنگی تازەیهەورەکان، چرکانەکانی ئێوارەییەکی نامۆ و کچە گیان). بەرهەمەچاپنەکراوەکاننم بریتین لە<تەنیاییکڵاوەکەیلارداناوە)کۆ شیعر، (پەیڤ، هایکۆی کوردی)، و هەروەها دوو کۆ چیرۆک بۆ میردمنداڵان و چەند کاری لێکۆڵینەوەو...کە بەرهەمی چەند ساڵی ڕابردوون.
هەروەک باسم کرد لە مێردمنداڵێەوە حەزم لە نووسین و بەتایبەت شیعر بووە. سەرەتا لەبەر باوکم کە ئەیویست من لە مەجلیس و دیوەخان لە پەنا باوکم دانیشم و قورئان و کتێبە ئایینییەکان بخوێنمەوە و ئەویش لای خەڵک ڕووسوور بێ بۆ کوڕێکی گوێڕایەڵ و کوردیزان کە گەورەی کردووە! پاشان لەبەر ئەوەی لە گەڕەک و قوتابخانە پێم بڵێن شاعیر! هەستم ئەکرد بوومە بە هەژار و هێمن...
لەو تەمەنە هەوڵم ئەدا بە لاسایی کردنەوەی شاعیرانی فارس و کورد شیعر بنووسم. تەنانەت چەند دەفتەری دەسنووسم هەرماون.
بەڵام شتێک لەمندا وەک تازەگەری و بیرۆکەی نوێ و هەوڵ بۆ نوێبوونەوە هەیە کە بەردەوام هانم ئەدا بتوانم زمانی نوێ تاقی بکەمەوە بەرهەمی نوێ بخولقێنم.