بەبۆنەی 1/6 ڕۆژی جیهانی منداڵان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، پیرۆزبایی هاتنەوەی ئەو جەژنە لەیەکە بەیەکەی منداڵانی جیهان و بەتایبەتیش منداڵانی کوردستان و لەنێویشیاندا پیرۆزبای لەو منداڵانە دەکات کە لەنێو کاردان و بێ بەشن لەجەژنەکەیان.
رۆژی جیهانی منداڵان هاوکاتە لەگەڵ بوونی ڕەشنووسی یاسای مافی منداڵ کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەند لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە. ئەم ڕەشنووسی یاسایە بەلەبەر چاوگرتنی ڕێکەوتنامە دەولیەکانی تایبەت بەمنداڵ ئامادەکراوە.
کارکردن بۆ دانانی هێڵی گەرم کە ژمارەکەی 116 یە بۆ فریاکەوتنی منداڵ یەکێک بوو لەهەوڵەکانی وەزارەتمان کە ئەم هێڵە یەکێکە لەو ڕێگایانەی وەک ئامرازێکی نوێ لە کوردستان بەکاردێت بۆ پاراستنی منداڵ لەهەرجۆرە توندوتیژی و کێشەیەک کە ڕووبەرووی دەبێتەوە لەو شوێنەی تیایدا دەژی یان دەخوێنێت یان کاردەکات بە پەیوەندی کردن بەهێڵیکی تەلەفۆن بەخۆرایی. ئەم هێڵە لەئێستادا لەپارێزگای هەولێر و سلێمانی دەست بەکاربووەو کاریش دەکەین بۆ بەکارخستنی هەمان هێڵ لە پارێزگای دهۆک. ئەمە جیا لە ئامادەکردنی سیستمی خێزانی جێگرەوە بۆ ئەو منداڵانەی بێ سەرپەرشتن و لەژێر زەبرو زەنگ و توندوتیژی دان. هەروەها پێکهێنانی لیژنەی باڵای پاراستنی مافەکانی منداڵ بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵ ئەم لێژنەیە پێکهاتەیەکی یاسایی یەو لەرووی کارگێڕی و دارایی یەوە بەستراوەتەوە بەسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و ەرپرسیارەتی چاودێری منداڵی لە ئەستۆیە لە (چەوسانەوە، توندوتیژی، گرژی هەڵسوکەوت،.... هتد).
منداڵانی کوردستان... کاتێک باس لەکارکردنی منداڵ دەکرێت بەپێی ڕووپێوێک کە لەساڵی 2010 ئەنجامدراوە بەمەبەستی زانینی ژمارەی منداڵی ئیشکەر لەلایەک و هۆکارە سەرەکیەکانی کارکردنیان لەلایەکی تر و بەراوردکردنی ڕێژەی منداڵی ئیشکەر لەگەڵ ڕووپێوی ساڵی 2007 کە بۆ هەمان مەبەست ئەنجامدرابوو. دەرکەوتووە ڕێژەی مناڵی ئیشکەر بەرێژەی 16% کەمی کردوە، لەگەڵ ئەویشدا ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی نیشتیمانی ساڵانە بۆ دیاردەی منداڵی ئیشکەر و کاریگەریەکان و ئاسەوارەکانی لەسەر منداڵ و کۆمەڵگا، هەوڵێکی دیکە بووە بۆ نەهێشتنی کار پێکردنی منداڵان.
هەروەها کاراکردنی سەنتەرەکانی پاراستنی منداڵان لەتەواوی شارو شارۆچکەکان بەمەبەستی لەخۆگرتنی ئەم مناڵانەو چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەڕێگەی توێژەرانی کۆمەڵایەتیش هەنگاوێکی ترە. بەو هیوایەین هەموو لایەک بەیەکەوە هاوکاربین بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیەو پەیرەوکردنی بنەمایەکی زانستی بۆ کارپێ نەکردنی منداڵ کەبەپێی یاسا کارکردنی منداڵ بەهەموو شێوازەکانی قەدەغەیە.
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ بایەخدان بەسەرجەم تەمەنەکانی منداڵ جگە لەدایەنگە حکومییەکان مۆڵەتیش دەدات بەکردنەوەی دایەنگەی ئەهلی، ئەویش لەپێناو حەواندنەوەی منداڵان لەرێگەی ئەو دادانەی لەو دایانگانە کار دەکەن کەموکوڕی و خزمەت و گەشە کردنەکانتان وەک منداڵێکی ئاسایی بێت. هەروەها بەپێی ئەو بودجەیەی ساڵانە لەبودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆی دابینکراوە خزمەتگوزاری بۆ پەیمانگاو خانەو سەنتەر و دایەنگاکان پێشکەش دەکات. بەهەمان شێوە لەڕێگای پەیمانگاکانی (هیوای نابیستان و ئاوات بۆ پەروەردەی مێشک و ڕووناکی نابینایان و هانا بۆ شیاندنی کەمئەندامان) پەروەردەو فێرکردن و شیاندن ئاراستەی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکات.
بەبۆنەی 1/6 ڕۆژی جیهانی منداڵان ئەمساڵ بەچەندین چالاکی جۆراو جۆر لەشارو شارۆچکەکاندا ئەم یادە بەبەرزی دەکرێتەوەو خانەو سەنتەرو بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەت بەمەراسیم و چالاکی هونەری و میوزیک و گۆرانی و تواناو بەهرەکانیان لەم ڕۆژەدا دەخەنەر ِروو.
پیرۆزبێتت1/6 ڕۆژی جیهانی منداڵان...
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
01-06-2014