خەندان-رەهێل سەمەد
بە گوێرەی ئامارەکان لە مانگی ڕابردوو زیاتر 90 کەسی مەدەنی و سەربازی بە ڕووداوی جۆراوجۆر لەسنوری پارێزگای نەینەوا کوژراون و ژمارەیەکی تر برینداربوون.
سەعید مەموزینی کارگێری لقی 14ی پارتی لە موسڵ بە خەندانی ڕاگەیاند: بە گوێرەی ئەو ئامارەی لەلای ئێمە کۆکراوەتەوە لە مانگی ئایاری ڕابردوو بە ڕووداوی جۆراوجۆر 94کەس لە سنوری پارێزگای نەینەوا کوژراون.
سەعید مەموزینی وتیشی: ئەو کەسانەی لەو ڕووداوانە بونەتە قوربانی ژمارەیەکیان لە خەڵکی مەدەنی و بەشێکی تر لە هێزەکانی پۆلیس و سوپای عێراقن، هاوکات بەشێکی تر لە هاوڵاتیانی ئەو سنورە بریندارکراون.
کارگێرەکەی لقی 14ی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو ڕوودانەی لەمانگی ڕابردوو ڕوویاندا بەهۆی تەقینەوەی بۆمب و ئۆتۆمبێل و کوشتن بە دەمانچەی بێدەنگ ئەنجامدراون، لەوانەش جگە لە هاوڵاتیانی عەرەبی پارێزگاکە، ژمارەیەک لە کوردانی ئێزیدی و شەبەک و تورکمان کراونەتە ئامانجی تیرۆرستان.
نەینەوا وەک دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئارامی و ئاسایشی بە خۆیەوە نەبینوە، بەهۆیەوە نەتوانراوە وەک پێویست کارە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامبدرێت.
هەربەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوری و ئەمنیەی لەو پارێزگایە دەگوزەرێ باس لە بەهەرێم بوونی نەینەوا دەکرێت، بۆئەمەش هەوڵدەدەن سوود لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان وەربگرن.
- 01-06-2014