ماوەیەکە لە ماڵپەرو دەزگای ڕاگەیاندنەوە باس لە ڕیزبەندی زانکۆکانی کوردستان و عیراق دەکرێت و بە ئاستێکی نزم لە قەڵەم دەدرێن و له و نێوەشدا ناوی زانکۆی سلێمانی لە ڕیزبەندی دواوە دێت.
ئێمە لێرەدا وێرای ئەوەی دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ئاستی زانستی و ئەکادیمی دوورە له و ئاستەی کە لەگەڵ خواست و هیواو ویستی ئێمەدا بێتەوە، هاوکات پیرۆزبایی له و زانکۆیانە دەکەین کە لە ئاستێکی بەرزتردا دەرکەوتوون.
بەڵام بەپێویستی دەزانین ئه و ڕاستییە بخەینە پێش چاوی هەموو لایەک، تا چیتر ئه و بابەتە بە هەڵە نەبێتە بابەتی هەواڵ و مانشێتی ڕۆژنامه و ماڵپەڕەکان و بەهەڵە شیکردنەوه و لێکدانەوەی نازانستی و نالۆژیکی بۆ نەکرێت، بەجۆرێک خەڵکانێک قسە له و بابەتە دەکەن، کە ڕەنگە هیچ لە بنەما زانستی و ئەکادیمییەکانی ڕیزبەندی نەزانن.
1- ئه و ڕیزبەندییەی کە شەش مانگ جارێک دەردەچێت، ڕیزبەندی نێوەوڵەتی نییه و بە هیچ جۆرێک لەسەر بنەمای زانستی و ئەکادیمی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو ئەم ڕیزبەندییە لەلایەن گروپی توێژینەوەی ئیسپانی ناسراو بە (CSIC) ئەنجامدەدرێت، کە ڕیزبەندی (وێبمیتری)یه و لەسەر بنەمای دەرکەوتن و ئامادەیی ئه و دامەزراوە، یان زانکۆیە لەسەر ماڵپەڕ بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیاوازو لەسەر ئه و شتانەی ئه و زانکۆیە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوی دەکاتەوە.
هەر بۆیە زۆر لە دەزگا ئەکادمییە پێشکەوتووەکان و زانکۆ بەناوبانگەکان کە لە ڕیزبەندی ئەکادیمیدا زۆر لەپێشەوەن، بەڵام لەم ڕیزبەندییە وێبمیترییەدا لە دواوەن. بۆیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی ئه و گرنگییەی نییە بۆ پیشاندانی ئاستی ڕاستەقینەی ئەکادیمی ئه و زانکۆیە.
2- ئه و دەزگایانەی لە جیهاندا باوەڕپێکراون بۆ دەستنیشانکردنی ڕیزبەندی ئاستی زانکۆکان لە جیهاندا (سێ) دەزگای زانستی گەورەن، کە ساڵانە لیستی ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهان بڵاودەکەنەوە بەتایبەت 500 پێنجسەد یەکەمین زانکۆ لەسەر ئاستی جیهان. کە بێگومان بەداخەوە نەک زانکۆکانی کوردستان له و 500 زانکۆیە جێی نابێتەوە، بەڵکو زۆر لە زانکۆکانی جیهان تەنانەت ئەوروپی و ئاسیایش جێگەیان نابێتەوە، یان بە دەگمەن. ئه و سێ دەزگایەش بریتین لە (تایمس، شەنگەهای، کواکوریللا سایموند).
بنەما سەرەکییەکانی ئه و پلەبەندییەش بریتین لە کۆمەڵێک پێوەر کە هەر پێوەره و سەنگ و قورسایی تایبەت بەخۆی هەیە لە هاوکێشەی دۆزینەوەی پلەیەندییەکەدا لەوانە:
أ- چەند ئەکادیمی یان توێژەرو دەرچووی ئه و زانکۆیە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.
ب- چەند توێژینەوەی توێژەرانی ئه و زانکۆیە لە گۆڤاری (ساینس و نەیچەر) بڵاوکراونەتەوە، کە بەرزترین گۆڤاری زانستین لە جیهاندا.
ج- چەند توێژینەوە لە گۆڤاری پلەبەرز بڵاوکراونەتەوه و سایتەیشنی بۆ کراوە.
د- ژینگەی خوێندن و ئاستی تاقیگه و ڕێژەی مامۆستا بۆ خوێندکارو ژمارەی مامۆستاو خوێندکاری نێودەوڵەتی له و زانکۆیەداو کۆمەڵێ پێوەری زانستی تر.
لەگەڵ ئەوەدا کە خۆشبەختانە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاد لە 300 توێژینەوەی زانستیان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان بڵاوکردۆتەوە، تەنانەت (ساینس و نەیچەر)یش. بەڵام زۆر لە پێوەرەکانی تر لەم سیستەمە ناسەربەخۆو تەوقکراوەدا ئەستەمە جێبەجێبکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنە لەخۆمان دەگرین و بەرپرسیارین له و پله و ڕیزبەندییەی لە وێبمیترییدا بۆ زانکۆمان دیاریکراوه و هۆکارەکەشی کۆمەڵێک فاکتەری تەکنیکی و ئیدارییە کە ئێستا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیداین.
به و هیوایەی زانکۆی سلێمانی وەک هەمیشە لە پێشکەوتن و فراوانبوون سەرمەشقیدابێت. هەروەک هیواخوازین بە زووترین کات ڕیزبەندی نیشتمانی لەسەر پێوەرە زانستییەکان دابڕێژرێت، تا بزانرێت کام لە زانکۆکانی کوردستان لەپێشەنگدایه و کام زانکۆیە باشترین توێژینەوەی زانستی بەبەراورد بە زانکۆکانی تری کوردستان و عیراقیش پێشکەش دەکات..
لە هەمووی گرنگتر سەربەخۆ بوونی دەزگاکانی خوێندنی باڵایە، کە هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا بیبینین.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی
08-04-2015