لەم دواییانەی 2015دا بەڕادەیەکی بەرچاو کۆچی گەنجان دەستی پێ کردووە بە بەراورد بەساڵانی پێشوو، کەلەڕاستیدا ئەوە لەکۆڕەو دەچێت نەک کۆچ، کە ئەوەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، هەرلە بچووکترین قەیرانەوە تا گەورەترین قەیران، لەو نێوەندەشدا کچان ڕای جیاوازیان لە بارەیەوە هەیە، هەروەها بەرپرسی ڕاگەیاندن لەکۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەسەرەتای شەڕی داعشەوە تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە.
مامۆستا میدیا حسن، بە خەندانی ڕاگەیاند: "من زۆر حەزدەکەم کۆچ بکەم بەرەو وڵاتێکی ئەوروپا، بەڵام هەریەکێک لەئێمەش،ئەگەر زۆر ناچارنەبێت حەزناکات نیشتیمان بەجێبهێڵێت".
وتیشی: "من وەکو کچێک ئەگەر دوری دایکم و باوکم نەبوایە زۆر دەمێک بوو ڕۆشتبووم، چونکە هیچ هۆکارێکی ژیان نابینم کەبۆمان دەستەبەر کرابێت".
ئەومامۆستایە بەدڵتەنگییەوە درێژەی بەقسەکانی داو ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو گەنجانەی کەلەم کاتە نا هەمووارەدا کۆچیان کردووە و کۆچ دەکەن، بەئەندازەی توانای خۆیان هەوڵیان داوە کەبارودۆخ بگۆڕن گوێ لەداواکارییەکانیان بگیرێت، ئەوانیش و منیش و هەر گەنجێکی تریش هیچ کات حەزناکەین نیشتمان جێ بهێڵین، بەڵام بەداخەوە لەبچووکترین شتەوە لێمان زەوت کراوە تا گەورەترین شت".
ئەژین هەڵەبجەیی کچێکی تەمەن 24ساڵ و دەرچووی پەیمانگایەو بۆ خەندان دواو وتی: "پێم خۆش نیە کۆچ بکەم، چوونکە من ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەم و چەندین فاکتەر هەیە کە من نەتوانم کۆچ بکەم، بۆ نموونە نیشتمان وکۆمەڵگا و خێزان وهاوڕێ، تاکە هۆکاری کۆچ نەکردنی منن، چونکە نیشتمان دایکی دووەمەو باشتر وایە جێی نەهێڵین وڕووبەڕووی هەموو کۆسپ و قەیرانێک ببینەوە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری فیکری و بیری نەتەوایەتی خۆمان و هاوڕێیان و کەسەکانمان بگۆڕین و ببینە بەردی بناغەی گۆڕانکاری، بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگاش لەئێستادا هەنگاوێکی کەم نراوە، بەڵام ئەوە هەنگاوە بەس نیە و پێویستە گەنجان بمێننەوە تا زیاتر گرنگی بدرێت بەکۆمەڵگا".
ئەژین درێژەی بە قسەناداو ئاشکرایکرد: "سەبارەت بەخێزانیش کەیەکێکە لەفاکتەرە هەرە بەهێزەکان، کەمنی وابەستە کردووە بەو نیشتمانەوە، چونکە بێ ئەوان ناتوانم بژیم و لەدووری خێزان تەنها ژیانێکی مردوو وسادە نەبێت هیچی تر نیە، وەکۆتا شت هاوڕێکانمە، چونکە لەم نیشتمانەدا بۆماوەیەکی زۆر لەگەڵ هاوڕێکانمدا ژیاوم و کە ئەستەمەبۆ جارێکی ترو لەوڵاتێکی تر هاوڕێی لەوجۆرەم بۆ دروست بێتەوە، چونکە نەتەمەن و نەواقعیش ڕێگە بەوە نادەن ببمەوە خاوەنی هاوڕێی شیرین".
خوێندکاری زانکۆ هێشوو عبداللە، پێی وایە بەدوور کەوتنەوە لەکوردستان هەموو مافەکانی مرۆڤ بوونی پێ دەدرێت و لەوڵاتێکی تر وەکو مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەو بەحەسرەتەوە ئاماژەی بەوەکرد: "بڕیاری ڕۆشتنم داوە و چاوەڕێی ئەوکاتە گونجاوە دەکەم کە بڕۆم، منیش گەنجێکم وەکو کوڕەکان پێویستیم بەژیانێکی ئاسودە هەیە دوور لەجەنجاڵی سیاسەت".
هۆشیار ابراهیم لێپرسراوی ناوەندی گەنجانی ڕانیە، بە خەندانی ڕاگەیاند: "زۆر بەداخەوە بەرپرسی یەکەمی کە بوەتە هۆی کۆچی گەنجان دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و حیزبەکان، چونکە ئەوان جیلێکی وایان پەروەرد کردووە کە زۆر ڕەش بینەو کە دەبینێ هەرچی خۆشیەکانی ژیانە لەبەر دەستی منداڵانی بەرپرسەکان و کەسایەتییە سیاسیەکاندایە، ئەو گەنجانەش ناتوانن بەرگەی ئەو شەڕە دەرونیە بگرن وئەو نا دادپەروەرییەیان پێ قبوڵ ناکرێت و نیشتیمان جێدەهێڵن".
وتیشی: "لەکاتێکدا لەنێوان ساڵەکانی 2011- 2013 لەکوردستاندا بەشێوەیەکی بەر چاو سەقامگیرو هەموو وەسیلەکانی ژیان بەردەست بوون، گەنج ناچار نەبوو بڕوات و ئەو خۆش گوزەرانییە جێبهێڵێت، بۆیە دەسەڵاتدارانی ئێمە لەبر بەرژەوەندیەکانی خۆیان گوێ نادەن بەتاکی کوردو بیر لەوە ناکەنەوە گەنج چۆن دەژیت و بۆچی فرمێسک دەڕێژێت".
ئاشکراشیکرد: "ئێمە وەکو ناوەندی گەنجانی ڕانیە، تائێستا بۆ چەندین جار هەوڵێکی زۆرمان داوە کە ڕیًَگە چارەیەک بۆ ئەو دیاردە دانێین وببینە بەر بەست، بەڵام بەداخەوە نە مەکتەبی سیاسی و نە هیچ لایەنێکی بەرپرس گوێیان لێ نەگرتووین و وەڵامیان نەداوینەتەوە".
هیوا عبداللە، بەرپرسی ڕاگەیاندن لەکۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەخەندانی ڕاگەیاند:"لەسەرەتای ساڵەکانی 2011 بۆ 2013 کۆچی پێچەوانە دەستی پێ کرد، ئەوپەنابەرانەی لەئەوروپابوون گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە لەساڵی 2014 و سەرەتاکانی هاتنی داعش دووبارە کۆچی گەنجان دەستی پێ کردەوە بەرەو هەندەران، لەسەرەتای شەڕی داعشەوە تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان کۆچیان کردووە، کە 700 لەو کۆچبەرانە خەڵکی هەردوو دەڤەری پشدەرو بیتوێنن".
ئاشکراشیکرد: "تائێستا 37 کەس گیانیان لەدەست داوە، 43 کەسی دیکەش بێ سەرو شوێنن".
ف.ف
- 01-01-2016