ساڵی ڕابردوو، لە پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری دەیان کەس بەشێوازی جۆراوجۆر خۆیان کوشتووە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
عەقید ڕەزوان شکور، بەرێوەبەری نەهێشتنی تاوان لە کەرکووک، بە خەندانی ڕاگەیاند : " بەپێی چەند داتایەکی متمانەپێکراو، لە ساڵی ڕابردوودا و شاری کەرکووک و دەوروبەری، زیاتر لە 31 کەس بە شێوازی جۆراو جۆر خۆیان کوشتووە و کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە".
وتیشی : "بەپێی داتاکان، ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە لە هەردوو ڕەگەزن و لە ڕێی بەکارهێنانی چەک، حەبل و نەوتەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە".
ناوبراو، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە تەمەنیان لە نێوان (15 بۆ 60) ساڵدایە و بەهۆی چەند کێشەیەکی جیاوازەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان لە کەرکووک ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ئەوانەی خۆیان کوشتووە تێیاندا هەیە نەخۆشی دەرونیی هەبووە، یاخود خوێندکاربووە و لە وانەکانیدا دەرنەچووە، هەروەک لە نێوانیشیاندا هەیە، کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و قەرزارییەوە کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
عەقید ڕەزوان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە نێو ئەو کەسانەی، کە خۆیان کوشتووە خەڵکی شارەکانی دیکەی عیراقی تێدایە و ئەمانە بەهۆی باری ئەمنییەوە ڕوویان لە پارێزگای کەرکووک کردووە.
وتیشی : " پێدەچێت حاڵەتی خۆکوشتنەکانی پارێزگای کەرکووک لەم ژمارانە زیادتربن، بەڵام لە ژێر ناوی شەرەف و دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیدا، پەردەپۆش کراون و یاسایان لێ ئاگادار نەکراوەتەوە.
- 01-01-2016