ژمارەی ئه و کۆچبەرە کورد و عیراقیانەی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بەهاوکاری ڕێکخراوەکە لە ئەوروپاوە بۆ عیراق دەگەڕێنەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەوەش بەپێی نوێترین ئامار کە لە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM و دەست خەندان کەوتووە.
بەپێی ئامارەکە لە ساڵی ڕابردوودا سێ هەزار و 474 کۆچبەر گەڕاونەتەوە بۆ عیراق و یەک لەسەر سێی ئه و ژمارەیەش هاتوونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکان لە کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا 101 کەس و له مانگی شوباتدا 118 کەس و لە مانگی ئازاردا 93 کەس و لە مانگی نیساندا 68 کەس گەڕاونەتەوە.
هەروەها لەمانگەکانی ئایار 54 کەس و لەمانگی حوزەیراندا 104 پەنابەر و لە مانگی تەمموزدا 98 پەنابەرو لەمانگی ئابدا 103 پەنابەر و لە مانگی ئەیلوولدا 350 کەس و لەمانگی تشرینی یەکەمدا 761 کەس لە مانگی تشرینی دووەمدا 847 پەنابەرو لە کانوونی یەکەمیش 777 پەنابەر گەڕاونەتەوە.
ساندرا بلاک بەرپرسی بەشی میدیا و زانیاری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM بەخەندانی ڕاگەیاند "پەنابەرە گەڕاوەکان لە 14 وڵاتی ئەوروپی جیاوازەوە گەڕاونەتەوە، نزیکەی سێیەکی پەنابەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە".
وتیشی: "ئاماری سەرەتایی پەنابەرە عیراقییە گەڕاوەکان بۆ وڵاتی خۆیان لە ئەوروپاوە بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بریتیە لە 831 پەنابەر".
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM، ساڵی 2011 ژمارەی پەنابەرە گەڕاوەکان بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 2667 پەنابەر و ساڵی 2012دا 2472 پەنابەر و ساڵی 2013دا 1930 پەنابەر و لە ساڵی 2014شدا 1280 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵات.
یەکێک له و پەنابەرانەی له هەرێمی کوردستانەوە کۆچی کردووە بەره و هەندەران و ئێستا گەڕاوەتەوە، چیرۆکی گەشتەکەی و هۆکاری گەڕانەوەی بۆ خەندان ئاشکرادەکات.
هێمن یاسین مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو لە شاری سلێمانیەوە دەچێتە شاری ئامەد و لەوێ بەفڕۆکە چووەتە ئەستەمبوڵ پاشان ئیدرنە، پاش مانەوەی تەنها یەک شه و لەوێ بەره و وڵاتی بولگاریا بەڕێکەوتبوو تا خەونەکەی بهێنێتە دی کە گەیشتنی بوو بەره و ئەوروپا.
هێمن بۆ خەندانی گێڕایەوە لەیەکەم دەرچووندا پۆلیسی بولگاریا دەستگیری کردووه و و مۆبایل و پاسپۆرت و هەموو پارەکانی دەستی بەسەرداگیراوە، دواتر ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کراوەتەوە، سێ شه و دواتر دووبارە بەره و وڵاتی بولگاریا ڕۆیشتوەتەوه و گەیشتووەتە سۆفیاو له و پایتەختە ماوەتەوە.
هێمن دوای بینینی ماندووبونێکی زۆرو بڕینی وڵاتەکانی سڕبیا و نەمساو ئەڵمانیا و دانیمارک و سوید پاشان له وڵاتی فیلەندا جێگیردەبێت، بۆ ماوەی چوار مانگ لەناو کەمپدا دەمێنێتەوە، بەڵام دوای وەرگرتنەوە چەندینجار ڕەفز بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئه و وڵاتە، دەهێنرێتەوە کوردستان.
ئه و دەڵێت: "مامەڵەکردنی هاوڵاتیانی ئه و وڵاتە زۆر باشبوو لەگەڵمان، بەڵام گرفتەکە ئەوەبوو ئەوان بەهۆی ئه و لێشاوە زۆرەی پەنابەرانەوە دەرگای قوتابخانەکانیان بەروودا داخستین".
ئاریان یەکێکی ترە له و کۆچبەرانەی لەپارێزگای هەڵەبجەوە ڕوویکردە وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام دوای حەوت مانگ مانەوەی له و وڵاتەدا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
ئاریان ئەحمەد پێش ڕۆشتنی زانکۆی سلێمانی تەواوکردو دواتر بەهۆی بێ کارییەوە ڕوویکردە وڵاتی تورکیا و لەوێشەوەی بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا، بەخەندانی وت "مانگی 5ی ساڵی ڕابردوو چوومە وڵاتی تورکیاو بۆ ماوەی 20 ڕۆژ لەشاری ئەستەنبوڵ مامەوە، لەرێگەی قاچاخچیەکەوە چوومە وڵاتی بولگاریاو لەوێشەوە دوای بڕینی چەند وڵاتێک گەیشتمە وڵاتی ئەڵمانیا".
ئەوەشی وت "ئه و ڕۆژەی خۆم تەسلیمی حکومەتی ئه و وڵاتە کرد سێی مانگی شەش بوو، بەڵام لەسەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵدا لەرێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە گەڕامەوە".
ئاریان دەڵێت: "ناخۆشی بارودۆخی پەنابەران له و وڵاتە وای کرد بگەڕێمەوە، ژیانمان زۆر سەخت و ئەستەم بوو، ئەوەی بۆی ڕۆشتبووم نەمبینی و ئەوەش نەبوو کە چاوەڕوانم دەکرد".
بەپێی ئامارە فەرمیەکانی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عیراق لەساڵی 2014و 2015 نزیکەی 250 هەزار هاوڵاتی ڕوویان کردووەتە وڵاتانی ئەوروپا له و ژمارەیەش زیاتر لە 40 هەزار هاوڵاتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون".
سەرۆکی لقی سلێمانی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە ئامارێکی وردیان لەسەردەستدا نییە، بەڵام بەسەدان هاوڵاتی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
ئامانج عەبدوڵڵا، بەخەندانی وت: "هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمیمان لەبەردەستدا نییە که پێمان بڵێت ژمارەی ئه و کەسانە چەندن کە گەڕاونەتەوە بەره و کوردستان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر پەنابەر دەگەڕێنەوە".
وتیشی: "ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان سەدان کەس دەبین و لەشوێنە جیاوازەکانی هەرێمەوە ڕوویان کردووەتە وڵاتانی ئەوروپا".
بەوتەی ئامانج عەبدوڵڵا، لەدوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 400 کەس بوونەتە قوربانی و لەرێگەی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگەلەوەی هەموو ئه و کەسانەی دەچنە دەرەوە تووشی ناڕەحەتی و گرفت دەبن. داواشی لەدادگاکانی وڵاتانی ئەوروپا کرد بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا بکەن.
- 26-03-2016