نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی قانون لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی یوونیوز هەندێ بۆچوون و قسەی نابەجێی لەبارەی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان خستووەتەڕوو.
لای هەموو هاووڵاتیانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی مالیکی لە تاییفەگەری و گەندەڵی و تێکدانی شیرازەی ژیانی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق ڕوون و ئاشکرایە. لەگەڵئەوەیشدا لە وەڵامی زێدەڕۆییەکانیدا دەڵێین کە:
ئەو پیاوێکی بێ وەفایە، ئەو چاکەیەی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەتی پارتی لە پێش و دوای 2003 بۆ مالیکی کردوویانە هیچ کەسێک و لایەنێک نەیکردووە. لەبەرانبەردا ئەو تاوان و ناپاکییەی مالیکی لە بەرانبەر گەلی کوردستان ئەنجامی داوە لە تاوانەکانی عەلی حەسەن مەجید کەمتر نییە. لە قسەکانیدا بەرانبەر ئەمەریکییەکانیش بێ وەفایە ئەگەرچی سەروەختێک کوڕە بەنازەکەی ئەوان بوو.
هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی ئیسرائیلیش دەکات ئەوە لە کاتێکدایە هەمیشە مەمنوونی ئەوە بووە ئیسرائیل مەرحەبای بکات، نەشمانزانیوە ئیسرائیل نانی خەڵکی بڕیبێت.
لە سەردەمی دەستەڵاتداریی مایەپووچی خۆی سوپایەکی کارتۆنی دروست کرد کە لەبەرانبەر داعشدا دوو کاتژمێر خۆی نەگرت و نیوەی عێراقی بەخشییە داعش بە چەک و کەلوپەلی 6 فیرقەی سەربازی. سوپایەکی دروست کرد کە وەلائی بۆ نیشتیمان نەبوو و بە دوژمنایەتیی پێشمەرگە گۆشی کردبوو. ئێستا چاوی بەوە هەڵنایەت کە سوپای عێراقی و پێشمەرگە بە هەماهەنگییەکی بێ وێنە سەرکەوتووانە شەڕی تیرۆر دەکەن و ئەو ناوچانە ئازاد دەکەن کە سوپا و جەنەڕاڵە ترسنۆکەکانی مالیکی پێشکەشی داعشیان کردبوو. داخی مالیکی ئەوەیە کە پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوسەنگەرن و سەرکەتوون لەشەڕی تیرۆردا. لە ئێرەیی و بێچارەییدا وەک ئەو ورچە بریندارەی لێهاتووە گاز لە برینی خۆی دەگرێ.
مالیکی لە قسەکانیدا باسی سنووری کوردستان و پارتی و پێشمەرگەی کردووە، با لەوە دڵنیایی بکەین کە سنووری کوردستان ئەو سنوورە نییە کە سەدام و مالیکی دیاریی دەکەن. سنووری کوردستان ئەو سنوورەیە کە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی لەدەستی داعش ڕزگاری کردووە و جێگیریش دەبێت. هەروەها با باشیش بزانێت لەبەرانبەر ئیرادەی کوردستان و پێشمەرگە و پارتی هیچی لەدەست ناهێت جگە لەسەرشۆڕی. مالیکی خەونی دووبارە حوکمکردنی عێراقی هەیە، مەحاڵە بتوانی جارێکی تر حوکمی عێراق بکات و ئەگەر بۆی ڕەخسا و دووبارە دەستەڵاتی لە عێراق گرتە دەست ئەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ و بۆی نییە حوکمی کوردستان بکات.
لە کۆتاییدا دەڵێین ئەگەر مالیکی تۆزێ ئابڕوی هەبا لە شاشەکان دەرنەدەکەوت کە قسە لەبارەی موسڵ و ئازادکردنی بکات.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
26-10-2016