دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان نوێترین زانیاری لەبارەی ڕێژەی هەژاری و داهاتی تاک و ئاسایشی خۆراک بڵاودەکاتەوه و ئاماژەدەدات، ڕێژەی هەژاری له 12% بەرزبۆتەوە بۆ لە 15% و نزیکەی 750 هەزار کەسیش لەژێر هێڵی هەژاری ژیان بەسەردەبەن و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانییش، هۆشداری دەدات لەبارەی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بەهاوکاری ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی نوێترین ئاماری له بارەی ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق و ڕێژەی هەژاری و داهاتی تاک بڵاوکردەوە، ئامارەکانیش ئەوەدەردەخەن، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا ڕێژەی هەژاری لە هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و لە (15%)ی تێپەڕاندوە و نزیکەی (750) هەزار هاوڵاتی لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن، جگە لەوەی نیوەی هاوڵاتیانی هەرێم ناتوانن سێ ژەم خۆراک لە ڕۆژێکدا دابینبکەن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی کە لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەنجامدراوە، داهاتی خێزان لەماوەی چوار ساڵدا مانگانە لە دوو ملیۆن دینارەوە بۆ نزیکەی (700) هەزار دینار کەم بوەتەوە و تێکڕای خەرجی خێزان لە ماوەی چوار ساڵدا لە دوو ملیۆن و (270) هەزارەوە بۆ نزیکەی (800) هەزار دینار کەمبوەتەوە.
دەستەی ئاماری هەرێم و ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی، ڕایدەگەیەنن خەرجی هەر تاکێکی خێزان مانگانە لە (105) هەزار دینار کەمتر لەژێر هێڵی هەژارییەوە ئەژماردەکرێت، بەوپێیەش بێت زیاتر لە (750) هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لەژێر هێڵی هەژاری ژیان بەسەردەبەن.
دەستەی ئامار و ڕێکخراوی خۆراک لە ڕووپێوەکەیاندا ئەوەشیان ئاشکراکردووە، لەکۆی (32) قەزای هەرێم، پێنج هەزار و (600) خێزان بەشداریان لە ڕوپێوییەکەدا کردووە و دەرکەوتووە دابینکردنی خۆراکی پێویستی ڕۆژانە لەلایەن دانیشتوانی هەرێمەوە لەئاستێکی نزمدایە و ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕوپێوەکە، زیاتر لە (50%)ی دانیشتوانی هەرێم ناتوانن ڕۆژانە سێ ژەم خۆراکی تەواو بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابینبکەن و تەنها لە (38.5%) دانیشتوانی هەرێم دەتوانن سێ ژەم خۆراکی تەواو بۆ خۆیان دابینبکەن و ڕێژەی لە (2.1%)ی هاوڵاتیانی هەرێم ناتوانن خۆراکی ڕۆژانە بۆ خۆیان دابینبکەن، لەکاتێکدا لە عێراق ئاستی دابینکردنی خۆراک لە هەرێم بەرزترە و لە (41%) بۆ (53%)ی خێزانەکان دەتوانن سێ ژەم خۆراکی تەواو دابینبکەن.
لە ناوەڕۆکی ڕووپێوەکەدا هاتووه، دابەزینی ئاستی دابینکردنی خۆراک لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمەوە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکێکی زۆر داهاتیان لەسەر موچەی حکومەت بووە و کەمکردنەوەی موچە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئه و خێزانانە دروستکردوە ئەوەش وایکردوە داهاتی مانگانەی تاک بەڕێژەی نزیکەی (65%) کەمببێتەوە، چونکە لە (52%)ی دانیشتوانی هەرێم موچەخۆرن و موچەکانیان کەمکراوەتەوە.
هەر بەپێی ڕوپێوییەکە داهاتی تاک لە ساڵی (2013) لە مانگێکدا (406) هەزار دینار بووه، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ئەمساڵدا داهاتی تاک نزیکەی (140) هەزار دینار بێت.
25-04-2017