24 ساڵ لەمەوبەر، بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئێوارەی 22-2-1993 مامۆستا سەعید گەوهەر هاوبیری کاژیک و تێکۆشەری کوردایەتی، لە ماڵەکەی خۆیاندا بە دەستی خۆی و بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هێنا!؟
بێگومان خۆکوشتنی هەر مرۆڤێک کارەساتێکی مرۆییه و دەبێتە هۆی خەم و پەژاره و جێگەی سەرسوڕمان و پرسیاری زۆر بۆ کەسانی تر، بەڵام ئەگەر سەرنجی وردو گردانە لە هەندێک لە وتەکانی مامۆستا سەعید گەوهەر بدەین، تێدەگەین کە بۆچی لە ژیانی خۆی توڕه و بێزار بووە!؟ زۆر بەداخەوە، سەرەنجام ئه و توڕەیی و بێزارییەشی بە خۆکوشتن دەربڕیوە.
هەندێک لە وتەکانی مامۆستا سەعید گەوهەری کوردایەتی:
ئەوەی ئێمە خەباتمان بۆ کرد، ئەنجامەکانیان پێچەوانە بوونەوە.
لە کاتێکدا ئێمەی کورد نەتەوەیەکی ژێردەستەین، ئەی بۆچی پارتێکی نەتەوەیی پێشڕەویمان نەکات و ئازادی و سەربەخۆییمان بۆ بەدینەهێنێت!؟
دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و گەڕانەوەی پارتە کوردییەکان بۆ ناو شارو شارۆچکەکان، ئیتر گەندەڵی و دزی و جەردەیی و تاڵانچێتی و ستەمکاری دەستی پێکرد، زەمینە خۆشکرا بۆ شەڕی ناوخۆو کوشت و کوشتارو وێرانکاری ناوخۆیی، ئەوکاتە مامۆستا گەوهەر دەیوت:
ژیان ئەوە ناهێنێت مرۆڤ بە هەموو شتێک ڕازی بێت هەر بۆ ئەوەی بتوانێت بمێنێتەوه و بژی.
مرۆڤی ترسنۆک بە هەموو سەپاندنەکانی ژیان ڕازییە، بۆیە هەمیشە مێگەل ئاسا لەدواوەیە، ڕازییە به و ژیانەی کە بۆی سنووردار کراوە.
مامۆستا سەعید گەوهەر پێیوابوو کە شەڕی کوردو کورد، هێڵی سوورە. هەمیشە دەیوت:
ئێمەی کورد ئازار نەماوە کە نەمانچێشتبێت، بۆیە پێویستە نموونەییترین میللەتی سەر زەوی بین.
کاتێک دەبینم کە بەهۆی ململانێی ناڕەوای حزبی و شەڕە پەڕۆو خۆپەرستی کەسییەوە، زەمینە خۆش دەکرێت بۆ ئاژاوەگێڕی و شەڕی ناوخۆ. ئێستا من هەست دەکەم هەموو چرکەیەکم مردنێکە. مرۆڤ پێویستە یەک جار بمرێت. ژیان شایەنی ئەوە نییە کە لەپێناویدا هەموو شکۆمەندییەکانی خۆتی بۆ لەدەستبدەیت. بۆیە ئێستا من بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانم دەهێنم.
چەند دێڕێک لە ژیاننامەی بنەماڵەی گەوهەر:
خێزانی گەوهەر، یەکێن لە بنەماڵە ناسراو و پاک و دڵسۆزو تێکۆشەرە دێرینەکانی شاری سلێمانی. مامۆستا گەوهەر خۆی کەسایەتییەکی ناسراو و ڕێزلێگیراوی ناو خەڵکی سلێمانی بوو و هەموو ئەوانەی کە ناسیویانه و تێکەڵی بوون و کاری سیاسەت و کوردایەتییان لەگەڵدا کردووە، بەگشتی ئەوەیان باسکردووە کە سەعید گەوهەر کوردێکی زۆر پاک و دڵسۆزو تێکۆشەر بووە. کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ڕووخۆش و هاوڕێدۆست و هەژاردۆست و خەمخۆری هەموو ئەوانە بووە کە لێییەوە نزیک بوون و تێکەڵی بوون، بەگشتی مرۆڤێکی خۆنەویست و لەخۆبردوو بووە. هەربۆیە لەناو کەسوکارو دۆست و ناسیاو و هاوڕێ و هاوبیرەکانیدا خۆشەویست و ڕێزلێگیراو و باوەڕپێکراو و جێگەی باوەڕو متمانەی ژیانیان بووە.
لە سەردەمی بەعسدا، بەهۆی ڕابردووی کوردایەتی و پێشمەرگە بوون و پاسۆک بوونی بەرزانی کوڕییەوە، دوو جار ماڵەکەیان لەلایەن بەعسەوە هەڕاجکراوه و سەرەنجام هەموویان بە خاوخێزانەوە دەگرن و ڕەوانەی سەر سنووەرەکانی سعودیەیان کردوون. لەکاتی هەوڵی گرتنیاندا خاتوو پەیمانی کچی مامۆستا سەعید گەوهەر کە لە ئامادیی کوردستان خوێندکاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی بووه و لە هۆڵی دوا تاقیکردنەوەی خوێندنی ساڵدا بووە، کە ئەمنەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر هۆڵەکه و دەستگیریان کردووە. له و کاتەدا مامۆستایەکی ناسراوی شاری سلێمانی سەرپەرشتیاری هۆڵی تاقیکردنەوەکان بووە، ئه و ئاگادارو شاهیدی ڕووداوی گرتنەکەی پەیمان خان بووە. پاشان هەموو خێزانەکەیان پێکەوە ڕاپێچ و ڕەوانەی سەر سنوورەکانی عیراق و سعودیە کردوون.
شایانی باسە، لە سەرەتای گرتنەکەیانداو لە ئەمنەکەی سلێماندا خوالێخۆشبوو ناهیدە خانی هاوسەری مامۆستا سەعید گەوهەر بە ئەمنەکانی وتووە ئێوە لەسەر پێشمەرگە بوونی بەرزانی کوڕم ئێمەتان گرتووە، بەڵام من کوڕێکی تریشم هەیه و ناوی ئومێده و لەگەڵ یەکێتیدایه و ئەویش هەر پێشمەرگەیە. ئەمە یەکێک لە وتەکان و هەڵوێستە ئازایانەکانی دایکی دوو پێشمەرگەی کوردستان بووە لەناو زیندانی بەعسییە فاشیستەکاندا!
هەروەها کاتێک دەبرێنە سەر سنووری سعودیه و لەوێ زیندانی دەکرێن، بەرپرسی زیندانەکە بە ناهیدە خان دەڵێت: ئەگەر حاشا لە کوڕەکانت بکەیت، ئازادتان دەکەین! ناهیدە خانیش بە دەنگی بەرز بە بەرپرسەکە دەڵێت: ئێمە کاتێک حاشا لە کوڕەکانمان دەکەین کە ئەوان تەسلیم بە ئێوە ببنەوە!
مامۆستا گەوهەر لە 24-4-1924 لە گەڕەکە یاخییەکەی چوارباخی شاری سلێمانی لەدایکبووە. لەسەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی 22 جار لەلایەن حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقەوە زیندانی کراوە.
لێرەدا جێگای خۆیەتی ئه و گلەییە ئاڕاستەی کاربەدەستانی شاری سلێمانی بکەین کە ئێستا دەبووایە سەرەکیترین شەقامەکانی شاری خۆڕاگری سلێمانی بە ناوی نەمران ناهیدە خان و سەعید گەوهەرەوە بوونایە! بەڵام دەبێت بڵێین زۆر بەداخەوە!؟
شایانی بیرهێنانەوەیە، کە دوو هۆنراوەی هۆزانڤانی نەمر شێرکۆ بێکەس بۆ یادەوەری مامۆستا سەعید گەوهەر تەرخان کراوە کە لە شوێنێکیاندا دەڵێت:
چوارچێوە وینە ڕێک دەخات، بەڵام نایگۆڕێت
هیچ کورسییەک پیاوی بستەباڵای پێ کەڵەگەت ناکرێت
مرۆڤی بەژنبەرز لە بنی بیریشدا بێت،
هەر کەڵەگەت و هەر بەژنبەرزە،
ئەوە سەعید گەوهەر بوو
بەشێک لە قەسیدەی (گەوهەری قەقنەس)
ئەمە کورتترین و کەمترین پێناسەی ژیان و خەباتی سەعید گەوهەری نەمرو خێزانەکەی بوو.
هەرزاران سڵاو لە گیانی پاکی مامۆستا سەعید گەوهەرو ناهیدە خانی هاوسەری.
گوڵزارێک لە چەپکە نێرگزی سروشتی جوانی کوردستان، دەکەینە تاجە گوڵینەی ڕێزو پێزانین و ئەمەکداری بۆ سەر گڵکۆی پیرۆزیان.
تێبینی: وێنەی مامۆستا سەعید گەوهەر لەبەردەستدا نەبوو، لەبەرئەوەی چەند جارێک ماڵەکەیان هەڕاج و تاڵان کراوه و هیچ ئەرشیفێکیان بۆ نەماوەتەوە.
PUKmedia هاوبیرانی مامۆستا سەعید گەوهەری نەمر لە هەندەران