ماوەی پێنج ڕۆژە #ئێران# ئاوی زێی بچوکی گرتوەتەوە، بەهۆیەوە لەئێستادا گرفتی کەمئاوی لە دەڤەری #پشدەر# سەریهەڵداوە و بەرپرسێکی سەر بەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێت، گەر بەردەوام بێت مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی پارێزگای #سلێمانی# و #حەوزی حەمرین# دروستدەبێت.
گرتنەوەی ئاوی زێیەکە لەرێگەی بەنداوێکەوەیە کە دەکەوێتە شاری #سەردەشت#ی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#.
کاریگەرییەکەشی هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمییەوە دەرکەوتن و له و بوارەشدا بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین باس لەوە دەکەن ئەگەربێت ئاوی زێی بچوک بەتەواوی بگیرێتەوە قەیرانی بێ ئاویی و دروستبوونی کێشە بۆ بەنداوی دووکان و گرفتی کشتوکاڵی و لەکارکەوتنی کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەو و لم سەرهەڵدەدەن.
قوربانی یەکەمی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک #قەزای پشدەر# دەبێت
بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ماوەی پێنج ڕۆژە بە ڕێژەی لە 80% ئاوی زێی بچوک لە وڵاتی ئێرانەوە گیراوەتەوە، بەوهۆیەشەوە مەترسیەکی گەورە هەڕەشە لە قەزای پشدەر دەکات ئەویش قەیرانی بێ ئاوییە کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە لە زێی بچوکەوە دابیندەکرێت بۆ نزیکەی 120 هەزار هاوڵاتی.
وتیشی، جگەلەوە هاوکات گرفتێکی زۆر بۆ زەویە کشتوکاڵیەکانی سنوری قەزای پشدەر دروستدەبێت کە بەشێکی زۆری باخ و بێستانی دەڤەرەکە پشت بە ئاوی زێی بچوک دەبەستن، هاوکات ژمارەیەکی زۆری کارگەی بەرهەمهێنانی چەو و لم بەوهۆیەوە مەترسی لە کارکەوتنیان لەسەرە.
قائیمقامی ڤەزای پشدەر ڕاشیگەیاند، تائێستا ڕوون نیە کە ئاخۆ ئێران بەشێوەی یەکجاری ئاوی زێی بچوکی گرتۆتەوە یاخود بۆ تاقیکردنەوەی بەنداوەکەی سەردەشتە، بەڵام پێیویستە بەرپرسانی حکومەت هەرچی زووە سەردانی ئه و وڵاتە بکەن بۆ چارەسەری ئەو گرفتە گەورەیە.
بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک ترسی قەیرانی بێ ئاوی بۆ زیاتر لە 2 ملیۆن کەس لە دانیشتوانی هەرێم دروست دەبێت
ساڵح حسێن، بەڕێوبەری کشتوکاڵی ڕانیە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ڕێژەی لە 60%ی ئاوی دەریاچەی دوکان و زێی بچوک لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەوهۆیەوە ئەگەر ئاوی زێی بچوک بەتەواوی بگیرێتەوە ئەوا ئاوی دەریاچەی دوکان بەڕێژەی 60% کەمدەکات، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی پارێزگای سلێمانی و حەوزی حەمرین دروستدەبێت.
وتیشی، بە گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک جگەلە زەویە کشتوکاڵیەکانی دەڤەی ڕاپەڕین، هاوکات بەشێکی زۆری زەویە کشتوکاڵیەکانی قەزاکانی دوکان و چەمچەماڵ و حەوزی حەمرین ڕووبەڕووی لەناوچون دەبنەوە.
بەڕێوبەری کشتوکاڵی ڕانیە ڕوونیشیکردەوە، جگە لەو گرفتانەی باسی لێوەکرا هاوکات گرفتی ژینگەیی و تێکچونی کەشوهەوای ناوچەکە دەبێتە هەڕەشەیەکی تری گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک و ئەمە جگە لەوەی لە ساڵانی وشکەساڵیدا سنوری پارێزگای سلێمانی توشی کارەساتی گەورەی کشتوکاڵی دەبێتەوە.
26-06-2017