#دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ# لە لێدوانێکی نوسراودا کەمپەینێکی بۆ پشتگیریکردنی قوربانیانی ئەشکەنجە ڕاگەیاند و بڵاوی کردەوە، کە ئەشکەنجەدان هێشتا بەردەوامە و قوربانییانی ئەشکەنجەش لە زیادبووندان.
ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتیکردنی قوربانییانی ئەشکەنجەیە، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ لێدانێکی بڵاوکردەوە.
لە لێدوانەکەدا هاتووە: لە یادی ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتیکردنی قوربانییانی ئەشکەنجەدا، دەزگای ژیان پشتگیری خۆی دوپاتدەکاتەوە بۆ قوربانیانی ئەشکەنجە و خێزانەکانیان، داواکارە لە کاربەدەستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاری جدی بکەن بۆ بنیاتنانی جیهانێکی دوور لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە.
ئەوەش هاتووە: دەزگای ژیان هەموو ساڵێک یادی ئەم ڕۆژە دەکاتەوە و بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی قورباننیانی ئەشکەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا. هاوکات ژمارەی ئه و قوربانییانەی سەردانمان دەکەن بەردەوام لە زیادبووندان، کە پێکهاتوون لە چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئاوارە و پەنابەر، ڕۆژنامەنووس، کەمە نەتەوەکان. داواکارین چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و بنبڕکردنی ئەشکەنجە و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی دووچاری ئەشکەنجە هاتون کاری لەپێشینەی دەسەڵات و لایەنە سیاسیەکان بێت و کاری جدی بۆ بکەن، هەتا هەموان بە ئارامی بژین و دەوڵەتێکی دوور لە ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە بنیات بنرێت.
باس لەوەش کراوە: لە هیچ بارودۆخێکدا پاساو نییە بۆ ئەشکەنجەدان، تەنانەت لەکاتەکانی شەڕ یان درووستبونی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانییش ئەشکەنجەدان ڕێگەپێدراو نییە.
دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕێکخراوێکی ناحکومی قازانج نەویستە، لە ساڵی 2005ەوە کاردەکات بۆ قوربانییانی ئەشکەنجە و مامەڵەی نامرۆڤانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا. خاوەنی10 بنکەیە لە کوردستان و عێراق دا، تا ئێستا زیاتر لە 35000 کەس چارەسەری وەرگرتووە لە سەرجەم بنکەکانیدا.
دەزگای ژیان ئەوەشی وتووە: بۆ زیاتر پاڵپشتیکردنی قوربانییانی ئەشکەنجە، دەزگای ژیان لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاهێنانەوەی نێودەوڵەت بۆ قوربانییانی ئەشکەنجە (IRCT) کەمپینێکی بەناوی (لەپاش ئەشکەنجە پاڵپشتی لە ژیان بکە) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگەیاندووە. بۆ زیاتر فشار خستنە سەر دەسەڵاتی سیاسی لە بنبڕ کردنی ئەشکەنجە و پاڵپشتیکردنی قوربانییان. داواکارین هەمووان هاوکارمان بن لەم کەمپەینەدا و لەڕێگەی دانانی ئەم هاشتاگە لەسەر پۆستەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵیەتییەکان:
لەپاش_ئەشکەنجە_پاڵپشتی_لە_ژیان_بکە SupportLifeAfterTorture
26-06-2017