بەهۆی کێشەی نێوان وەزارەتەکانەوە، ماوەی سێ ساڵە بڕیاری پێدانی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ بنەماڵەی شەهیدانی شەڕی #داعش# جێبەجێنەکراوە، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت چاوەڕوانی تەواوکردنی خزمەتگوزارییەکانین.
دوای هاتنی داعش بۆ کوردستان و ڕوبەڕووبونەوەی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە، #حکومەتی هەرێم# بڕیاریدا زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش دابەشبکات، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ، تائَێستا ئه و زەوی و یەکە نیشتەجێبوونانە دابەشنەکراوە.
هەرێم عەبدولکریم، کوڕی یەکێک لە شەهیدانی شەڕی داعشە و بڕیاری پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون دەیگرێتەوە، بەڵام ئەوان ماوەی سێ ساڵە لە چاوەڕوانیدان و، مانگانەش کرێی ئه و خانووەی تیادان لەلایەن خێرخوازانەوە بۆیان دابیندەکرێت.
ئه و کوڕە شەهیدە وتی دوای شەهیدبوونی باوکم تەنیا ئه و مووچەیەمان پێدەدرێت کە دوای شەهیدبوونی دابینکراوە، ئه و مووچەیەش بڕەکەی زۆر کەمە و بەهیچ شێوەیەک بەشمان ناکات.
وتیشی ئێمە لە 9 سەر خێزان پێکدێن و هەر هەموو منداڵەکان دەخوێنین و تەنیا من دوای دەوام کاردەکەم، ئەمەش ناتوانێت له و کولەمەرگیە ڕزگارمان بکات کە تیادا دەژین.
ژیانی زۆربەی بنەماڵەی پێشمەرگە شەهیدەکان، هاوشێوەی خێزانی شەهید عەبدولکریمە و زۆربەیان لەلایەن خێرخوازان و ڕێکخراوە بیناییەکان و کۆمەکی هەندێک ڕێکخراوی ناوخۆیی بژێوی زیانیان دابیندەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ڕووبەڕووبونەوەی شەڕی داعش لە حوزەیرانی 2014 تاکو ئێستا هەزار و 700 پێشمەرگە شەهیدبوون و نزیکەی 10 هەزار پێشمەرگەی تریش برینداربوونە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دواڕۆژ، بەهۆی کێشەی نێوان وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پێشمەرگەوە تائێستا زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش دابین نەکراوە یاخود بەتەواونەکراوەی ماوەتەوە.
هەر بەپێ بەدواداچوونەکان، تائێستا هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە ئاماری شەهیدانی شەڕی داعشیان بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم نەداوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕازی نییە زەوی کشتوکاڵی بۆ یەکەی نیشتەجێبوون دابینبکرێت، نەتواندراوە زەوی و یەکەی نیشتەجێیوونەکە بەبێ کێشە تەواوبکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئامادەیە زەوی بەردەڵان و ئه و زەویانەی سوودیان بۆ پڕۆژەی کشتوکاڵی نییە دابەشبکرێت، بەڵام ئەمە نیگەرانی وەزارەتی شارەوانی لێکەوتۆتەوە و ئامادەنین ئه و زەویانە وەربگرن.
هاوکات ئه و یەکە نیشتەجێبووانەی کە بڕیارە لە شارەکان بۆ شەهیدانی دروستبکرێت، خزمەتگوزاریان لەلایەن هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ دابین نەکراوە.
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم بۆ دواڕۆژ وتی، هەرچەندە بڕیاری دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون ڕانەوەستاوە، بەڵام چاوەڕوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەکەن بۆ دابەشکردنی.
وتیشی تائێستا یەکەکان تەواونەکراوە، بودجەیەک بۆ تەواوکردنیان دانراوە و چاوەڕێ دەکرێت بەمنزیکانە تەواو بکرێت.
فوئاد عوسمان ئاماژەشیدا، لەدواین کۆبونەوەی لیژنەی تایبەت به و بوارە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاشکرایکردوە بودجەیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ یەکەکان دابینکردوە و بەمزوانە کۆتایی دێن.
ئەمە جگە لەوەی وەزارەتی شەهیدان پێشنیاریکردووە له و شوێنانەی کە یەکەی نیشتەجێبوونی لێ نییە زەوی بە کەسوکاری شەهیدان بدرێت، بەڵام دوای سێ ساڵ هێشتا داواکارییەکە جێبەجێنەکراوە.
26-06-2017