نزیکەی سەدا 50ی ئاوی خواردنەوەی #کەرکووک# کەمیکردوە، نیوەی خەڵکی شارەکە ئێستا بەرەوڕووی کەمی ئاو بوون، هۆکار کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوە لە پرۆژەی دابەشکردنی ئاوی کەرکووکدا، 2 ماتۆڕی گەورە توانای گواستنەوە و دابەشکردنی ئاویان نەماوە. بەشێ لە ماڵەکانی گەڕەکی کوردستان، 50 عەلی، سەرچنار و شۆراو سکاڵا دەکەن لە مانگی پێنجەوە ئاوی بەلوعەیان نەدیوە.
بە بڕیاری پارێزگاری کەرکووک هەندێ خاوەن زەوی و زار خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە ئەوانەی تۆمەتبارن بە بردنی ئاوی زێی بچوک و دروستکردنی گرفتی کەمئاوی لە کەرکووک.
بەشێک لە دانیشتووانی کەرکووک کە ئاوی پێویستیان نییە تا فێنککەرەوەی پێ دابگیرسێنن ناچار گەرمای بەر دەرگایان پێ باشترە وەک لەماڵەوە، سکاڵایان لەدەست بێ ئاوییە و دەڵێن زیاتر لەپانزە ڕۆژە ئاو لەبۆرییەکانیان نەهاتووە.
محەمەد ساڵح، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کەرکووک بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ئاو نییە بیکەینە نێو موبەریدە، ئێمە هەر وا بەم گەرمایە دانیشتووین خودا قبوڵ ناکات.
بەشێک لە ماڵەکان ئاوی خواردنەوە دەخەنە تانکییەکانیانەوە بەوەش تەنیا کاری پێویستی ڕۆژانەیان پێ ئەنجام دەدەن.
سەبری ستار، هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی کەرکووک بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ئێمە ماتۆڕمان داناوە سوودی نییە، بەبیست و پێنج هەزارم کڕیووە سودم لێ نەبینیووە، لە پێنجی بەیانییەوە تائێستا دانیشتووین ئاومان نەهاتووەتەوە.
ئاوی خواردنەوە لەپرۆژەی کەیوانەوە دەگاتە کەرکووک، ئێستا بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو زیاتر لەسەدا پەنجای ئاوەکە کەمیکردووە و نیوەی کەرکووک ڕوبەڕووی کێشە بوونەتەوە، فەرمانگەی ئاو دەڵێن لەلایەن ژمارەیەک جووتیارەوە زیادەڕۆیی کراوەتە ئەو پرۆژە ئاودێرییەی کە ئاوی زێی بچووک بۆ کەیوان دەگوازێتەوە، بەبڕیاری پارێزگار جووتیارەکان دەستگیرکراون.
جیهان ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: ئاستی ئاو لەپرۆژەی ئاودێری کەرکووک دابەزیوە، وەکو پێویست ئاومان پێ ناگات ناتوانین ئەو ماتۆڕە کاری پێ بکەین بە بەردەوامی، ماوەی هەفتەیەکە زۆرجار دەبێ دوو ماتۆڕ بکوژێنینەوە چونکە ئاو ناگاتە زۆربەی گەڕەکەکان.
21-07-2017