ڕوونکردنەوەیەک لە لایەن (دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە)
ڕاپرسی وەهمی
بەپێی هەواڵێک کە لەهەندێک ماڵپەڕو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەزاری سەرۆکی دەزگای ستاندارد مەسعود عەبدولخالیقەوە هاتووە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕاپرسییەکی کردووە ئەنجامەکەشی ئەوە بووە، کە کۆمەلی ئیسلامی لەهەڵبژاردنی داهاتوودا 13 کورسی دەهێنێت.
ئەم هەواڵە جگە لەناشارەزایی لەداڕشتن و نادروستی ناوەرۆکەکەی، کۆمەڵێک پرسیار دەخاتە ڕوو: ئەگەر ڕاپرسییەکە نهێنیە، عەبدولخالق چۆن زانیویەتی؟ چۆن ئەوەندە بە دڵنیایی پشتی پێ بەستووە؟.
ئەگەر واز لە جەماوەری کوردستان بهێنین ناوبراو دەیەویت چ چاوبەستێک لەئەندامانی ڕەوتە ئیسلامییەکەی خۆی بکات، کە هەزارو یەک ئایەت و حەدیس دژی درۆکردن لە هەگبەکەیدا هەیه و ڕۆژانە بە ئێمەیدا دەتەقێنێت.
با له و قسانە بگەڕێن، لەڕووی زانستییەوە سەیری هەواڵەکە بکەین عەبدولخالیق هەواڵە گرنگەکەی لە سیمیناریکی تایبەتدا ڕاگەیاندووە، یانی پێش هەموو کەس خۆی بڕوای بە دروستییەکەی هەیه و وەک دۆزینەوەیەکی گرنگیش بە ئامادەبوانی دەگەیەنێت وردەکارییەکانی چین؟ بە پێی هەواڵەکە یەکێتی [ بێ ئەوەی دەستنیشانی بکات چ دەزگایەک لە ناو یەکێتی دا ] دە هەزار فۆرمی بلاوکردۆتەوە، بەڕاست بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ناگاتە شەش ملیۆن کەس، پێویست دەکات دەهەزار فۆرم بڵاو بکرێتەوە؟ ئەم قسەیە لەڕووی زانستی ڕاپرسی وئامارەوە ڕێی تێدەچێت؟.
ڕێکخراوێکی گەوەرەی نێودەوڵەتی و پڕ لەپسپۆڕی جیهانی وەک [NDi] لە عیراقێکی
[ 30 ] ملیۆن کەسیدا ڕاپرسی دەکات، تەنها دوو هەزار فۆرم بڵاو دەکاتەوە لەوەش تەنها 500 سەد فۆرمیان تەرخان دەکات بۆ کوردستان، ئه و بابەتەش کە قسەیان لەبارەوە دەکات جگە لە سیستمی سیاسی و خزمەتگوزاری و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و دنیایەک شتی تر. ئاخر بەڕێز ڕاپرسی بە ژمارەی زۆر نیە، بەڵکو شارەزاییە لە هەڵبژاردنی سامپلدا، لە کۆمەڵگای توێژینەوەدا؛ بەڵام وا دیارە ئێوەمانان زۆر لەم شتانە نازانن.
پاشان ئەگەر سەرنجی [13] کورسییەکەی عەبدولخالیق بدەین ئەوە دەبێت له و دەهەزار کەسە [ 1300] کەسیان دەنگیان دابێتە کۆمەڵی ئیسلامی، سامپلی ئەم ڕاپرسییە چۆن وەرگیراوە،ناشێت ئەنجامدەرانی ڕاپرسییەکە وەک کاک مەسعوود قسەخۆش و ژیر بووبن و چووبن لە ناو مەڵبەندێکی ئیسلامیدا پرسیاریان لە خەڵک کردبێت، دەبێت ئەم کڵاوە بە سەری کی دوورا بێت؟.
لە هەمووی خۆشتر ئەوەیەکە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە تەنها ژمارەی ئەندامانی کۆمەڵەی خوێندکارانی لەئەندامانی حیزبەکەی عەبدولخالیق زیاترە، لە ڕاپرسییە[نهێنی] یەدا دە کورسی دەهێنێت، بەڕاستی هەندێ جار پڕۆپاگەندەی چەواشەکاری ئەوەند ناشییانە دەکرێت کە دەبێتە نەزانی.
پرسیارێک کە دەبوو لە سەرەتادا بمانکردایە ڕاپرسی نهێنی لەڕووی زانستیەوە چ مانایەکی هەیە، بە تایبەتی لەم سەردەمەی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای پەیوەندی کردنی خێرادا ؟ بە تایبەتی و ئەگەر کۆمەڵگەی لێکۆڵینەوەکەت(1) لەسەر (500) ی هەموو کۆمەڵگەی کوردەواری بێت، ئەگەر خەڵکانی خوار تەمەنی 18 ساڵ و نەخۆش و زیندانیکراو و ئەوانەی لە هەندەرانن و کەسانی کاسبی بەردەست نەکەوتوو...هتدی لێدەربکەین، ئەوە ڕەنگە سامپلی ڕاپرسییەکە ببێت بە (1) لەسەر (100) جا ئاخر شتێک لە هەر (100) کوردێک یەکێکیان بیزانێت کوێی نهێنییە؟.
لە هەمووی گرنگتر بەهای ڕاپرسی وەهمی چەندە ؟ تا چەند دەتوانیت پشتی پێ ببەستیت ؟ ئه و ڕاپرسییە وەهمیەی کاک مەسعود عەبدولخالیق کەی ئەنجام دراوە؟ ئەمانە پرسیاری تەکنیکی و زانستین،ڕەنگە ناوبراو زۆر سەریان لێ دەرنەکات.
دواجار بەوپەڕی دڵنیایی، وەک دەزگای تایبەتمەندی یەکێتی نیشتمانێی کوردستان لە کایەی ڕاپرسی و کاروباری هەڵبژاردن، ڕایدەگەیەنین کە لە هیچ ئۆرگانێکی یەکێتیدا ڕاپرسی له و جۆرە نەکراوە، ئەگەر بیشیکەین (10000) فۆرم دابەش ناکەین و ئەنجامەکەشی هەرگیز دەست عەبدولخالیق ناکەوێت. دەزگای هەڵبژاردن.
21-07-2017