کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی لەم مانگەدا یەکەم بیری تاقیکردنەوەی بۆ دۆزینەوەی نەوت لە #هەرێمی کوردستان# لێدەدات، ئەوەش بۆ بوونی متمانەیەکی زۆری کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بە ئێستا و ئاینیدەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش لە بواری وزەدا.
بیرە نەوتەکەی شیڤرۆن دەکەوێتە باکووری #هەولێر#، ئەوەش بە یەکەم بیری لەم شێوەیە دادەنرێت لە چارەکی دووەمی ساڵی 2015ەوە.
گوتەبێژی کۆمپانیای شیڤرۆن ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکەیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ گەڕان بەدوای بیری نوێی نەوتدا.
ماوەی دوو ساڵە کۆمپانیای شیڤرۆنی چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی داعشەوە ڕاگرتووە، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکە دەیەوێت دەست بەکار و چالاکییەکانی بکاتەوە.
کۆمپانیای شیڤرۆن خاوەنی 80% پشکەکانی هەردوو بلۆکی سارتا و قەرەداغە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکەش ڕووبەری هەردوو بلۆکەکە دەگاتە 1129 کیلۆمەتر چوارگۆشە، ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا شیڤرۆن هیچ بڕە نەوتێکی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم نەهێناوە.
شیڤرۆن کە بارەگای سەرەکی لە کالیفۆرنیایە لەدوای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 کارەکانی خۆی بەشێوەیەکی کاتی لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت، لەدوای لێدانی یەکەم بیری تاقیکردنەوە لە سارتا کاری کۆمپانیاکە ڕاگیرا.
بەپێی بەشێک لە شرۆڤەکارانی بواری وزە، لەدوای کەمبوونەوەی نەوتی یەدەگی تەق تەق و چەند کێڵگەیەکی دیکەی نەوت، کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان سەرنجڕاکێشی خۆی لەدەستدا بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە بەرپرسانی کۆمپانیای شیڤرۆن پێیانوایە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان چەقی گەشەکردنی وزەیە لە ئایندەدا.
پاراستنی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای شەڕی داعش، متمانەیەکی زۆری لەلای کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت دروست دەکات بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەکی زۆرەوە بێنە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکاندا بکەن. [1]
21-09-2017