ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- #هەپەگە#، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە چالاکیی گەریلاکانی لە چەلێ و گەڤەری سەربە #جولەمێرگ# و #خەرەگۆل#، کوژرانی 42 سەربازی تورکی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە لە سەر ماڵپەڕی فەرمییدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو، زانیاری و وردەکارییەکانی چەند چالاکییەکی گەریلاکان و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکی ڕاگەیاند.
هەپەگە ڕایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک ڕۆژی 16ی مانگ بەرەو زاپی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکرد، گەریلاکانمان لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنەدا وەستاون و لە دوو ڕۆژی ڕابردوو شەڕی سەخت لە نێوان گەریلاکان و سوپای تورک ڕوویداوە.
لە ڕاگەیەندراوی هەپەگەدا هاتووە: دوێنێ دوو یەکینەی دوژمن هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە ئەو ناوچانەی خەرەگۆل کە لە کۆنتڕۆڵی گەریلاکانماندان، گەریلاکانمان دژیان چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا 11 سەربازی تورک کوژران.
لە بەردەوامیدا هەپەگە ڕایگەیاند: بەرەبەیانیی ڕۆژی 19ی مانگ کاتژمێر 02:30 خولەک، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک گردی شەهید سیداریان بۆردومان کرد، پاشان کاتژمێر 06:00ی سەرلەبەیانی لە نێوان هێزەکانمان و سەربازەکانی سوپای تورک لەو ناوچەیەدا شەڕێکی سەخت ڕوویدا، لە ئەنجامدا 14 سەربازی تورک لەوێ کوژران، هاوکات دەستەیەکی دیکەی سوپای تورک کە هەوڵیاندەدا خۆیان بگەیەننە شەڕەکە، کرانە ئامانجی چالاکیی گەریلاکانمان و لەو چالاکییەشدا شەش سەرباز کوژران.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: چالاکیی گەریلاکان دژی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورک لە دەڤەری بارزان بەردەوامە، دوێنێ کاتژمێر 06:00ی سەرلەبەیانی لە سەر گردی بەیرەق چالاکییەک دژی یەکینەیەکی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا چوار سەرباز کوژران، کاتژمێر 06:20خولەکی سەرلەبەیانیی دوێنێ گەریلاکانمان لە گردی شەهید مونزور چالاکییەکی دیکەیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەشدا دوو سەبازی تورک کوژران.
ڕاشگەیەندراوە: لە دووەمین قۆناغی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید بەدران گوندیکرامۆ و شەهید نالین مووشدا، گەریلاکانمان لە چەلێ و گەڤەر دژی سوپای تورک چالاکییان ئەنجامدا، دوێنێ کاتژمێر 09:00ی سەرلەبەیانی، لە گەڤەری سەربە جولەمێرگ چالاکییەک دژی ئۆتۆمبێلێکی سوپا ئەنجامدرا، کە دوو فەرماندە و دوو سەربازی تێدابوو، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا هەموو ئەوانەی لە ئۆتۆمبێلکەکەدا بوون کوژران و ئۆتۆمبێلەکەش تێکشکێندرا، کاتژمێر 06:45 خولەکی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش گەریلاکانمان بە قەناس لە قەڵا پەریخانی سەربە گەڤەر چالاکییەکی دیکەیان ئەنجمادا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا.[1]
20-10-2017