مەراسیمی پێشوازی و بەخاکسپاردنی سەرۆک مام جەلال
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەپەژارەی بێڕادەی کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان و تەواوی دڵسۆزو هاوڕێیانی مام جەلال، دڵنیایە. بۆئەوەی بۆ کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، ئەرکی ئەمەکدارییان بەپێی بەرنامە جێبەجێ بکەن. بڕگەکانی مەراسیمەکە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین:
یەکەم: تەرمی سەرۆک، پێش نیوەڕۆی هەینی دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەپێی پرۆتۆکۆڵی پێشوازی لە سەرۆک، بەرنامەی ڕەسمی و جەماوەری و سیاسی، لەفڕۆکەخانە، مەراسیمەکە دەستپێدەکات.
دووەم: کەژاوەی شکۆمەندیی سەرۆک، بۆ دوا نوێژی بەره و دیوانی خودا بەڕێکردن، بەره و مزگەوتی گەورە، بەڕێ دەکرێت.
سێهەم: لەمزگەوتی گەورەوە، سەرۆک، بەره و دوائارامگای ژیانی، لە دەباشان، کە هەوارگەی دڵگیری خۆی بوو، چونکە ڕۆژانە دڵی بەوە خۆش دەبوو سلێمانی بەئاوەدانی و جوانیی دەبینی. بەئامادەبونی میوانانی مام جەلال و جەماوەری خەمبار، دوا دیداری دڵسۆزانی مام و گەلەکەمان، ئەنجامدەدرێ.
چوارەم: یەکەم ڕۆژی تازیەی سەرۆک، ڕۆژی شەممە (7/10/2017) سەعات 1/ی پاشنیوەڕۆ، لەیاریگای سیروانی نوێ کە دەکەوێتە دووڕیانی سەرچنارو بەرامبەر هۆڵی هونەر. هەروەها، هاوکات لە (11) شاری تری کوردستان (هەولێر، کەرکووک، دهۆک، هەڵەبجە، زاخۆ، ڕانیە، کۆیە، کەلار، سۆران، چەمچەماڵ و خانەقین) مەراسیمی تازیە ئەنجامدەدرێ.
رێنوێنی ڕێکخستنی میوانانی کەژاوەی سەرۆک:
1- لەدەرگای فڕۆکەخانەوە، هەتا دەگاتە مەڵبەندی سلێمانی، مەڵبەندەکانی کەرکووک، چەمچەماڵ، هەولێر، کۆیە، ڕاپەڕین، دهۆک، موسڵ و شەنگال لەگەڵ لقەکانی ڕێکخراوە دیموکراسی و جەماوەری و سەندیکاکان، بەخۆیان و تەواوی ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی مام جەلال، لەسەعات 11/ی سەرلەبەیانیەوە، پێشوازی لە سەرۆک دەکەن.
2- مەڵبەندەکانی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، خانەقین، لەگەڵ ڕێکخراوە دیموکراسی و سەندیکاو سەرجەم دڵسۆزان لەسەر جادەی شەستی.. لەنزیک (بۆڵینگ)ەوە هەتا ئارامگای سەرۆک، پێشوازی دەکەن.
3- جەماوەری کوردستان و دانیشتوانی سەربەرزی سلێمانیش، دڵنیاین، بەپێی ڕێوشوێنی مەراسیمەکە، ئەرکی وەفادارییان بەرامبەر سەرۆک مام جەلال ئەنجامدەدەن.
شایەنی باسە، پرۆگرامێکی تری هەمەلایەنە لەلایەن لیژنەی باڵای مەراسیمی حکومەتی هەرێمەوە، بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئاگاداری تەواوی لایەنەکان.
خوای گەورە سەبوری هەموو لایەکمان بدات و پشتیوانیشمان بێت.. بۆ تەواوکردنی ڕێگای خەباتی مام جەلال.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
04-10-2017