دواڕۆژ، بەختیار شەریف
لەم وەرزەدا جگە لەبازاڕی سەرەکی، دەچیتە هەر شەقامێک یاخود کۆڵانێک کۆگایەک یان دوکانێکی جلوبەرگی کۆنەی تێدایە، ئه و دوکانانە وەخت و ناوەخت جمەیان دێت لەکڕیار و زیاتریش ژنان دەبینیت، فرۆشیارێکیش دەڵێت ژن و منداڵ زیاتر لە پیاوان جلی کۆنە (لەنگە) بەکاردێنن.
کات نزیکەی 10ی شه و بوو، چووینە کۆگایەکی جلوبەرگی کۆنە یان ئەوەی لەناو خەڵک بە (بالە و لەنگە) ناسراوە، له و شەوە پایزییەدا کە تاڕادەیەکیش کات درەنگی کردبوو، هەندێک لە هاووڵاتیان سەرقاڵی هەڵاودیوکردن و هەندێکی تریشیان سەرقاڵی مامەڵەکردنی ئه و کەلوپەلانە بوون کە هەڵیان بژاردبوو.
لە وەرزی سەرمادا بازاڕی لەنگە گەرمتر دەبێت
نازدار محەمەد، یەکێک له و خانمانە بوو سەرقاڵی هەڵبژاردنی جلوبەرگەکان بوو، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم جۆرانە بۆ دواڕۆژ دوا و وتی لەم کاتەدا کە بەره و وەرزی سەرما دەچین، ڕوودەکەینە کڕینی جلوبەرگی لەنگە چونکە کوالیتی و جۆری ئەم جلانه زۆر گونجاوە هەروەها لەڕووی نرخیشەوە هەرزانە.
هەندرێن زەنگەنە، خاوەنی کۆگا و دوکانی لەنگە لەچەمچەماڵ قسەکانی ئه و کڕیارەی پشتڕاستکردەوە و بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا کڕیاری زۆرتر ڕوومان تێ دەکات، ئەمیش بەهۆی هەرزانی نرخ و باشی کوالیتی جلوبەرگەکان که لەگەڵ کەشی هەرێمی کوردستاندا گونجاوە.
بازاڕی لەنگە ئەمساڵ گەرمترە و هۆکارەکەشی بارودۆخی ئابورییە
کڕیارەکە ئەوەشی وت جگە لە باشی کوالیتی، قەیرانی دارایی و نەبوونی موچە ناچارمان دەکات جلی لەنگە بکڕین، لەئێستادا ڕەنگە نەتوانین وەکو پێویست جلوبەرگی نوێ بکڕین، ئەم جلانەش تاڕادەیەک هەرزانن.
خاوەنی دوکانەکەش دەڵێت بارودۆخی سیاسی و ئابوری خەڵک داڕووخاوە و داهاتیان لەسەر مووچەیە بۆیە ناتوانن جلوبەرگی نوێ بکڕن، بۆیە ڕوو لە ئێمە دەکەن و بازاڕی ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی ڕابردوو گەرمترە و جلوبەرگەکانیش هەرزانترن.
ساڵانی ڕابردوو نرخەکانیشمان بەرزتر بوو ئەگەر پارچەیەک ساڵی ڕابردوو بە 5 هەزار دینار بووبێت ئێستا بە 1 هەزار دینارە، بۆیە بەهۆی باری دارایی خەڵکەوە نرخەکانمان زۆر هەرزان کردووە و بەرزترین نرخی پارچەیەک 2 بۆ 3 هەزار دینارە ئەمەش وتەی فرۆشیاری بالەکە بوو.
سەرچاوەی جلوبەرگەکان کوێن؟
لەچەمچەماڵدا کەمترین کۆفرۆشی بالە هەیە و زۆربەی بالەکانیش لە هەولێر و سلێمانیەوە دەهێنن، ئه و جلوبەرگانەی لەناو بالەکەدا هەن زۆربەی ئەوروپی و ڕۆژئاوای ئاسیایین، هەندێکجاریش جلوبەرگی ئەمریکیشی تێدایە، بەڵام بەگشتی جلوبەرگی کوالیتی باشن.
لەدوای ڕووداوەکانی 16ی مانگی ڕابردووی ئەمساڵەوە کە ئه و پردە بازرگانییەی لەنێوان سلێمانی و کەرکووک و هەولێر هەبوو تا ڕادەیەک درزی تێکەوتووە، کاریگەری لەسەر هێنانی بالەش کردووە و لە ئێستادا زیاتر لەپارێزگای سلێمانییەوە بالە دەگاتە چەمچەماڵ، ئەم زانیارییانەش هەندرێن زەنگەنەی فرۆشیاری بالە و جلوبەرگی لەنگە بەدواڕۆژی دا.
ژنان زۆرترین کڕیارن
لەبارەی ڕەگەزی کڕیارەکانیانەوە هەندرێن وتی لە هەموو ڕەگەز و تەمەنەکان سەردانمان دەکەن، بەڵام زۆرترین لەکڕیاکرەکانمان ژنانن، چ بۆ خۆیان بێت یان بۆ منداڵەکانیان بێت، بۆیە زۆترین خواست لەسەر جلوبەرگی ژنان و منداڵانە، لەگەڵ کڕینی لێفە و پێخەف، هەر ئەمەش وایکردووە جگە لەبازاڕی لەنگە لەهەموو کوچە و کۆڵانێک دوکانێکی لەنگە هەیە.
ئەگەر باش نەشۆردرێت زیانی تەندروستی هەیە
سەبارەت بەزیانەکانی جلوبەرگی کۆن و لەبەرکراو دکتۆر فەرهاد محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست بەدواڕۆژی وت بێگومان هەموو کەلوپەلێک بەتایبەتی بەرکارهاتووەکان هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشییەکانی پێستن، بۆیە باشتر وایە بە ئاوی کوڵاو بشۆردرێت یان لەگەڵ ئاوەکە بکوڵێندرێت و بە باشیش ئوتو بکرێت، چونکە ئوتو یەکێکە لەڕێگەکانی لەناوبردنی میکرۆب و ڤایرۆس ئینجا بەکاربهێنرێت.
لەبارەی نەخۆشییەکانەوە ئه و پزیشکە پسپۆڕە دەڵێت نەخۆشیەکانی کەڕووی سەر پێست و گەڕی زۆرترین ئه و نەخۆشییانەن کە بەم هۆیەوە تووشی بەکارهێنەر دەبێت.[1]
06-11-2017