ڕۆژنیوز – قەرەچوغ ئەنوەر
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێک، لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان 145 پێشێلکاریی بەرامبەر ئازادیی ڕادەربڕین ئەنجامدراوە و لەو ڕێژەیەش پشکی شێر بەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەوتووە.
ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە شاری #هەولێر# ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادیی دەقی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی ڕەوشی ئازادیی ڕادەربڕینی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەدا، هیوا عومەر، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادیی ڕاپۆرتەکەی خوێندەوە، کە تاییدا هاتبوو: لە ماوەی 11 مانگی ساڵی 2017، دا 145 پێشێلکاریی ئازادیی ڕادەربڕین ئەنجامدراوە و لەو پێشێلکاریانەش پشکی شێر بەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەوتووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو: تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لێدان و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر گیانی ڕۆژنامەنووسان هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەیتوانیوە بەسەر ئەم مەترسیانەدا زاڵبێت.
ئەوەش هاتبوو: لە کاتی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن خودی دەزگا ئەمنییەکانەوە هێرش دەکرێتە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەندێ جاریش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوکایەتیی بە ڕۆژنامەنووس کراوە.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان کرابوو، کە تیایدا وەدات حسێن-ی پەیامنیری ڕۆژنیوز لە دهۆک بە نمونە هێندرابووەوە، کە 13/ئاب/2016 تیرۆرکرا و هاتبوو: بەهۆی بەرژەوەندیی دەسەڵاتی حزبی و کەسی، زۆرجار ڕۆژنامەنوس تیرۆر دەکرێت و کەیسەکانیشیان لە داگاکان بەبێ دەرەنجام دەمێنێتەوە.
ڕاپۆرتەکە، جۆرێکی دیکە لە پێشێلکاریی خستبووە ڕوو و تیایدا هاتبوو: فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا زۆربەیان پابەندی پێدانی زانیاری نەبوون بە ڕۆژنامەنوسان و بەشێک لە وەزارەتەکانی حکومەت هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان نییە و وەڵامی پەیوەندییەکانیان نادەنەوە.
ئەوەش هاتبوو بەشێکی تر لە پێشێلکارییەکان بریتیە لە هێرش کردنە سەر خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مەدەنی کە لەکاتی گردبوونەوە و خۆپیشاندان و کۆنفرانسەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لێیان دەدرێت و زۆر جاریش بۆ ماوەی چەند ڕۆژ و کاتژمێرێک دەست بەسەر کراون و بگرە برینداریش کراون.
جێگای ئاماژەیە، ئاژانسی ڕۆژنیوز یەکێکە لەو ڕاگەیاندنانەی، کە بە ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاریی بەرامبەر ئەنجامداروە، کە لە دیارترینیان شکاندنی کەلوپەلی کاری ڕۆژنامەوانیی تیمی هەولێر بوو لەناو بینای پەرلەمانی هەرێم و سوکایەتییکردن بە لۆگۆی ڕۆژنیوز، هەروەها ڕیگرییکردن لە ڕووماڵکردنی ئەو چالاکییانەی، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیایدا ئامادەن.
هەروەها، لەکاتی تۆمارکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر بۆردوومانی شیلادزێ، ئاسایشی دهۆک شوێن تیمی ڕۆژنیوز کەوت و بە زەحمەت توانیان خۆیان ڕزگار بکەن.
پێشێلکارییەکان لە بەرامبەر ڕۆژنیوز تەنیا لە زۆنی زەرد نەبووە و لە شاری سلێمانی و کەرکووک-یش ڕێگا نەدرا ڕۆژنیوز ڕووماڵی بانگەشەکانی ڕیفراندۆم بکات، کە بارزانی تیایاندا ئامادەبوو.
هەروەها، لەکاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەک دژ بە هاتنی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق بۆ سلێمانی بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەست بەسەر کامێرای ڕۆژنیوز-دا گیرا و محەمەد وەلی، کامێرامانی ڕۆژنیوز 24 کاتژمێر دەستگیرکرا.
هەر لە شاری سلێمانی لەکاتی ڕووماڵکردنی کۆبوونەوەیەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لەگەڵ لایەنگرانیدا، ئاسایش پەلاماری سۆران حسێن، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنیوزی دا و بە زللە و لێدان ئازاریان دا، هەروەها مۆبایلەکەی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لەلایەن ئاسایشەوە دەستی بەسەردا گیرا.[1]
#09-12-2017#