ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر #عەفرین# بەردەوامە و پێینایە 12یەمین ڕۆژ. شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانکردنی تەواوی گوندە سنوورییەکان بەردەوامە و لە سنووری شارۆچکەی ڕاجۆش شەڕێکی سەختە. ڕوونش نییە سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سووریا چەند پێشڕەوییان کردووە و چەند ناوچەیان لە سنووری عەفرین کۆنترۆڵکردوون. هەردوولاش ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران ڕەتدەکەنەوە.
بەدرێژایی سنووری عەفرین شەڕ و بۆردوومان بەردەوامە
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری ڕووداو لە سنووری نێوان باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: تۆپباران و بۆردوومانکردنی تەواوی گوندە سنوورییەکانی عەفرین بەردەوامە. ئێستاش سوپای تورکیا گوندەکانی ڕۆژئاوای عەفرین و چیای گڕە تۆپباران دەکات. لە سنووری شارۆچکەی ڕاجۆش کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای عەفرین، شەڕێکی سەخت هەیە.
پەیامنێری ڕووداو ڕاشیگەیاند: ڕوون نییە سوپای تورکیا و ئۆپۆزیسیۆن چەند پێشڕەوییان کردووە و چەند ناوچەیان لە عەفرین کۆنترۆڵکردوون. دوو ڕۆژیشە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سنووری قەستەل دەگوازرێنەوە.
سوپای تورکیا و یەپەگە ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە
سوپای تورکیا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماری11 ڕۆژی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون)ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو ماوەیەدا 712 چەکداری یەپەگەیان ناچالاک کردووە، بەبێ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە چەندیان گیانیان لەدەستداوە، چەندیان بریندارن و چەندیشیان دەستگیرکراون. دەشڵێت 24 پێگە و 18 گوند و قەزایەک لەگەڵ 5 بەرزایی و تەپۆڵکەی ستراتیژیان کۆنترۆڵکردوون.
لەبارەی ئەم ئامارانە پەیامنێری ڕووداو ڕایگەیاند: سوپای تورکیا ئاماری جیاواز لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان لە عەفرین بڵاودەکاتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی پشتڕاستیان ناکاتەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم ئامارانەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە و لە دوایین ئاماری خۆیاندا ئاماژەیان بە گیانلەدەستدانی 43 شەڕڤان و کوژرانی 308 سەربازی تورکیا و چەکدارانی سووریای ئازاد کردووە.
شەوی ڕابردوو بۆردوومانی چڕ و شەڕێکی سەخت ڕوویداوە
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا چەند ناوچەیەکی عەفرینیان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد. سەرچاوەیەکی تایبەت لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو هەلیکۆپتەرە شەڕکەرەکانی تورکیا لە جۆری کۆبرا گوندی حەمامێی سەر بە شارۆچکەی جندرێسیان بۆردوومانکرد.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بۆردوومانەکە دوای ئەوە هاتووە کە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە لە شەڕێکدا سەختدا گوندی حەمامێیان لەژێر دەستی سوپای تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنترۆڵکردووەتەوە.
چەند گوندێک لەلایەن خەڵکەوە چۆڵکراون
لە ناوچەی ڕەجۆش فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گردی کەڤرێ کەریان بۆردوومانکردووە. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا گوندی بافالۆنێیان لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین بۆردومانکردووە کە دەکەوێتە نێوان گوندی قەستەلی جندۆ و قتمێ.
لەبارەی پێشهاتە مەیدانییەکانی سەر سنووریش، سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، گوندەکانی چیای خاستیا هاوشێوەی گوندەکانی خەرزا، عەلی ژارۆ، ڕاجێ و برکێ کەوتوونەتە ژێر گوشاری سوپای تورکیا و خەڵکی ناوچەکە ئاوارەبوون.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، سوپای تورکیا و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد لە شاخی ئێزگەهێ و دەورووبەری گوندەکانی عەمەرا و مامیلا جێگیربوون. هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەدا، لە ناوچەی بلبلێ هێزەکانی سوپای تورکیا لە گوندی بالیا کە لەسەر سنوورە، جێگیربوون.
سەرچاوەکان لە عەفرینەوە چی دەڵێن؟
چالاکڤانێکی سیاسی بە ناوی مەڕوان حەنان لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا زانیاریی کۆنترۆڵکردنی ئەو گوندانە لەلایەن سوپای تورکیا پشتڕاست نەکراوەتەوە و سەرچاوە سەربازییەکانی یەپەگەش جەختدەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ گوندێکی کۆنترۆڵ نەکردووە.
سەرچاوە میدیاییەکانی هەسەدە لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆ و شەوی ڕابردوو دەڵێن شەڕ و پێکدادان لە گوندی شەنگلی بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە، ناوچەی ڕاجۆش لە ژێر بۆردوومانێکی تووندی سوپای تورکیادایە. ئەمە لەکاتێکدایە سوپای تورکیا کۆنترۆڵکردنی ڕاگەیاندووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوپای تورکیا و چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێزێکی زۆریان بۆ سنووری شەهبا لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین گواستووەتەوە.
لە هاتای مووشەکێک کەوتەخوارەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە کە مووشەکێک ئاراستەی شارۆچکەی ڕەیحانلیی پارێزگای هاتای کراوە. مووشەکەکە لە گەڕەکێکی شارۆچکەی ڕیحانلی هاوسنوور لەگەڵ عەفرین کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی عەفرین چەندجارێک ئەم حاڵەتە دووبارەبووەتەوە و ژمارەیەک هاووڵاتی برینداربوونە، هەرچەندە یەپەگە ڕەتیدەکاتەوە ئەوان شارەکانی تورکیا بکەنە ئامانج.
نەتەوە یەکگرتووەکان: لە عەفرین 15 هەزار کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە
ئۆرسولا مولەر، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی ڕەوشی سووریا، ئاماژەی بەوە داوە کە زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی بوونی کوژراو و بریندار بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئۆرسولا مولەر دەشڵێ، بەهۆی شەڕ و پێکدادنەکانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو ئێستا 15 هەزار کەس لە خەڵکی عەفرین ماڵەکانیان چۆڵکردووە و ڕوویان لە شوێنی دیکە کردووە لە هەمان ناوچەدا. دەشڵێت لەوانە نزیکەی هەزار کەس ڕوویان لە حەلەب کردووە. [1]
#31-01-2018#