بۆ ڕۆشنایی شەوەزەنگەکان سەرۆک ئاپۆ :-
لەو ڕۆژەوەی کە تۆم بیستووەو ناسیوە هەست بەژیان دەکەم، دەزانم کە کێم و دەبێ چۆن بژیم. یانی فکر و ڕامانی تۆ منی بەمن ناساند و فێری کردم کە بەمانا بژیم، فێری ئەلفوبای ئازادی و سەربەستیت کردم. لەفێرگەکەی تۆدا چەندە زەحمەتیشم کێشا بێت، هیچ ڕۆژێ لەرۆژان دوودڵی و پەشیمانیم ژیان نەکرد، چونکە تیایدا هێزی واتام کەشفکرد، هێزی فکر و هێزی مرۆڤ، کەمێکیش بێت لەوە تێگەیشتم کەهیچ شتێک موستەحیل نییەو مرۆڤ چی بکاتە ئامانج دەتوانێ پێی بگات بەمەرجێ کە لەو ئامانجەدا جددی بێت و پێی باوەڕ بێت، وەکو ژنێک و وەکو کوردێک ئازادیم کردە ئامانج و لەدڵەوە باوەڕیم پێکرد، بۆ ئەمەش بەحەسرەتەوە بووم کە بۆ ساتەوەختێکیش بێت لەنزیکەوە بتبینم و توند لەباوەشت بگرم و هەناسەیەکم بدایە و پاشان ئەوەی لەدڵمدایە دەرهەق بەئازادی خۆم و ژنان و گەلەکەم لەگەڵ تۆدا وتووێژ بکەم، بەڵام لەساڵی 1998دا پیلانگێڕییە گڵاوەکەی نێودەوڵەتی لەدەرەوەو ناوەوەدا کەوتە نێوان من و تۆ و بەهەزاران کەسی وەک من کە هاوئەشق و بەهیوا بوون بەدیتنت. دوای ئەوە دەستگیرکردنی ئێوە لەمندا زیاتر تەکانی بەهێزو بڕیاری ئازادی دا و هیواو حەسرەتی دیتنی ئێوەم قەد وون نەکرد، بەڵام بەردەوام هەوڵی ئەوەم دەدا کە زۆر لەنزیکەوە هەستت پێبکەم. بۆیە زۆر جار لەناخمدا دیالۆگم لەگەڵتاندا پێش دەخست و هەستم دەکرد وەک دەنگ، وەک وزەیەک دەکەوتیە ناخمەوەو ئیلهامم لێدەگرتن.
چەند جاریش هاتی بەمیوانی خەونەکانم و زۆر زۆر خۆشحاڵا بووم، ئەوەی ڕاستی بێت ناتوانم بەتەواوی گوزارە بکەم لەهەست و بیرەکانم سەبارەت بەئێوە، بەڵام لەساڵی 1999 بەدواوە بەردەوام ڕاستییەک لەمێشکی مندا دەزرینگێتەوە، ئەویش ئەوەیە کەزیندانیکردنی مرۆڤێکی گەورەی وەک ئێوەم پێ هەزم نەکرا و هەر دەموت ئەم مرۆڤە ئەو جێیەی حەق نەکردووە، بێگومان بەرپرسیاری دەستگیرکردن و گۆشەگیرکردنی سەرۆکی گەلێک و ڕێنیشاندەرێکی گەورەی مرۆڤایەتی تەنیا دەوڵەتانی ڕووڕەشی جیهان نابینم، بەئەندازەی ساختەکاری و دووڕوویی و خیانەتی دەوڵەتانی سەردەست لاوازی و کەم و کورتی هاوڕێیەتی خۆم و هەڤاڵانیشم بەرپرسیار دەبینم. بۆیە هەردەم شەرمەندە بووم لەحزووری ئێوەو گەل و ئەو ژنانەدا کە هیوای ئازادییان بەئێوەوە گرێداوە.
ئەمڕۆش لە 15ی شوباتی 2006دا پێ دەنێینە هەشتەمین ساڵی دەستگیرکردنی سەرۆکایەتییەوەو پیلانگێڕی نێودەوڵەتی قۆناخێکی نوێ و مەترسیداری لەسەر ئیمرالی و کوردستان بەگشتی دەستپێکردووە. دەیانەوێ هەموو ڕەنج و تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی سەرۆکایەتی و گەلی کورد بەفیڕۆ بدەن و بەئاشکرا بانگەشەی تەسلیمیەت و دەستبەردان لەسەرۆکایەتی بکەن، دەیانەوێ دەستەمۆمان بکەن و فێری ئەوەمان بکەن کە بێ سەرۆک، واتە بێ ئایدیۆلۆژی، بێ ئیرادە ژیان بکەین، بۆیە ئەمڕۆ گەل لەهەر چوارلای جیهان لەدژی ئەم سیاسەتی قڕکردنەی کە لەسەر سەرۆکایەتی پەیڕەو دەکرێ ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێ، منیش وەکو قوتابییەکی ئێوە لەدژی ئەم هێرشە ناڕەوایە دەمەوێ لەم 15ی شوباتەدا لەنێو گەلی خۆمدا بەرخۆدانی گەلەکەم، بەئاگری جەستەم دەمەوێ پەیامێک بدەمە مێشک و دڵی سەهۆڵبەندی شارستانێتی کۆمەڵگای چینایەتی و وەک زۆر مرۆڤی دیکە دەمەوێ لەدادگای مێژوودا ببمە شاهیدێک بۆ قیڕاندن و ئیشارەپێکردنی زۆرداری و درۆزنی سیستەمی داد و مافی مرۆڤی ڕۆژئاوا.
سەرۆکی من،
ئەم چالاکییەی کەئەنجامی دەدەم لەگەڵا ئەوەی ناڕەزایی و ئیسباتێکە لەدژی ئەو حەقسزییە (ناهەقییە)ی کە لەدژی ئێوەو گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتانی سەردەستەوە پەیڕەو دەکرێ، هاوکات ڕەخنەدانێکی هاوڕێیەتی کەم و لاواز و ڕزگاربوونمە لەهەستی شەرمەندەیی و بێ ڕوومەتی لەبەرامبەر مێژوو و گەلەکەمدا، ئاستی ئیدیعا و باوەڕیمە بەوەی کە هەتا تاکە کەسێکیش بمێنێ ئەم فەلسەفەو هێڵی ژیانەی ئێوە هەر دەژی و سەردەکەوێ.
زۆر کەس دەڵێت و دەفکرن کە تا ئایدیۆلۆژی توونە بکەن (لەناوببەن) و نەهێڵن، من گاڵتەم بەمە دێت و ئیدعایەکی زۆر پڕوپووچە، چونکە ئێوە ئیدی لەدڵا و مێشک و حوجرەی بەملیۆنان کەسدا و بەتایبەتی لەدڵی ژناندا جێگیربوون و بوون بەماڵی مێژوو و کۆمەڵگا. هەمووجارێ بەوەفایی و ڕاستگۆیی ژنت بەئێمە ناساند جائەمڕۆ سەرباری هەموو کەم و کورتی و لاوازییەکانمانەوە دەمەوێ ڕەخنەی خۆم بدەم و بڕیاری بوونی خۆم لەهێڵی سۆسیالیزمی زانستی و دیموکراتی و پارادیگمای نوێ نیشان بدەم و کەمێکیش بێت، پەیامێک بدەمە پاشڤەڕۆیەتی نێوخۆ و هێرشەکانی دەرەوە، منیش زۆرجار وەکو هەڤاڵانی شەهید دەمگوت، خوزگە لەگیانم بەبەهاتر شتێکیتر هەبووایە لەپێناو ئازادی سەرۆک و گەلەکەم و ژنە چەوساوەکاندا فیدام بکردایە.
لەدوای گرتنی ئێوە و لەساڵی 1999دا بەردەوام بڕیاری ئەنجامدانی چالاکییەکم هەبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی هەلومەرج گونجاو نەبوو بۆ شتێکی وەها و بەتایبەتیش بۆ ئەوەی ئێوە زویر نەکەم هەر هەوڵمدا لەژیاندا دروستبوون، گرێدانی خۆم لەگەڵا ئێوەدا نیشان بدەم، ئەمڕۆش دەزانم کە لەوانەیە ئەم چالاکییە ڕەخنە بکەن و پەسندی نەکەن بەڵام چی بکەم سەرۆکی من هەندێک هەن ئاشق دەبن و دەستی یەکتر دەگرن و ڕادەکەن. ئاشقبوونی منیش وەهایە و دڵم بێ ئێوەو بێ پێکەنین و زەردەخەنەی سەر لێوی مناڵانی وڵاتەکەم سوکنایی نایەو ئۆقرە ناگرێ.
نەمتوانی بڕیارەکەم لەقۆناخێکی وەها هەستیاردا درەنگ بخەم بۆ ساڵی هەشتەمی دەستگیرکراوی و دووری ئێوە، بۆیە داوای لێبوردن دەکەم و دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە زۆر بە هیواو بەورەم، بەتایبەتی کاتێ بۆ دیاریکردنی کۆمیتەی ئینشای پەکەکە (سەرلەنوێ ئاواکردنەوەی PKK) ناوی منت گرتە سەر زمانی خۆت و پرسیاری منت کرد، هەستم بەوەکرد کە گەورەترین خەڵاتت دامێ و هەست بەروومەتێکی مەزن دەکەم، بەردەوام ڕێنماییەکەی تۆ بۆ شۆڕشی باشوور کە وەک شۆڕشێکی ژن بەناوی دەکەن، لەمندا ورەو ئاراستەی تێکۆشانی دیاری کردووە، ئێستاش لەنێو ئەو بێ دەنگی و مردنەی کە لەباشووردا هەیەو دەمەوێ وەک ژنێکی باشوور کەمێکیش بێت قەرەبووی پاداشتی ڕەنج و چاکەکانی ئێوە بدەمەوە، زۆر شاد دەبم کەئەنجامێکی سەرکەوتوو بەدەست بێنم، لەدواییدا سڵاو و خۆشەویستی و حەسرەتی دیتنی خۆم ئاراستەی تۆی بێ هاوتا دەکەم، لەبیرتان نەچێ زۆرتان بیر دەکەین و زۆرتان بیردەکەین....
لەگەڵ سڵاو و ڕێز و حەسرەتمدا
#ڤیان جاف#
#28-01-2006#