بەرپرسێکی پێشووی ئەمنیی شاری #کەرکووک# وای مەزەندە دەکات نزیکەی 2000 چەکداری #داعش# لە سنووری پارێزگای کەرکووک مابن و دەڵێت ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن، هەر کاتێک بیانەوێ دەتوانن لەنێو کەرکووک چالاکی بکەن، چونکە هیچ ڕێگرێکیان لەبەردەمدا نییە.
سێ مانگ لەمەوبەر، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر چەکدارانی داعش ڕاگەیاند کە بۆ ماوەی سێ ساڵ، سێ پارێزگا و چەندین شار و شارۆچکەیان لەژێر کۆنترۆڵدا بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش بە سەتان چەکداری داعش لە دەوروبەری شار و شارۆچکەکان تەراتێن دەکەن. گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا نایشارێتەوە کە تاوەکو ئێستاش داعش شانەی نووستووی لەنێو شارەکاندا هەیە.
عەمید سەرحەد قادر کە تا پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای کەرکووک بوو و ئێستا کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دانراوە، لەبارەی جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک گوتی: جموجۆڵی داعش لە سنووری داقووق لە نزیک گوندی زەرگە و ناحیەی ڕەشاد زیادبوون. شەوانە دەچنە نێو خەڵک و بە ڕۆژیش دەچنەوە پەناگەکانیان. لە چەند شەوی ڕابردووشدا لە گوندەکانی ئەلبومحەممەد و غێدە هێرشیان کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان. لە نزیک ناحیەی ڕەشاد تاوەکو چیای حەمرین و وادی خەنازیر زیاتر لە 20 چەکداری حەشدی تورکمانیان کوشتووە و لە ناحیەکانی عەباسی و زابیش دەبینرێن و شەوانە هێرش دەکەن.
بە گوتەی سەرحەد قادر، لە سنووری ناحیەی ڕیاز و گوندەکانی مەدینە و خەربەت عەزیز داعش هەیە و لە هێرشێکدا عەقید فازڵ، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیس و کوڕێکی و چەند پاسەوانێکیشیان کوشتووە.
هەر لەوبارەوە عەقید کاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی دووز کە ئێستا بەرپرسی بنکەیەکی پۆلیسی کەرکووکە، بە (رووداو)ی گوت: لە سنووری ناحیەی ڕەشاد، حەویجە و ڕیاز، ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش هەن، هەروەها لە چەمەکانی ڕۆدخانە و کۆدەرە بە ئاشکرا دەبینرێن، بەڵام وەکو خاک هیچیان بەدەستەوە نییە و تەنیا کردەی کوشتن و تەقینەوە دژی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەکەن، شەوانەش دەچنە نێو گوندەکان بۆ کۆکردنەوەی خواردن و خواردنەوە.
لە حەویجە مەشق دەکەن
بە گوێرەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دەست سەرحەد قادر کەوتوون، ژمارەی چەکدارانی داعش لە سنووری حەویجە و دەوروبەری نزیکەی 2000 چەکدار دەبێت و ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن. هەروەها لەنێو شار و شارۆچکەکانیشدا شانەی نووستوویان هەیە و گرووپە توندئاژۆکانی وەکو نەقشبەندی و قاعیدە و ڕاشیدینیش هاوکارییان دەکەن.
عەقید کاوە مەلا پەروێز دەڵێت: لە کاتی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجەدا داعش هیچ بەرگرییەکی نەکرد، کۆنتڕۆڵکردنەوەکەش بە ڕێککەوتن بوو، بۆیە ئەو چەکدارانەی لەو سنوورە بوون، هەموویان ماون و نەکوژراون.
بورهان عاسی، ئەندامی لێژنەی ئەمنی لە پارێزگای کەرکووک پێشنیاز دەکات هێزە ئەمنییەکانی عێراق چیدی چاوەڕوان نەبن و دەست بە ئۆپەراسیۆن بکەن بۆ لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعش، چونکە وەک ئەو دەڵێت مەترسین بۆ سەر کەرکووک و سەلاحەدین.
بورهان عاسی بە (رووداو)ی ڕاگەیاند: چەکدارانی داعش لە هەندێک ناوچەی ڕۆژئاوای کەرکووک هەن و پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوان بۆ لەنێوبردنیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کەرکووک بکەن. داواش لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ناوچەکانی نێوان پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکووک لەو چەکدارانە پاک بکەنەوە.
بەڵام محەمەد وەگاع، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەڵێت داعش وەکو ڕێکخراوێکی دەسەڵاتدار لە ناوچەکە کۆتایی هاتووە. ئەویش نایشارێتەوە کە هێشتا شانەی نوستوویان هەیە لە ناوچەکە، بەڵام دەڵێت لەڕێگەی زانیاری هەواڵگرییەوە دەستگیریان دەکەین.
مەترسی گەڕانەوەی داعش
عەمید سەرحەد قادر، باس لە مەترسیی ئەو چەکدارانە دەکات و دەڵێت: مەترسیی گەڕانەوەیان هەیە، چونکە پێشتر ئەو خەڵکەی دەهاتنە کەرکووک لەلایەن ئاسایش و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرا و زانیارییان لەسەر کۆدەکرایەوە، پێشتر کەمپەکان لەژێر چاودێریدا بوون، بەڵام ئێستا چەکدارانی داعشی پارێزگاکانی دیکە و خەڵکێکی زۆریان ئێستا لە نێو کەرکووکن، پێشبینی دەکرێت لە هەرکاتێک کاژێری سفر دابنێن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.
بەڵام عەقید ڕوکن محەمەد وەگاع، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەڵێت چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەوا هیچ چالاکی و جووڵەیەکیان نییە، چونکە هێزە ئەمنییەکان گورزی پێشوەختەیان لێدەوەشێنن و بەردەوامیشن لەسەری، هەروەها ژمارەیەکی زۆری شانە نوستووەکانیشیان دەستگیر کردوون.
دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ سەر پێگەکانی داعش، لە 3ی ئەم مانگە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای نەینەوا و کەرکووک دەستگیرکردنی ژمارەیەک چەکداری داعشیان ڕاگەیاند، هەروەها لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و چەکدارانی لیوای 56ی سەر بە حەشدی شەعبی ژمارەیەک چەکداری داعیشان لە ناحیەی عەباسی سەر بە قەزای حەویجە کوشت، پێشتر چەکدارانی داعش لە نزیک گوندی توێریە ئۆتۆمبێلێکی سەر بە پۆلیسی فیدڕاڵییان کردبووە ئامانج، دواتر هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوویان بوونەوە و لە ئەنجامدا 4 چەکداری داعش کوژران.
رۆژی سێی ئەم مانگەش سەنتەری ڕاگەیاندنی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە هەڵمەتێکی ئەمنیدا لە ناوچەی بادوش لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ، هێزەکانی سەر بە بەرپەرچدانەوەی خێرا 17 چەکداری داعشیان دەستگیر کرد کە ژمارەیەکیان فەرماندەی ناسراو بوون و بەپێی مادەی 4ی تیرۆر داواکراون. پێشتر لە ناحیەی بادوش لە ڕۆژئاوای موسڵ حەوت چەکداری داعش خاڵێکی پشکنینی سەر بە فیرقەی 20ی سوپای عێراقیان کردبووە ئامانج و بەوهۆیەوە 4 سەرباز کوژران و 2ی دیکەش بریندار بوون.
دوایین پەلاماری داعش بۆ سەر هێزە عێراقییەکان ئێوارەی ڕۆژی 11/3/2018 بوو کە بە گوتەی عەمید سەرحەد قادر، ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کردووەتە سەر هێزێکی حەشدی شەعبی لە ناحیەی ڕەشاد، لەو هێرشەدا چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژراون.[1]
#13-03-2018#