حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەختیی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێدەگات و سوپاسی خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنیان دەکات. وێڕای سەختیی دۆخەکە، لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵیشدا ستەم لە هەرێمی کوردستان کرا، بەشە بودجە و ماف و شایستە داراییەکانی کەم کرانەوە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆی هەولێر بەغدا، لەسەر بڕیاری بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، بڕە پارەیەک هەر چەندە کەم بوو گەیشتە هەرێمی کوردستان.
وەک بەرلە جەژنی نەورۆز بڕیارمان دابوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر پاشەکەوتی مووچە ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ 25/3/2018 بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە و وەزیرە پەیوەندارەکان، کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا و تیایدا ئەم خاڵانەی خوارەوە پەسەند کران:
1- ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لەسەر ناردنی ئه و بڕە پارەیە کە 317 ملیار و 540 ملیۆن و 465 هەزار دیناره و بڕە پارەیەکی کەمە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەستکاری پاشەکەوتی مووچە دەکات بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بێت.
2- وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردرا لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی داهات خشتەی نوێی مووچه ئامادە بکات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت تاکو مووچەی داهاتوو به و خشتە نوێیە دابەش بکرێت.
3- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی داهاتەکانی ناوخۆ و نەوت و بڕە پارەی هاتووی بەغدا لەگەڵ هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە و چۆنیەتیی خەرجکردنی دەخاتە ڕوو.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
#25-03-2018#