وەزیری دارایی و ئابووری وردەکاریی سیستەمی نوێی مووچەی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، هەر مووچەیەک لە 400 هەزار دینار کەمتر بێت پاشەکەوت نایگرێتەوە، زۆرترین ڕێژەی پاشەکەوتیش 30% دەبێت، بەڵام شێوازە نوێیەکە وەزیر و پلەباڵاکان ناگرێتەوە.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە 28-3-2018 لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانیی نێچیرڤانی بارزانی، وردەکاریی سیستەمی نوێی مووچەی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند:
- ئێستا مانگانە 720 ملیار دینارمان داهاتمان هەیە.
- مانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینار خەرجیمان هەیە.
- مانگانە 588 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکەین.
- هەموو مانگێک مووچەیەک دابەشدەکرێت.
- دابەشکردنی مووچە بەپێی سیستەمی نوێ دەبێت.
- هەر مووچەیەک لە 100 هەزار بۆ 200 هەزار بێت، پێشتر 15%ی لێ پاشەکەوت دەکرا، ئێستا پاشەکەوت نەماوە و مووچەی تەواو وەردەگرێت.
- هەر مووچەیەک لە 200 هەزار بۆ 300 هەزار بێت، پێشتر 20%ی لێ پاشەکەوت دەکرا، ئێستا پاشەکەوت نەماوە و مووچەی تەواو وەردەگرێت.
- هەر مووچەیەک لە 300 هەزار بۆ 400 هەزار بێت، پێشتر 25%ی لێ پاشەکەوت دەکرا، ئێستا پاشەکەوت نەماوە و مووچەی تەواو وەردەگرێت. واتە هەر مووچەیەک لە 400 هەزار دینار کەمتربێت پاشەکەوت نایگرێتەوە.
- زۆرترین ڕێژەی پاشەکەوت 30% دەبێت، ئەویش بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیرەکان، دەنا مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزاریش لە 25% زیاتر نابێت.
- ئەگەر فەرمانبەرێک 840 هەزار مووچەکەی بێت، واتە لەنێوان 800 بۆ 900 هەزار، لە ڕابردوودا 50%ی لێ پاشەکەوتکراوە، بەڵام ئێستا بۆ 18% کەمکراوەتەوە، واتە هەموو مانگێک 688 هەزار دینار مووچە وەردەگرێت و، تەنیا 151 هەزاری لێبڕاوە.
- ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بێت، پێشتر 60%ی لێ پاشەکەوت دەکرا، بەڵام ئێستا کراوەتە 23%، واتە 37%ی بۆ دەخرێتەوە سەر و 503 هەزاری بۆ زیاد دەکرێت.
وەزیری دارایی لە قسەکانیدا بەڵێنیدا هەرکاتێک داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادیکرد، ئەوا پاشەکەوت بەیەکجاری هەڵدەگرن و مووچە وەکو خۆی لێدێتەوە. گوتیشی: هەرکاتێک داهاتمان بەرەوە باشی بڕوات، وەکو نێچیرڤان بارزانیش بەڵێنیدا هەوڵی یەکەممان دانەوەی قەرزی فەرمانبەران دەبێت.
وەزیری دارایی لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕاپۆرتیان بە بەغدا داوە لەبارەی چۆنییەتی خەرجکردنی ئەو پارەیەی ڕەوانەیان کردبوو.[1]
#28-03-2018#