بەپێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە مانگی ڕابردوودا، لە #هەولێر# 21 هەزار پاسپۆرت دەرهێندراوە، ئەنجامدانی گەشتیش بۆ دەرەوە بەڕێژەی 50% زیادی کردووە و ئێستا هەفتانە زیاتر لە 15 گەشت بۆ وڵاتانی تورکیا، لوبنان، میسر، ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕێکدەخرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە وەرزی گەشتی هاوینەدا، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات گەشت دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرت بەرۆژانێکی پڕکاردا تێدەپەڕن، دوو شیفت دەوام و ڕاپەڕاندنی کارەکان لە ڕۆژانی شەممەش نەیتوانیوە لەو قەرەباڵخییە کەمبکاتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە مانگی ڕابردوودا، لە هەولێر 21 هەزار پاسپۆرت دەرهێندراوە.
ئەو جوڵەیە، بازاڕی کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکانیشی گەرمتر کردووە. بەگوتەی خاوەنی یەکێک لەو کۆمپانیایانە، گەشتەکانیان بەڕێژەی 50% زیادی کردووە و ئێستا هەفتانە زیاتر لە 15 گەشت بۆ وڵاتانی تورکیا، لوبنان، میسر، ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕێکدەخەن کە تورکیا بە هەفتانە نزیکەی 10 گەشت، پشکی شێری بەردەکەوێت.
رێدار محەممەد، خاوەن کۆمپانیای گەشتیاری لە هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند: خۆی لە کاتی پشوو خەڵک زیاتر گەشت دەکات و ئەو کاتە بۆ گەشتکردنی هەڵدەبژێرێت و ئەمەش وادەکات ڕێژەی گەشتەکان بۆ زیاتر لە 50% بەرز ببێتەوە.
خاوەن کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار پێیانوایە دۆخی ئابووری زۆر کاریگەری ناکاتە سەر ڕێژەی گەشتەکانیان، بەتایبەت لە وەرزی گەشتی هاوینەدا.
شێرزاد ئیبراهیم.. خاوەن کۆمپانیای گەشتیاری لە هەولێر بە ڕووداوی ڕاگەیاند: من پێموانییە دۆخی ئابووری زۆر کاریگەری لەسەر گەشتیار هەبووبێت، ئێمە ساڵانە لەم وەرزەدا بەردەوام گەشتیاری خۆمان هەبووەو بەتایبەت لەم ساڵدا زیاتر بەرز بووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە وەرزی گەشتی هاوینەدا، زیاتر لە 50 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات گەشت دەکەن. نزیکەی 12 هەزاریان لەڕێگەی گرووپە گەشتیارییەکانەوە سەفەر دەکەن.
نەکرانەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی #سلێمانی#دا، دۆخێکی سەختی بۆ گەشتیارانی سلێمانی دروستکردووە. هاونیشتمانییەکی خەڵکی سلێمانی بە گەشتی خێزانی بەنیازە بچێتە تورکیا، سەرەڕای دواکەوتنی گەشتەکەی بۆ دوو کاژێر، ڕێگەی هەولێر-سلێمانیش زیاتر بێزاری کردووە.
نەوزاد ئەمین، فەرمانبەر و دانیشتووی سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند: ئەگەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بکرێتەوە ئێمە ناچار نابین بێینە هەولێر، کولفەیەکی زۆریشمان لەسەر دەکەوێت و خەتەری ڕێگەش زۆرە، ئەو هەموو تەنکەرە لەو جادەیا بەڕاستی مەترسی بوون.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 کۆمپانیای گەشتیاری هەن، بەشێوەی مامناوەند تێچووی هەر تاکێک کە لە ڕێگەی گرووپە گەشتییارییەکانەوە سەفەر دەکات نزیکەی هەزار دۆلارە، واتە ساڵانە نزیکەی 10 ملێون دۆلار سەرمایە تەنیا لە ڕێگەی پاکێجە گەشتییارییەکانەوە دەچێتە دەرەوی وڵات. ئەوە جگە لەو پارەیەی نزیکەی 40 هەزار گەشتیار لە گەشتە تاک و خێزانییەکانیاندا دەیبەنە دەرەوە.[1]
#03-08-2018#