پەندی پێشینان
هەوێنی هەڵبەستی شاعیران
نموونەی ئەم کارە لە ئەدەبی دراوسێکانماندا هەیە
وەک (امثال وحکم) ی دییە خودا و (مثلها و حکمتها) ڕحیم عەفیفی
لە فارسیدا
یا لە زمانی عەرەبیدا (مجمع الامثال) ی مەیدانی
بەڵام لە کوردیدا پەرتووکێکی وامان وە بەرچاو نەکەوتووە.
پەندی: (پاش باران کەپەنک)
پیرە مێرد:
ئەمڕۆ پێویستە تۆ بە دۆست دەرچی
کە باران نەما کەپەنک بۆ چی؟
مەلا غەفور:
کەی پاش بارانێ کەپەنک دابە؟
نۆشداروو لە پاش مەرگی سوهرابە
سۆران:
لە کاتی خۆیدا کارت بنوێنە
حەیفە و داخەکەم بایەخی نییە
سۆران! ئەگەر کار لەکار ترازا
لە پاش باران کەپەنک چییە؟
ئاوات:
هات بەهار ئەمما لە پاش بارانێ بۆ چیمە کەپەنک؟
یا لە پاش مردن چ سوودێکی هەیە ئاوی بەقا؟
حاجی قادری کۆیی:
عەجەبا بۆ چی ئەهلی موڵکی عێراق
ئیتتیفاقی بەدەل دەکەن بە نیفاق؟
بۆ ئەمیرانی غەیرە دەبنە گزیر
نەک لە خۆیان یەکێک بێتە ئەمیر
ئێستەکەش فرسەتە گەلی یاران
کەپەنک بۆ چییە لە پاش باران؟
زریان:
هەرچیت لەدەست چو نەکەیت بۆی بگریت
ئاخ و داخ کەیت و ماتەمی بگریت
ئەو ئاخ و داخ و شین و گریانە
وەکو فەرەجی لە دوای بارانە!
پەندی: (عومری سەگی هار چل شەوە.)
پیرە مێرد:
سەگی هار چلەی تەواو بوو ئەمرێ
هەرچی تووشی هات بۆیە ئەیگرێ
مەلا غەفور:
ئەی خوێن مژی گەل! تازووە بمرە
دەڵێن سەگی هار چل شەوی عەمرە
سەلام:
ئەو نە و غەزالە لە دەستم دەرچوو
چی ئەوێ لەمن ڕەفیقی بەدخوو؟
بەسیەتی بیکا تەلیسم و جادوو
بێ کەڵکە لەلام مڕە و حایوحوو
چل شەوی عەمرە ئەڵێن سەگی هار
هەژار:
حەزیای خوێن مژی هەژاران
بە گەل دەکەین بەردەباران
ڕێ نادەین خەونیش ببینێ
کە زل بوو لەسەر زەمینێ
لێی حەرام دەکەین ئەو خەوە
عەمری سەگی هار چل شەوە
هەژار:
خوێن بمژە پێستم لە دار هەڵێنە
لەسەر من ئێستا هێزت بنوێنە
جەمی دواڕۆژی تۆشە و ئیستیعمار
چل شەوە مەودای ژینی سەگی هار
زریان:
کاری زۆر جوانە خودای پەروەردگار
دایناوە چل شەو عەمری سەگی هار
پەندی: (تێر ئاگای لە برسی نییە)
پیرە مێرد:
پیاوی تێر ئاگای لەبرسی نییە
بە ماڵ ئەخوڕێ، هیچ ترسی نیە
مەلا غەفور:
ئەگەر قسەی حەق لە من دەپرسی
تێرئاگای نییە هەرگیز لە برسی
سۆران:
دنیا نەفسی نەفسییە
کەس غەمی کەسی نییە
عەجەب غەوغایە سۆران
تێر گوێی لە برسی نییە
حەمدی:
بە گوێی هەمڕازی تۆدا ئاشنا نابێ فوغانی من
لە برسی قەت نەپرسی ئەو کەسەی تێری تەماعاتە
موفتی:
بەشەر موحتاجی بەرگ و چێشت و نانە
نەفس حوکمی بەسەرمانا ڕەوانە
چ تەگبیرێ ئەکەی فەرمو بزانە
چییە دەرمانی ئەم دەردە گرانە
خولاسە گەر قسەی ڕاستی ئەپرسی
ئەوەی خۆی تێرە ناپرسێ لە برسی
موفتی:
ئیتر ئەوانەی وان لەسەر کورسی
تێرن ناپرسن لە حاڵی برسی
زریان:
هەر دەوڵەمەندێ لە خوا نەترسێ
چلۆن ئەحواڵی برسی ئەپرسێ؟
پەندی: (دەستی ماندو لەسەر زگی تێرە)
پیرە مێرد:
بە کردە و کۆشی تێکۆشە وەک شێر
دەستی ماندووە لەسەر زگی تێر
پیرەمێرد:
مەعاشی بەلاش بێ پیتە و بێ خێر
دەستی ماندووە لەسەر زگی تێر
مەلا غەفور:
سەرباری خەڵکە تەمبەڵی بێ خێر
دەستی ماندووە لەسەر زگی تێر
سۆران:
بە لەونی خاوێن بۆ ژین تێکۆشە
عارەق بڕێژە کەوسەر بنۆشە
بە وێنەی سۆران تا ژین نەبووە دێر
دەست ماندو دانێ لەسەر زگی تێر
ئاوات:
لەسەر زگ چۆنی دانێم دەستی ماندوو
زگی تێرم نییە برسیم هەموو دەم
حاجی قادر:
تەمبەڵی کاری حیز و بێ خێرە
دەستی ماندوو لەسەر زگی تێرە
حەقیقی:
ڕۆڵە خۆ کۆکەوە پایزە و گژەگژ
تا پەیا نەبووە پروشە و تەم و مژ
دەستی ماندو سەبەبە بۆ سکی تێر
زۆر بووە شەڕ بووەتە مایەی خێر
زریان:
هەرگیز لەکارت مەبە توڕە و پەست
سکت تێرنابێت ماندو نەبێ دەست
پەندی: (دەنگی دەهۆڵ لە دور خۆشە)
مەلا غەفور:
بێتامە گەلێ شتی سپی و سۆڵ
هەر لە دور خۆشە ئاوازی دەهۆڵ
سۆران:
هەتا لەکارێ ورد نەبیتەوە
خۆزگە مەخوازە هەرگیز بەو بەشە
سۆران هەر لۆتی زۆر چاک دەزانێ
کە دەنگی دەهۆڵ لە دوور چەند خۆشە
ئەدەب:
گوتم با کەم بناڵێنم نەڵێم دەردم بەکەس چاکە
گوتی ناڵینی جارجارت لە دور بێ وەک جەرەس چاکە
سەلام:
نزیک مەبنەوە لە تەپڵ و لەدەف
هەر لە دور خۆشە ئاوازی دەهۆڵ
قانع:
ئەی ڕۆڵە ئەدەب نرخی نییە مەیکە بە پیشە
لەحنەت لە شیعر یا لە هونەر کەی ئەمە ئیشە؟
ئاوازی دەهۆڵ دەنگی لە دور خۆشە کە نیشە
ڕۆژگار لەگەڵت نایە زەماوەندی کەریشە
قانع بە بەبەدبەختی وکوو دەستەیی یاران
زریان:
دەزانێ ئەوەی خاوەنی عەقڵ و هۆشە
دەنگی دەهۆڵ تەنیا لە دورۆ خۆشە
پەندی: (گڵۆڵەم کەوتە لێژێ کەس خاسیەتم نابێژێ)
مەلا غەفور:
ئەگەر گڵۆڵەی تۆ کەوتە لێژێ
بە تەما مەبە کەس چاکەت بێژێ
بێکەس:
وا گڵۆڵەی کەوتە لێژی باوی ئیستیعمار نەما
هیچ کەسێ ئیتر بە زوڕناو تەپڵی ئەو هەڵناپەڕێ
ئەحمەد موختار جاف:
ئەی خودا تاکەی لە دەرحەق من وەفا و مەیلی نیە؟
بۆچ گڵۆڵەی بەختی من هەر ڕوو لە جێگەی لێژ ئەکا؟
چرۆستانی:
ئەگەر کێوی دەبێ بتوێیتەوە نۆرەی نەهاتت دێ
گڵۆڵەت کەوتە لێژی مان و ژینت مردن و ژانە
ئاوات:
ئەمڕۆ گڵۆڵەی من کەوتۆتە سەرە و لێژی
هیچ کەس نییە خاس بێژێ تا خۆم کەمە قوربانی
زریان:
بێ وەفا چەندە بۆی چاکبیت وەک براو باوک و ڕۆڵەت
ئەوەندە چاکەت دەبێژێ کەوتە لێژی گڵۆڵەت!