لە وەڵامدانەوەی نووسراوی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 246 لە 22/1/2018، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە هاوپێچی نووسراوێک بە ژمارە 3472 لە 19/7/2018، بەیاننامەی دارایی ساڵی 2016 و 2017 ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، لەگەڵ وێنەیەکی نووسراوی #وەزارەتی دارایی# و ئابووری بەژمارە 6997 لە 10/7/2018.
بەیاننامەی دارایی ساڵی 2016 سەرجەم چالاکییە داراییەکانی ئەمساڵ لەخۆدەگرێت، کە لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی دامەزراوە حکوومییەکان وەرگیراوە لە #01-01-2016# تاکو 31/12/2016 و بەیاننامەکە بە چەند خشتەیەکی هاوپێچ، جۆری هەموو داهات و خەرجییەکانی حکوومەت لە ساڵی 2016 دەخاتەڕوو.
بەیاننامەی دارایی 2017 سەرجەم ئەو چالاکییە داراییانەی ساڵی 2017 دەخاتەڕوو، کە لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە وەرگیراوە تا 31/12/2017 بۆ خەرجی و داهات و لە چەند خشتەیەکی هاوپێچدا جۆری ئەو داهاتانەی کە وەرگیراوەو بووەتە سەرچاوەی تەمویلی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێم، لەگەڵ خشتەی چۆنیەتی ئەو خەرجییانەی کە ئەنجامدراوە بۆ ساڵی دارایی 2017 بە شێوەی ڕێژەیی کە لە 10 خشتەی جیاواز خراونەتەڕوو.
لەم بارەیەوە دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەردوو بایەننامەی دارایی ئاڕاستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کردووە بۆ کاری پێویست.
بەیاننامەی دارایی (بيان مالی) بریتییە لە ڕاپۆرتێک، کە سەرجەم چالاکییە داراییەکانی حکومەت لە ڕووی داهات و خەرجی لەماوەی ساڵێک لەخۆدەگرێت، لە ساڵی 2015 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بەیاننامەی دارایی ئاڕاستەی پەرلەمان کردبوو، لە ئێستاشدا بۆ ساڵی 2016 و 2017 ئاڕاستەی پەرلەمانی کردووە.
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بەهۆی قەیرانی دارایی بودجەی ئامادەنەکرد، لە شوێنی پڕۆژەیاسای بودجە، بەیاننامەی دارایی ئاڕاستەی پەرلەمان کرد لە کۆتایی ساڵدا.
بەیاننامەی دارایی پەرلەمان مافی گفتوگۆی لەسەر نییە، بەڵکو تەنها ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندارەکان دەکرێت و وەک عورفی پەرلەمانیش لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەخوێندرێتەوە.[1]
#16-08-2018#