دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
ساڵانە بەهەزاران تەن لەباشترین جۆری هەنار لەسنوری پارێزگای #هەڵەبجە# بەرهەمدەهێنرێت، بەوتەی جوتیاران و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئەمساڵ چاوەڕوانی بەرهەمێکی زیاترن لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە.
هەناری هەڵەبجە لە چەند جۆرێکی جیاواز پێکدێ و ساڵانە لەڕووبەری هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی زیاتر لە 20 هەزار تەن باشترین جۆری هەنار بەرهەمدەهێنرێت، بەشێکی زۆری ئەم هەنارە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرێتەوە و بەشێکی دیکەشی دەکرێتە ڕووبەهەنار و شەربەتی هەنار، هاوکات سود لە ناوک و توێکڵی هەناریش وەردەگیرێت بۆ ئالیکی ئاژەڵ.
جۆرەکانی هەناری هەڵەبجە کامانەن؟
ئازاد محەمەد، یەکێک لە جوتیارە نمونەییەکانی هەڵەبجە لەبارەی جۆرەکانی هەنارەوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند هەناری هەڵەبجە ئەم جۆرانە لە خۆدەگرێت (ساڵەخانی، لاڕەشە، خۆفرۆشی، کەوە، بەلەسی، شیرنی ناوسپی، مێ خۆش) بەڵام لەناو هەموو ئەو جۆرانەدا ساڵەخانی خواستێکی زۆی لەسەرە، چونکە لەڕووی تامەوە تامێکی نەشیرین و نەترشی هەیە، هەروەها ڕەنگی دەنکە هەنارەکەشی زۆر جوانە، بۆ ئەمساڵیش لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا هەناری هەڵەبجە پێدەگات و دەکەوێتە بازاڕەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شارەزایی جوتیار لەبەرهەمهێنانی زۆرترین و باشترین هەنار ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت، بەجۆرێک هەندێک لە جوتیاران وافێرکراون کە دەبێت باڵای دار هەنارەکان بەرز بێت و ئاوی زۆریش بدرێن بۆ ئەوەی بەرهەمێکی زۆریان بداتێ، بەڵام ئەمە زۆر هەڵەیە، چونکە هەتا هەنار باڵای بەرز بێت، زیاتر تیشکی خۆر کاریگەری تێدەکات ئەو کاتە ئەگەر بڕێکی زۆر هەناریش بگرێت، هەنارێکی ناوک وشک دەردەچێ و وەک ئەو هەنارە نییە کە پەل و پۆکانی بۆ خوارەوە شۆڕ بوەتەوە و کەمترین تیشکی خۆر لێی دەدات و بڕێکی کەمتر ئاویان دراوە.
ساڵانە لەکۆتایی مانگی ئەیلول و سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم خاوەن باخەکانی هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجەش ساڵانە ڕووبەری هەشت هەزار و 500 دۆنم زەوی بە هەنار دەچێنرێت لەو ڕووبەرەش ساڵانە زیاد لە 20 هەزار تەن لەباشترین جۆری هەنار بەرهەمدەهێنرێت و ساڵانەش لەکاتی پێگەیشتنی هەناردا لەپارێزگای هەڵەبجە فێستیڤاڵی هەنار سازدەکرێت.
داوا لە حکومەت دەکرێت بازاڕێکی دەرەکی بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی هەنار بدۆزێتەوە
ئازاد محەمەد، کە خاوەنی دەیان بڕوانامەی ڕێزلێنانە لەبواری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی هەنار لە دواڕۆژەوە داوا لە حکومەت دەکات بۆ ئەمساڵ پلانی هەبێت بازاڕێکی دەرەکی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەناری هەڵەبجەی تیادا ساغ بکاتەوە، چونکە هەناری هەڵەبجە و #شارەزوور# لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە و بەهۆی ئەوەی هەموو هەناری ناوچەکەش لە یەک کاتدا پێدەگات، ئەمە وادەکات لە بازاڕی ناوخۆدا نرخێکی کەم بکات و خاوەن باخەکان تەنها ڕەنج و ماندوو بونیان بۆ بمێنێتەوە، بۆیە لە ساڵی 2013 هەناری هەڵەبجە لە پیشانگەیەکدا نمایشکرا لە بریتانا لەناو 96 وڵات هەناری هەڵەبجە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
تائێستا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە هیچ سارد خانەیەکی لێ نییە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی جوتیاران
ستار مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، بەخۆشحاڵییەوە ناوچەکەمان ساڵانە خاوەنی باشترین جۆری هەنارە و زۆرترین بڕی هەناریشی تیادا بەرهەمدەهێنرێت، هەر ئەمەش وایکردووە هەناری هەڵەبجە ناوبانگی خۆی لەدەست نەدات، بەڵام ئەوەی بووەتە گرفت لەبەردەم جوتیارانی ناوچەکە ئەوەیە کە هەناری ناوچەکە هەمووی پێکەوە و لە یەک کاتدا پێدەگات، بۆ ئەوەش پێویستە سارد خانەیەک هەبێت بۆ ئەوەی بەشێکی ئەو هەنارە هەڵبگیرێت و بەگوێرەی پێویست بخرێتە بازاڕاوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە ئەو سارد خانەیە دروستبکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاراندا ئێمە ئەوەی لە توانا و دەستەڵاتماندا هەبووبێت بۆ کارئاسانی جوتیاران ئەنجاممان داوە و بۆ ئەمساڵیش بەهەمان شێوە کار ئاسانییان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین بڕی هەنار لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە، چونکە هەڵەبجە تاکە ناوچەیە کە لەهەرێمی کوردستان خاوەنی زۆرترین ڕووبەری باخی هەنار و بەرهەمی هەنار بێت.
ساڵانە لەبەرهەمی هەنار بە دەیان تەن ڕووبەهەنار لە هەڵەبجە بەرهەمدەهێنرێت.
فایەق عەلی، یەکێک لە جوتیارانی هەڵەبجە و شارەزا لە بەرهەمهێنانی ڕووبەهەنار بە دواڕۆژی ڕاگەیاند مەرج نییە هەموو ئەو هەنارەی بەرهەمدێت هەمووی بخرێتە بازاڕەوە بفرۆشرێت، بەڵکو دەکرێت بەشێوەی جیاواز سودی لێوەربگیرێت بەتایبەت ئەو هەنارانەی کە بازاڕیی نین و کوالیتیان باش نییە، ئێمە ساڵانە کۆیان دەکەینەوە و دەیان تەکێنین و دواتر دەنکە هەنارەکان دەهاڕین و ئاوەکەی دەپاڵێوین و پاشان لەسەر ئاگر دایدەنێین بۆ ئەوەی خەست ببێتەوە و دواجار ببێتە ڕووبەهەنار.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە بە دەیان تەن لەباشترین جۆری ڕووبەهەنار لەم سنورەی ئێمە بەرهەمدەهێنرێت و بەشێکی زۆریشی ڕەوانەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان دەکەین، چونکە هەنار و ڕووبەهەناری هەڵەبجە ناوبانگی خۆی هەیە، هەروەها سودیش لە توێکڵ و ناوکی هەنار وەردەگرین لە دروستکردنی ئالیکی ئاژەڵ.[1]
#05-09-2018#