نووسینی: #محەمەد هەریری# توێژەر لە فکری ئیسلامی
نەخشەسازی بەرگ و تێکستەکان: هادی هونەر
ساڵی چاپی یەکەمی ئیلکترۆنی سێپتەمبەری 2018
من لە نووسینی ئەو پەرتووکە بیرم لە وشەی گەندەڵستان و گەندەڵی دەکردەوە! چونکە دڵنیام وشەیەک نییە بەوردی وەسفی حاڵەتی خراپی بارودۆخی کوردستان بکات. بەر لە ماوەیەک لەگەڵ شاعیری مەزنی کورد #عەبدوڵڵا پەشێو# بە تەلەفۆن قسەمان دەکرد، یەک دوو جار وشەی گەندەڵی دەسەڵاتم بەکار هێنا. پەشێوی مەزن وتی کاک محەمەد: غەرەتە ئەو دەسەڵاتە بەناو کوردییە وەسف بکرێت بە گەندەڵ، چونکە وشەی گەندەڵ زۆر بچووکە بۆ وەسفی، هەقی خۆی ناداتێ! دەبێت وشەیەکی تری بۆ بدۆزرێتەوە گوزارش لەو هەموو نەگریسیەی بکات کە تیایدایە، تا ئێستا لە قاموسی کوردی وشەیەکی لەو جۆرەم نەدۆزیتەوە بۆی بەکاری بێنین. ئەو دەسەڵاتە پێشڕەوی کوردی کرد بەرەو پەرتەوازەیی و تاڵانی و هەڕاجکردنی نیشتمان و دواکەوتوویی و دووبەرەکی و هەستی بێ ئینتیمایی و دەیان کارەساتی تر.
گەندەڵی نەک مایەی شەرمەزاری نییە لەو جەنگڵستانەی گەندەڵیدا، وبەڵکوو بە دانپێداهێنانی سەرۆکەکانمان بووەتە کلتور و فۆلکلۆر! کوڕ ئەو کوڕەیە تا بۆی بکرێت هەلەکان بقۆزێتەوە وتا دەتوانێت پارە ومولکی گەندەڵی بۆ خۆی گڵداتەوە... نەک گەندەڵی ڕێگە پێدراوە لە سایەی ئەو کلتورە گەندەڵەدا، بەڵکوو فایلداری بەعسیش بە هەر ئاساییە، مادام مل کەچ وپەیوەستی بە حزبایەتی وسەرۆکایەتی حزبەکەت..!
گەندەڵی کوردی تام و بۆنێکی تایبەتیی هەیە لە هیچ گەندەڵیتری وڵاتان ناچێت. گەندەڵی کوردی زۆر بێ ئیحساستر و بۆگەنتر ودەبەنگترە، بەڕادەیەک مرۆڤ تووشی خەمۆکی و شیزۆفرێنیا دەکات، تووشی شێتبوون دەکات، منداڵەکانی دوێنێی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، بە ملیاردەها دۆلاریان لە دەستە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەو نەوتەی کوردستان شەو و ڕۆژ بەتاڵان دەبردرێت، کەچی هێندە بێ شعور و چڵێس و بێ عەقڵن گەندەڵەکانی کوردستان، هەتا مووچەی پێشمەرگەش و کارمەندەکانیش بەجوانی نادەن! گەندەڵی کوردی هێندە پیسە خودی باسکردنیشی گەندەڵ بووە!