تا چرای ئێمە نەسووتێ، ئێوە هەرگیز ڕووناکی نابینن بە چاوی خۆتان.
تا ئێمە کۆیلە و دیل بین، هەر کۆت و نیر، تۆق و زەنجیر دەکەین بۆتان!
قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر!
گەر بشمرین، تەنیا دیلی دەدۆڕێنین چ هەیە لە دیلی تاڵتر؟
گەر بشمرین هەر سەرکەوتووین، کوا لە کۆیلەی شەهید زاڵتر؟
قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش، لێ ناگەڕیێن نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگەڕیێن گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.
گەر هیچ نەبێ، دەبینە خاڵۆزەی بێستان،
زیوانی ناو دەغڵ و دانتان.
دەبینە لم، دەچینە ناو پارووی نانتان،
دەبینە مار، پەپکە دەخۆین لە ناو نوێنتان.
دەبین بە شێرپەنجە و میکرۆب، گەرا دەخەین لە ناو خوێنتان.
دەبین بە کێچ دەکەوینە کەوڵ و مووتان.
وەکوو مێروو زاوزێ دەکەین، لە ناو کاژەڵەی مردووتان.
دەبینە کوان، هەر دەمەو لە جێیەک دەردیێن.
دەبینە ژان، لە سەد لاوە تێتان وەردێین.
دەبین بە زێرووی هەزارپێ، دەم گیر دەکەین لە گەرووتان،
دەبین بە تامیسکەی سەر لێو سیچکەسڵاوەی سەر پێڵووتان.
قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بە سەر!
دوای مردنیش، لێ ناگەڕیێن نیشتمانمان بکەن بە ماڵ.
لێ ناگەڕیێن گۆشتمان بخۆن وەک قەل و داڵ.
شایی بکەن، دەیکەین بە شین
پرسە دانێن، کاستان دەکەین بە پێکەنین!
دەبینە لەکەی زمان و تانەی سەر چاو،
دەبینە مووی ناو خۆراک و خڵتەی ناو ئاو!
تا چرای ئێمە نەسووتێ، ئێوە هەرگیز ڕووناکایی نابینن بە چاوی خۆتان.
تا ئێمە دیل و کۆیلە بین، هەر کۆت و نیر، تۆق و زەنجیر دەکەین بۆتان!
#عەبدوڵڵا پەشێو#